بە سەردان چووە گوندی ژنوار و ئەمڕۆ کارگێڕی گوندەکەیە

یاسمین ئەحمەد، دایکێکی ئاوارەیە، کە بە ئیرادە و گەشەپێدانی خۆیەوە، توانی کەسایەتی خۆی بەهێزتر بکات و بەسەر سەختییەکاندا زاڵ بێت.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- ژنانی گوندی ژنوار، وەک یەک خێزان، ڕۆژانە کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی خۆیان بۆ وەستانەوە بەرامبەر هەموو ئەو سەختییانەی کە ڕێگرن لە گەیشتنیان بە ئازادی خۆیان، بۆ ئەوەی بۆ هەموو جیهان بیسەلمێنن کە ژنانی بەهێز دەتوانن کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو بونیاد بنێن.

 

 یاسەمین ئەحمەد، خەڵکی شاری عەفرینی داگیرکراوە، پێشتر لە حەڵەب نیشتەجێ بووە، دوای جیابوونەوه لە هاوژینەکەی ئاوارە بووە بۆ شاری قامیشلۆ بۆ ماوەی نزیکەی چوار ساڵه ، له گوندی ژنانی "ژنوار"دا نیشتەجێ بووه بیری لەوە دەکردەوە کە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکات، بەڵام بڕیاریدا بچێتە گوندەکە و گوندی ژنان بناسێت.

 

دوای چوونی بۆ گوندەکە، زانیاری لەسەر سیستمی گوند و ژنان وەرگرت و بڕیاریدا لەوێ بمێنێتەوە، سەرەتا خێزانەکەی ئەم بڕیارەیان قبوڵ نەکرد، بۆیە یاسەمین ئەحمەد بۆی سەلماندن کە ئیرادەیەکی بەهێزە ژنێکی بەهێز دروست دەکات کە دەتوانێت بە تەنیا ڕووبەڕووی سەختییەکانی ژیان ببێتەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ ژنانی گوندەکەدا ژیاوە، لەگەڵ هەموو شتێک ڕاهاتووە و تێگەیشتووە کە گوندی ژنان ئەو شوێنەیە کە هەمیشە خەونی پێیەوە دەبینی، وتی: سەرەتا خێزانەکەم قبوڵیان نەکرد، بەڵام دوای ئەوەی توانیم پەرە بەخۆم بدەم و بتوانم پشت بەخۆم ببەستم، دیدگای خێزانەکەم گۆڕا و ئەوان بوون گەورەترین لایەنگرم.

 

یاسەمین ئەحمەد وتی: گوندی ژنان وایلێکردم کەسایەتییەکی بەهێزم هەبێت کە توانای زاڵبوون بەسەر هەموو ئەو سەختییانەدا هەبێت کە گەشەکردنم وەستابوون، ڕاهێنان و خوێندنەوەی ڕۆژانە و پشتبەستن بەخۆبوون بنەمای گەشەسەندنن، هەروەها ئیرادەی بەهێزیش ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت، ئەو وردەکاریانەی کە ڕۆژانە تێیدا دەژیاین، وایکردین ببینە خاوەن ئیرادە بۆ زاڵبوون بەسەر سەختییەکانی ژیاندا.

 

"توانیم بەربەستی ترس لەناو خۆمدا بشکێنم"

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر لە کشتوکاڵ تێنەگەیشتووە، بەڵام لە گوندەکەدا توانیویەتی پەیوەندی بە زەوییەکەوە هەبێت و فێری چاندن و گرنگییەکەی بێت، هەموو ژنانی گوندەکە هەموو وەرزێک پێکەوە دەچێنن و دروێنە دەکەن، جگە لە کشتوکاڵ ، زۆر شت فێربوو کە لە ڕێگەیانەوە توانی خۆی لەگەڵ گوندەکە و سیستمی ژیانی تێدا بگونجێنێت، وتی: توانیم بەربەستی ترس لەناو خۆمدا بشکێنم هەمیشە یەکەم ڕۆژم لە گوندەکەدا لەبیرە و کەسایەتییە کۆنەکەم بەراورد دەکەم لەگەڵ ئەو کەسایەتییە نوێیەدا کە ئێستا بە تەنیا گوندەکە بەڕێوە دەبەم و ژیانێکی هاوبەش دەژین، لەگەڵ ئەو گەشەسەندنەی کە لە کەسایەتیمدا ڕوویداوە، هێشتا دەبینم کە دەتوانم من زیاتر پەرە بە خۆم بدەم و ئەم بڕە گەشەکردنە بەس نییە بۆ من.

 

وتیشی: کاتێک هەر ژنێکی نوێ دێتە گوندەکە، یەکەم ڕۆژی خۆمم لەبیرە و کاردەکەم بۆ بەهێزکردنی کەسایەتییەکەی لە هەموو ڕوویەکەوە، تەنها ئێمەی ژنان دەتوانین پاڵپشتی یەکتر بکەین، چونکە لەو بارودۆخانە تێدەگەین کە پێیدا تێدەپەڕین.

 

 منداڵەکەی یاسەمین ئەحمەد لەگەڵیدا لە گوندەکەدا دەژی، تەمەنی ١٣ ساڵە، هەر لە منداڵییەوە بەردەوام کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و پەروەردە بۆ ئەوەی بەهێز بێت لە وێنەکێشان و مۆسیقادا بەردەوام کار دەکات بۆ دروستکردنی ژیانێکی ئارام بۆ منداڵەکەی و وای لێکردبوو لەگەڵ منداڵانی گوندەکەدا تێکەڵ بێت بۆ ئەوەی ژیانێکی جوان بژی دوور لەو سەختییانەی کە هەموو منداڵێک دوای جیابوونەوەیان ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

 

سەبارەت بە ژیانی گوندنشین، یاسەمین ئەحمەد وتی: ئەم ژیانە وا دەکات بە ئاسوودەیی و بەختەوەری بژیم زۆرجار خواردن و نان بەیەکەوە ئامادە دەکەین، ئەم وردەکاریانەش ژیانێکی دیکە لەناو خۆماندا دروست دەکات، خانووەکان لە گوندەکەدا دیمەنێکی سەرسوڕهێنەریان پێدەبەخشن ئێمە ژیانێکی ئاسایی دەژین دوور لە تەکنەلۆژیا و ماڵە مۆدێرنەکان کاردەکەین لەسەر دروستکردنی کاری دەستی و زەیتی سروشتی، دەگەڕێینەوە بۆ چارەسەرکردن بە گیای دەرمانی کە بەدیلێکن بۆ دەرمانی کیمیایی کە ماوەی چارەسەرکردن دوادەخات، کاریگەرییەکی زۆر بە نەخۆشەکان دەبەخشێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا یاسەمین ئەحمەد ڕایگەیاند، هەموو ئەو ژنانەی کە بە سەختی دەزانن ڕووبەڕووی سەختییەکانی ژیان ببنەوە، پێویستە بچنە گوندی ژنان بۆ بونیادنانی کەسایەتییەکی بەهێز و بەردەوام پەرە بە خۆیان بدەن.