ژنانی یەمەن لە ناوەڕاستی شەڕدا لە گەشتێکی ئازار و هیوادان

یەمەن شاهیدی کارەساتێکی قووڵە کە لە ئازارەکانی ژنانی برینداردا دیارە کە قورسایی شەڕی دڕندانەیان لە ئەستۆ گرتووە.

هالە حاشدی

 

یەمەن- ڕاپۆرتە مەیدانییەکان لە یەمەن ئاشکرای دەکەن کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی بریندار لە ئەنجامی ئەو برینانەی کە تووشی بوون، بێ توانا بوون، جگە لەوەی بەدەست پەراوێزخستن و هەڵاواردن لە کۆمەڵگەکانیاندا دەناڵێنن، لەگەڵ پەرەسەندنی دەنگدانەوەی شەڕەکان، چیرۆکەکانیان لە لاپەڕەکانی لەبیرچوونەوە تۆمار دەکرێت، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر پێویستی بەپەلە بۆ ڕۆشنایی لەسەر پرسەکانیان و دۆزینەوەی ڕێگاکانی پشتگیریکردنیان.

 

ئامارەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، کۆمیتەی نیشتمانی لە یەمەن چاودێری نزیکەی هەزارو ٤٠٠ برینداری کردووە کە بەدەست کەمئەندامی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنن لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی بۆردومان و قەناس بەدەستەکان، جگە لە نزیکەی ٧٠٠برینداری زیانبەرکەوتووی مین، هەروەها ڕێکخراوی سام بۆ ماف و ئازادیەکان تێکچوونی ئەوپەڕی ئاسایشی کەسیی ژنانی پشتڕاستکردەوە، بەو پێیەی زیاتر لە ٥ هەزار حاڵەتی پێشێلکاری تۆمارکراوە، لەوانە کوژرانی هەزار و ١٠٠ ژن و برینداربوونی دوو هەزار و ٢٠٠ کەسی دیکە ئەم ژمارانە ڕەنگدانەوەی ئەو ژمارە کارەساتبارانەیە کە ژنان لە یەمەن، لە ژینگەیەکدا کە بەهۆی ململانێ و هەڕەشەکانەوە زاڵن، بەرکەوتەی توندوتیژی جەستەیی و زایەندی دەبن.

 

بەرجەستەکردنی ئیرادە

 چیرۆکی هەدیل مەحمود عەبدولواسعانە، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٣ ساڵ، نموونەیەکی ئیلهامبەخشی ئیرادە و تەحەدا بەرجەستە دەکات کە لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٧، لە ناوچەی “ئەلکحدە” لە جەبەل حەبەشی لە تەعز بەهۆی بۆمبەوە برینداربوو، لەبری ئەوەی ڕادەستی ئەم کارەساتە بێت، بڕیاریدا بەردەوام بێت لە ژیانی پەروەردەیی خۆیدا، بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا زاڵ دەبێت کە ڕووبەڕووی بووەتەوە.

 

سەرەڕای برینداربوونی، هەدیل مەحمود عەبدولواسعانە دەستبەرداری خەونی فێربوون نەبوو، خوێندنی ناوەندی تەواو کردو بە وتنی "بەهیچ شێوەیەک وازم لە خوێندن نەهێنا"، ئاماژەی بەوەکرد، پێداگری لەسەر پەرەپێدانی تواناکانی کرد، سەرەڕای بارودۆخە سەختەکەی فێری نووسین بوو، دوای ئەوەی بە تێکڕای ٩٥% دەرچوو ، ڕێگایەکی سەرکەوتنی بۆ خۆی دامەزراند پاشان پەیوەندی بە پەیمانگای پیشەیی بۆ چاکسازی بریندارانی جەنگەوە کرد لە شاری تەعز.

 

وتیشی: کاتێک دەستم بە خوێندن کرد، پەیوەندیم بە بەشی کۆمپیوتەرەوە کرد بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی نێودەوڵەتی توانیم فێری بەکارهێنانی کۆمپیوتەر بم، هەرچەندە هەندێک کەس پێیان دەوتم کە ناتوانم پەیوەندی بەم بەشەوە بکەم چونکە من پەنجەکانم نەبوو، بەڵام باوەڕم بە تواناکانم هەبوو، ئیرادەم هەبوو، بۆیە بڕیارمدا هەوڵبدەم، چوومە ناو ئەم بوارە، لە کۆتاییدا سەرکەوتوو بووم.

 

زاڵبوون بەسەر سەختییەکان

هەدیل مەحمود عەبدولواسعانە وتیشی: ئەو سەختییانەی لە ماوەی پێکانەکەمدا ڕووبەڕووی بوومەوە زۆر سەخت بوو، هەستم دەکرد ناتوانم هیچ کارێک بکەم، بەو پێیەی هەموو شتێک پەیوەست بوو بە دایکمەوە، بەڵام دوای ماوەیەک، دەستم کرد بە ئەنجامدانی هەندێک شت لەسەر خۆم لە هەندێک شتدا دواکەوتم، لەگەڵ ڕاهاتن و بەردەوامبوونم، ئێستا هەست دەکەم ژیانێکی ئاسایی دەژیم، چیتر هەست ناکەم کە خاوەن پێداویستی تایبەتم، بەڵکو بە هەموو لایەنەکانییەوە خووم بە ژیانەوە گرتووە.

 

سەبارەت بە ئازارەکانی زۆرێک لەو کەسانەی کە ئەندامەکانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن، هەدیل مەحمود وتی: هیچ چارەسەرێک نییە دەست و قاچیان بگەڕێنێتەوە، بەڵام چارەنووسی خۆیان قبوڵ دەکەن و بێگومان ژیانێکی نوێ دەژین، من ئامێری دەستکردم بەکارهێناوە، بەڵام هەستم بە ئاسوودەیی نەدەکرد لە بەکارهێنانیان.

 

پەیامێکی بۆ بریندارەکان ناردو وتی: کەمئەندامی تەنها جەستەیی نییە، هەرچەندە من ژنێکم کە لە هەموو لایەنەکانیدا ڕووبەڕووی سەختییەکانی ژیان بوومەوە و سەرکەوتوو بووم، و باوەڕم وایە کە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان نابێت واز لە کارکردن یان خوێندن بهێنن، نائومێدی لەگەڵ ژیاندا نییە، هەروەها ژیان لەگەڵ نائومێدیدا نییە، ژنانێک هەن کە ڕووبەڕووی کێشەی سادە دەبنەوە و دەڵێن "چیتر ناخوێنم"، بەڵام ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی بوومەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بیرم لەوە نەکردۆتەوە واز لە خوێندن بهێنم، سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی بەسەرمدا هاتووە، سەرنجم لەسەر داهاتووی ئەکادیمی خۆم بوو.