"لە ترسی کۆمەڵگە ژنان پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ١١٩ ناکەن"

توندوتیژیەکان بەرامبەر بە ژنان ڕوو لە زیاد بوونە و هێڵی گەرمی ١١٩ بە بەردەوامی کار دەکات بۆ ئەوەی بە هانای هەر تاکێکەوە بڕوات کە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، کارمەندێکی ئەو ‌هێڵەش دەڵێت: زۆر جار لەبەر ترس پەیوەندیمان پێوە ناکرێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان لە زۆربەی کۆمەڵگە داخراوەکاندا بەردەوامە، ئەمەش بەهۆی زاڵبوونی ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالارییەیە کە ڕەوایەتی بە پیاوان داوە توندوتیژی بەرامبەر ژن بکەن، لە زۆربەی وڵاتاندا هێڵێکی پەیوەندی فریاکەوتن بۆ بە هاناوەچوونی ژنانی توندوتیژیلێکراو دانراوە، لە هەرێمی کوردستانیشدا هێڵی گەرمی ١١٩، کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە دامەزراوە، کار دەکات، بەڵام بەشێک لە ژنان لەبەر ترس ناتوانن پەیوەندی بەم هێڵەوە بکەن، بەشێکی زۆری تاکەکانیش ئاشنا نین بەم هێڵە.

 

هەر کەسێک پەیوەندی بە هێڵی ١١٩ەوە بکات لە ڕووی دەروونییەوە ئامۆژگاری دەکرێت و ئەگەر پێویست بکات کۆبوونەوەی خێزانیان پێ دەکرێت تا کێشەکەیان چارەسەر بکەن، بەڵام ئەگەر حاڵەتەکە لەناکاو بوو هێڵی ١١٩ پەیوەندی بە هێڵی ١٠٤ی ئاسایش دەکات، هەر کەسێکیش هەڕەشەی کوشتنی لەسەر بێت و پەیوەندی بە ١١٩ەوە بکات، تا چارەسەرکردنی کێشەکەی نابێت بە هیچ شێوەیەک لەو شوێنەدا بمێنیتەوە، کە توندوتیژیەکەی تیادا دەکرێت.

 

"ئەوەی پەیوەندی بە ١١٩ەوە دەکات هاوکاریی پێویستی دەکرێت"

ڕازاو عەلی، کارمەند لە هێڵی گەرمی ١١٩ ئاماژەی بەوەکرد، ١١٩ هێڵی گەرمی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانە لە سلێمانی و هێڵێکی ٢٤ کاتژمێرییە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا، خزمەتگوزاری یاسایی و دەروونی و کۆمەڵایەتی پێشکەش دەکات، هەموو تاکەکانی خێزان دەتوانن لێی سوودمەند بن، ئەو کەسەی پەیوەندی بە ئێمەوە دەکات ئەگەر بێت و لە کێشەیەکدا بێت ئێمە لەگەڵ کارمەندانی ١١٩ کۆدەبینەوە و بە هاوکاری ١٠٤ دەتوانن مەفرەزە بنێرنە ئەو شوێنەی کە توندوتیژیەکەی لێ دەکرێت، وە ئەگەر کەسەکە بیەوێ سکاڵا تۆمار بکات ناونیشان و زانیارییەکانی پێ دەدەین، ئەوەی پێویستی پێی بێت و کارەکەی بۆ ئاسان بکات.

 

"توندوتیژییەکان ڕوو لە زیادبوونە"

ڕازاو عەلی ڕوونی کردەوە، ئەوەی پەیوەندی بە هێڵی ١١٩ دەکات دەتوانێت ناوی خوازراو بەکاربهێنێت لەبەر دڵنیابوون لە سەلامەتی خۆی، هەرچەندە هەموو زیانیارییەکان لای ئێمە پارێزراوە، ئەو زانیاریانەشی وەریدەگرین لەو کەسەی پەیوەندیمان پێوە دەکات ناو و شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی و ئەو کەسەی توندوتیژی بەرامبەر کردووە لەگەڵ ژمارە تەلەفونەکەی، هەرچەندە توندوتیژییەکان ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە، بەڵام ئەم هێڵە و بەڕێوبەرایەتییەکەمان کار دەکەن لەپێناو کەمکردنەوەی توندوتیژی و ئامارەکانی توندوتیژی.

 

وتیشی: هۆکاری سەرەکی زیادبوونی توندوتیژیەکان دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری تاکەکان لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دایک و باوکان ئاگایان لە منداڵەکانیان نییە چۆن تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنن و لە هەرێمی کوردستانیش هیچ ڕێکارێکی باش بەکارهێنانی نییە، هەردوو ڕەگەز پەیوەندی بە هێڵی ١١٩ەوە دەکەن، بەڵام بەداخەوە ڕێژەی زۆریان ژنانن، چونکە لە کۆمەڵگەی ئێـمەدا زیاتر ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.

 

"بەشێک لە تاکەکان لەبەر ترس پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ١١٩ەوە ناکەن"

ڕازو عەلی ئەوەشی خستەڕوو، بەشێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە دەترسن لەوەی پەیوەندی بە هێڵی ١١٩ەوە بکەن، چونکە ئەگەر خێزانەکەیان بزانن ناهێڵن ئەو پەیوەندییە بکات، یان ئەگەر دواتر بەو پەیوەندییە بزانن قبوڵی ناکەن و لە ڕووداوەکانی پشت ئەو پەیوەندیکردنە دەترسن یان لەو کەسەی توندوتیژیەکەی بەرامبەر کردوون، کە پێی وتوون ئەگەر پەیوەندی بەهەر کەسێکەوە بکەی دەتکوژم، زۆر جار بەو شێوەیەش نییە کە تاکەکان بیری لێ دەکەنەوە و کاتێک سەردانی ئێمە دەکەن و قسەیان لەگەڵ دەکەین و کێشەکەیان بۆ چارەسەر دەکەین، ترسەکەیان کەمتر دەبێتەوە.

 

دەشڵێت: هەر کەسێک پەیوەندی بە هێڵی ١١٩ەوە بکات دوای گوێگرتن لە کێشەکەی هەر ڕاویژێکی دەروونی و یاسای و کۆمەڵایەتی ویست ئێمە ڕاوێژی لەگەڵ دەکەین، بەڵام دواجار بڕیار دەدەینە دەستی خۆی و ئێمە لە سەنتەری ڕاوێژکاری دژی ژنان و خێزان توێژەر و لیژنەی ئاشتەوایی و کۆمەڵایەتیمان هەیە و لەلایەن ئەو لیژنانەوە کێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکەین.

 

"هێڵی ١١٩ بە پێی پێویست لای تاکەکان ئاشنا نییە"

ڕازاو عەلی جەختی کردەوە، هێڵی ١١٩ لە ساڵی ٢٠١٨ەوە دامەزراوە، هەرچەندە هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ ناساندنی و کەم کردنەوەی ئامارەکانی توندوتیژی، بە تایبەتی لە دوو هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا لە قوتابخانەکان سیمیناری زۆر ئەنجام دەدەین و جگە لەوەش ڕۆژانە هۆشیاری بڵاودەکەینەوە، بەڵام بەپێی پێویست ئاشنا نییە لەناو تاکەکانی کۆمەڵگەدا، وە دڵنیایی دەدەین بە هاوڵاتیان ئەوەی پەیوەندی بە ١١٩ەوە دەکات تەواو دڵنیا بێت، چونکە هەموو نهێنیەک پارێزراوە لای ئێمە.

 

پەپولە عەبدوڵا، توێژەری کۆمەڵایەتی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سلێمانی باسی لە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان کرد کە چەندین ژووری هەیە، هەریەکەیان تایبەتە بە کەیسێک لەو کەیسانەی ڕوو لەو بەڕێوبەرایەتییە دەکات، لە ژووری پێشوازی کەیسەکان وەردەگیرێت و دابەش دەکرێن بەسەر ژوورەکاندا، لە ژووری کۆمەڵایەتی لیژنەی دەرووناس، کۆمەڵناس و یاساناس هەیە و چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ کەسانی خاوەن کێشە دەکەن.

 

هەروەها ژووری کارگێڕی هەیە کە ساڵانە ئامارەکانی توندوتیژی کۆدەکاتەوە و تۆماریان دەکات، ژووری هێڵی گەرمی ١١٩ هەیە کە ٢٤ کاتژمێر بەبێ بەرامبەر جوابی کەسانی خاوەن کێشە دەداتەوە، ژووری خزمەتگوزاری یاسای هەیە، کە تیایدا پارێزەری خۆبەش دابین دەکرێت بۆ خاوەن کێشەکان و وەڵامی هەر پرسیارێکی یاسای دەدرێتەوە، ژووری خزمەتگوزاری دەروونیش یارمەتی کەسانی خاوەن کێشە دەدات حاڵەتەکەیان زووتر تێبپەڕێنن و بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگە، ژووری خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتیش هەیە کە بە جیا قسە لەگەڵ خاوەن کێشەکانی خێزانێک دەکات بە مەبەستی ئاشتەوایی.