"بەدەستهێنانی هۆشیاریی یەکێکە لە ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان"
ژنان لە توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، پەرتوک وەک سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ زانین و هۆشیاریی ژنان دەبینن و دەڵێن: پێویستە ژنان بخوێننەوە، بۆ ئەوەی ئاگاداری ماف و ئەرکەکانی خۆیان بن.
دیدار شەهلا
سلێمانی- نەبوونی هۆشیاری ژنان بەرامبەر بە ماف و ئەرکەکانی خۆیان، هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی کە ڕووبەڕووی توندووتیژی ببنەوە و نەتوانن بەرگری لە مافەکانی خۆیان بکەن، پەرتوک وەک سەرچاوەیەک فراوانکردنی پانتایی ئاگایی و زانین، هۆکارێکە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن ئاستی هۆشیاریی خۆیان بەرز بکەنەوە و بەم هۆشیارییەوە بەرگری لە مافە ڕەواکانی خۆیان بکەن و بەرەنگاری توندوتیژییەکان ببنەوە.
"میدیاکان لەبری مانشێتی هەواڵ دەربارەی ژن، پێویستە هۆکارەکانی توندوتیژی دژی ژنان بخەنەڕوو"
پەیام ئیبراهیم، نووسەر لە ئەدەبیاتی منداڵان و ڕۆژنامەنووس، سەبارەت بە ڕۆڵ و گرنگی خوێندنەوە وتی: خوێندنەوەی پەرتوک هەمیشە هۆکارێکە بۆ ئەوەی مرۆڤ خاوەن دنیابینی جیاواز بێت و هۆشیاری سەبارەت بە دەوروبەری خۆی هەبێت، بەداخەوە کە خوێندنەوە هێشتا لە وڵاتی ئێمەدا نەبووە بە کولتووری ناو خەڵک.
ئەم نووسەرە باسی لەوەش کرد کە هۆشیاری یەکێکە لە ڕێگەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، چونکە هۆشیاری وا لە ژن دەکات کە ئەرک و مافەکانی خۆی بناسێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ کولتوور و شێوازی ژیانی خۆی و کۆمەڵگەکەیدا خۆی لە توندوتیژییەکان بپارێزێت و بەرەنگارییان ببێتەوە، وتیشی: هەربۆیە پێویستە کە لە ڕێگەی میدییاکانەوە کاری زیاتر لەسەر پەرتوک و پێشانگاکانی پەرتوک و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان بکرێت، لەبری هەموو ئەو هەواڵە ناپیویستانەی کە زیاتر تۆخدەکرێنەوە، بە بێ ئەوەی سودێکی ئەوتۆ بگێڕن لە گۆڕانکاری کۆمەڵگەدا.
لە هەمانکاتدا پەیام ئیبراهیم ئاماژەشی بەوەدا، کە میدیاکان ڕۆڵێکی باشییان لە پرسی توندوتیژییەکان لە بەرامبەر ژناندا نەگێڕاوە، چونکە پێویستە لەبری ئەوەی هەواڵەکانی ڕۆژ سەبارەت بە ژنان وەک مانشێتێک دابنێن، دەبێ کار لەسەر هۆکار و چارەسەرییەکانی پرسەکە بکەن لەگەڵ کەسانی شارەزا و تێگەیشتوو لە بوارەکەدا.
"خوێندنەوە بۆ ژنان دەرفەتێکی زێڕینە"
هەر سەبارەت بە پرسی گرنگی خوێندنەوە و هۆشیاریی بە گشتی و بە تایبەت بۆ ژنان و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ توندوتیژییەکاندا، خەجیجە جاوید، نووسەر کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو وتی: خوێندنەوە زۆر گرنگە، بەتایبەتی بۆ ژنان دەرفەتێکی زێڕینە و وەک قەڵایەکە بۆ ژنان، چونکە ژنان لە هەموو لایەکەوە بە جۆری جیاواز ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بۆیە بۆ خۆپاراستنیان پێویستە ئاستی هۆشیارییان بەرز بکەنەوە.
"دەبێت ژنان بەرامبەر مافەکانی خۆیان بێدەنگ نەبن"
تینا محەمەد، خوێندکار، باسی لەوەکرد، خوێندنەوە ڕێگایەکە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن و وتی: ڕۆژانە هەواڵی ناخۆش سەبارەت بە ڕووداوەکانی ژنان، وەک کوشتن و زیان پێگەیاندنییان دەبیستین، بە جۆرەها ڕێگە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت، بۆ نموونە سوتاندن و کوشتن و دەستدرێژی سێکسی، بۆیە من پێشنیار بۆ ژنان دەکەم کە بە پەرتوکێکیش بێت هۆشیاری خۆیان بەرامبەر بە دۆخی خۆیان بەرز بکەنەوە.