دونیا ئەحمەد: کوشتنی خوشکەکەم بەهۆی ئەقڵیەتی پیاوسالاریەوە بوو
دونیا ئەحمەد، ئەندامی دەستەی بۆردی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان لە کەلار، دەڵیت: لەگەڵ کوشتنی ژنێکدا خێزانەکەشی دەکورژێت، چونکە لەسەرهەربابەتێک بێت دەڵێن ژن چۆن دەبێت بکوژرێت؟، چونکە ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەر کۆمەڵگەدا.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- کوشتنەکان ڕوو لە زیادبوونە، ژنان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ئەقڵیەتی پاوانخوازی و ڕێگەخۆشکەری دەسەڵات بۆ ئەو ئەقڵیەتە ژنان بەرەو مەرگ دەبات، لە ناویاندا دووبارە خێزان ڕووبەڕووی هەڵوەشانەوە دەبێت، هەروەها بەشێک لە خێزانەکان بەهۆی ئەقڵیەتی پیاوسالاریەوە بەلایەنی کەمەوە ژنێکیان لە خێزانەکەیان لەدەستداوە، دونیا ئەحمەد قادر کە شایەتحاڵی ڕووداوی کوشتنی خوشکەکەیەتی لە لایەن هاوژینەکەیەوە کە دواتر لە شارێکی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەرپرسێکەوە داڵدەدەدرێت، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی خێزانی کوژراو سوردەبن لەسەر گرتن و بەسزاگەیاندنی تۆمەتباردەزگیردەکرێت و پاشان لە دادگادا لە لایەن یاساوە بەسزا دەگەیەندرێت، بۆ ئاژانسەکەمان قسەیکرد.
دونیا ئەحمەد، مامۆستا و ئەندامی دەستەی بۆردی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان لە کەلار، وتی: توندوتیژی و دەستدرێژییەکان بۆسەرژنان بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات، لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان توندوتیژییەکان بەردەوامی هەیە، هەربۆیە چالاکوانان بۆ ژیانێکی ئارام و دوور لە توندوتیژی بۆ ژنان تێدەکۆشن، نەک بۆ دورخستنەوەیان لە کۆمەڵگە و خێزانەکان، هەروەها ئیمەی چالاکوان لە کەلار هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان دەدەین، بەڵام هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە هەوڵ بۆ بەلاڕێدابردنی کارەکانامان دەدەن، ئێمە ژنان لە خێزانەکانیان دوورناخەینەوە، بەڵام هەوڵ بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئازاد بۆیان دەدەین، ئامانجمان هاوژیانێکی ئازادانەیە کە بە هەبوونی بیروڕای ژنان و خوێندن و ئابووری سەربەخۆیان، ژنان بۆ ژیانێکی باش ڕابکێشین، هەروەها دەمانەوێت ژنان خۆیان بە پلە دوو نەبینن لەگەڵ پیاواندا، بۆیە پێویستە مامەڵەکان لەگەڵ ژناندا بگۆڕدرێت و وەک پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵدا نەکرێت بەتایبەی لە دامودەزگاکاندا، زۆرکات دەوترێت کە ژن تەنها بۆ ماڵەوە و مەتبەخ کراوە ئەمە خودی توندوتیژییە کە بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت.
وتیشی: خۆم مامۆستام زۆر کات لە ئیدارە گوێم لە مامۆستا هاوکارەکانم بووە و گوتویانە کە ژن گوناحە ئیشی دەرەوە بکا بەو بیانووەی کە ماندوو دەبێت و دەبێت تەنها کاری ماڵەوە بکات، ئەمەش جۆرێکی دیکەی توندوتیژیە و بەو بیانوەش زۆرجار ئەو ژنانەی لەدەرەوە کاردەکەن دەکوژرێن، ڕاستە مرۆڤ دەبێت باجی هەڵەی خۆی بدات بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە پیاوێکی لە خێزاندا گیانی ژنێک بکێشێت بە بیانووی شەرەفەوە، جۆرێکی دیکەی توندوتیژی ئەوەیە کە ژنان ناچار بە خۆکوشتن دەکەن، هەروەها وا دەچینە ٢٠٢٦، کەچی تا ئێستا زەواجی سەر بێشکە ماوە، گەورە و بچوک زەواجی پێدەکرێت ئەمانەش جۆرێکن لە توندوتیژی، تا ئێستاش بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان ژن بەکاردەهێنرێت و وەک کاڵایەک سەیری دەکەن، بۆیە بەداخەوە ناوەندی دواکەوتووی لە چوارچێوەی دەورووبەری گەرمیاندایە، ئەگەر بۆیان دەرکەوێت کە ژنێک داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەکات و دەیەوێت ژنا ئازاد بێت، ئەوا وا دەزانن دەیەوێت ژنەکانی ئەوان لە خشتە بەریت، من وەک ژنێک پێم ناخۆشە ئەو دەستەواژەیە بەکاربهێنم بەڵام بەردەوام دەوترێت و بەکاری دەهێنن و دەڵێن کە ئێوە دەتانەوێت ژنەکانی ئێمە بێڕەوشت ببێت، بە ثێچەوانەوە ئێمە شتی وامان نەویستووە نامانەوێت، بەڵک ئێمە تەنها دەمانەوێت ژن جۆرەکانی توندوتیژی بناسێت و مافەکانی خۆی بناسێت و لەگەڵ ئەوەشدا ئازادبێت و بتوانێت ئازادی خۆی بەکاربهێنێت لە چوارچێوەیەکدا خۆی و چواردەورەکەی توشی گرفت نەکات، بەتایبەت ژنە پێگەشتووەکان کە ئێمە فێریان دەکەین دەبێت ئازادبن و مافتان هەیە، لە هەمان کاتیشدا فێری ئەوەشیان دەکەین کە چۆن ئەو ئازادی و مافە بەکاربهێنێت.
دونیا ئەحمەد، مامۆستا و ئەندامی دەستەی بۆردی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان لە کەلار، ئاماژەی بەوەدا: بە پێی ئەوەی من لە پەیمانگا مامۆستام زۆرکات خوێندکارەکانم لە بارەی کێشەکانیان لەگەڵم گفتووگۆدەکەن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر، کە بە هۆی تەمەنەکەیانەوە کە لە تەمەنی هەرزەکاریدان زۆرکات کە خێزانەکانیان بۆ کارێک نەخێریان پێدەڵێن وا دەزانن کە خێزانەکانیان لە دژی ئەوان، بۆنموونە، ڕۆژێک ژنێکی گەنج هاتە لام کە خوێندکارم بوو وتی، کە خانەوادەکەی ڕێگری هاوسەرگیری لێ دەکەن، بۆم ڕوون کردەوە کە بۆچی دەیەوێت هاوسەرگیری بکا و بۆچی پێی دەڵێن نەخێر، بۆیە پێویستە ژنە گەنجەکانمان دیراسەی ئەوە بکەن کاتێک کەسێک هەڵدەبژێرن دەبێت بزانن بۆچی ئەکەسە هەڵدەبژێرن و لەپێناو چیدایە، هەروەها من زۆرجار ڕووبەرووی ئەوە دەبمەوە کە لەگەڵ ژنان گفتوگۆ دەکەم پێیان دەڵێم تەنها لەبەر ئەوەی کورەکەتان خۆشدەوێت نابێت ڕازیبن بەوەی هاوسەرگیریان لەگەڵ بکەن، بەڵکو دەبێت لسەر بنەمای ڕێز و گونجاندن بێت، بۆیە ئێمە ئیش لەگەڵ کۆمەڵێک ژن دەکەین و فێری ئەوەیان دەکەین کە ئازادبن و مافیان هەیە، هەروەها پێویستە فێری ئەوەشیان بکەین کە چۆن ئازادی و مافەکانیان بەکاربهێنن بۆئەوەی دووربن لە توندوتیژی و دەسترێژی.
"لەگەڵ کوشطنی ژنەکەدا خێزانەکشی دەکوژرێت،"
ئاماژەی بەوەشدا: وتەیەک لای خۆمان هەیە دەڵێت تا خۆت ڕووداوێکت بەسەرنەیەت لە بەرامبەرەکەت تێناگەیت، کۆمەڵیک ژنی زۆر باشمان هەن کە کار دەکەن بۆ پاراستنی مافی ژنان، بەڵام من بە حوکمی ئەوەی کە خۆم خوشکم کوژراوە زۆرجوان لە هەستی ئەو ژنانە تێدەگەم کە ژنێکی خانەوادەکەیان کوژراوە، هەروەها بیرمە کاتێک پرسەی خوشکەکەمان هەبوو نەم ئەتوانی بڕۆم لە ناو پرسەکەدا دانیشم هەر لە ژوورەوە بووم و سەیری ئەو هەواڵانەم دەکرد کە لەسەر کوژرانی ژنێک بڵاو دەکرایەوە کە خوشکی من بوو، هەروەها لە ناو چادری پرسەکەدا هەر کەسە و چیرۆکێکی بۆ دروست دەکرد کە خەریکبوو مێشکم دەتەقی، بەجۆرێک کارێکیان کرد کە مردنی خوشکەکەمان خەریک بوو لە بیر دەکرد و تەنها سەرنجمان لەسەرئەوەبوو کە هۆکاری کوشتنەکەی باس بکەین کە لەسەر کیشەی خێزانی کوژرا، کاتێک پرسیارمان لێ دەکەن لەسەر چی کوژراوە؟، بۆیە لەگەڵ کوشطنی ژنەکەدا خێزانەکشی دەکوژرێت، ژن چۆن دەبێت بکوژرێت؟ مرۆڤ چۆن دەبێت بکوژرێت؟، من لەگەڵ ئەوەدام کە مرۆڤ هەڵەیەک کە دەکات دەبێت باجەکەی بدات، بەڵام نابێت بە کوشتن باجەکەی بدات.
وتیشی: تۆمەتبارانی کوشتنەکانی ژنان لە لایەن بەرپرسانی ناوچەکەوە داڵدەدەدرێن، کاتێک خوشکەکەم کوژرا بکوژەکە بەرەو شاری هەولێر بەڕێکەوت، پاشان دەنگۆ هەبوو کە لە دهۆک یان هەولێر لەلایەن بەرپرسێکەوە داڵدەدراوە، بەڵام بەهۆی سووربونی ئێمە لەسەرزیندانی کردنی، ئێستا زیندانی هەتاهەتایە، هەروەها سەرەڕای هەبوونی یاساکان خاوەنی کوژراو هەردەم دەیەوێت بکوژ بەدەستەکانی خۆی سزا بدات، ئەوانەش پێشێلکردنی یاسایە، دوور لە یاساکان من دەمویست بکوژ بەدەستەکانی خۆم سزا بدەم، هیوادارم کەس ئەو ئازارە نەچێژێت.
ڕاشیگەیاند: ئەو ژنانەی لە گۆڕستانی ژنانی بێناونیشاندا نێژراون کەس نازانێت کێن و ناویان چیە و تەمەنیان چەندە؟، چونکە خێزانەکانیان ئامادە نەبوون وەریان بگرنەوە، بۆیە من پێم وایە ئەو ژنانەی لەوێ نێژراون هەموو ڕۆژێک دەکوژرێن، هەروەها ڕۆژ بە ڕۆژ داتاکانی کوشتنی ژنان بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت و دڵنیام دانابەزێتە خوارەوە، لەبەرئەوەی نەک تەنها ڕێکخراوەکەی ئێمە بەڵکو هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان پێکەوە ناتوانن بەتەنها ڕێژەی کوشتن کەم بکەنەوە یاخود بیوەستێنن، ڕاستە دەتوانین یەک ژن یان دوو ژن ڕزگار بکەین، بەڵام کەمکردنەوەی کوشتنەکانی ژنان دەبێت دەسەڵات و حکومەت بیوەستێنێت، ئەویش لە ڕێگەی ئەوەی کە خوێندنەوە بۆ یاسا و دەستووری وڵات بکات، هەروەها یاسایەکی توند دابنرێت بۆ بکوژانی ژنان بەتایبەت بۆ ئەو بکوژانەی کە بەئەنقەست ژنان دەکوژن، چونکە دوو جۆر کوشتنمان هەیە، جۆرێکیان بە ئەنقەست و جۆرێکی دیکەی لەدەستی دەردەچێت و پیلان بۆدانراونییە، بۆیە دەبێت حکومەکان جیاوازبن، بە جۆرێک ئەو پیاوانەی کە بە ئەنقەست ژنەکانیان دەکوژن دەبێت سزایەکی وا توند بدرێت کە پیاوێکی دیکە نەتوانێت توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دووبارە بکاتەوە، بۆنموونە ئامۆزا هەیە ئامۆزاکەی خۆی کوشتووە تەنها لەبەر ئەوەی ئامادەنەبووە هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، بۆیە دەبێت سزایەک دابنرێت کە پیاوان ئیتر جورئەتی ئەوە نەکەن کە ژنان بکوژن و توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام بدەن.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەمەوێت باسی شتێکی زۆر گرنگ بکەم سەبارەت بە شوێنەکانی داڵدەدانی ژنان، کاتێک کە ژنێک توشی کێشەیەک بووە دەچێتەلایان بۆئەوەی دەستی بگرن، بەڵام بەداخەوە بە بەڵێننامەیەک دەدرێتەوە دەستی خێزانەکەی، بۆنموونە، کاتێک کەسێک دەیەوێت کەسیکی دیکە بکوژێت دەزانێت سزاکەی چییە کە ٢٠ ساڵ حوکمە، بەڵام هەردەچێت تاوانەکە ئەنجامدەدات، کەواتە ئەوە کەسێکە کە زیندانیکردنی بەلاوە گرنگ نییە، بۆیە دواتر کە ئەو ژنە لە دەستی دەکات و دەچێتە شوێنی داڵدەدانی ژنان، ئەوانیش بە پڕکردنەوەی بەڵێننامەیەک دەیدەنەوە دووبارە دەستی ئەو پیاوەی کە دەیویست بیکوژێت، بەڵێننامەکەش ئەوەیە کە ئەگەر ئەو ژنە سزابدات یاخود بیکوژێت ئەوا سزا دەدرێت کە تەنها زیندانی کردنە، کەواتە ئەو کەسەی کە ئامادەبوو ئەو ژنە بکوژێت دەبێت بزانرێت کە باکی بەزیندانیکردن نییە و پێشێلکردنی بەڵێننامەیەک بۆ ئەو ئەسڵەن مانای نییە، بۆیە دەبێت خوێندەوەیەکی دیکە بۆ ئەو بەڵێننامانە بکرێت و ژن بە بەڵێننامەیەک نەدرێتەوە دەستی خێزانەکەی، لەسەر دەسەڵاتیش پێویستە جارێکی دیکە بەو یاسایەدا بچێتەوە.
دونیا ئەحمەد، مامۆستا و ئەندامی دەستەی بۆردی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان، ڕایگەیاند: کاتێک دێینە سەر بابەتی شەرەف و نامووس دەبینین تەنها بەرۆکی ژنان دەگرێت وەکو ئەوەی پیاوان پێویستیان بە شەرەف و نامووس نەبێت، کە بەداخەوە ڕاستییەکی تاڵە کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە، لە ساڵی ٢٠١٩ پڕۆژەیەکم دەست پێکرد دەربارەی ئەو ژنانەی کە ناچاردەبن کاری لەشفرۆشی بکەن بۆئەوەی منداڵەکانیان بەخێوبکەن، بۆنموونە، کەیسێک هەبوو کچێکی کوردبوو کە لە تورکیا هاوژینەکەی جێی هێشتبوو منیش کارم لەسەردەکرد، بۆیە ڕۆشتم بۆ توندوتیژی و کۆمەڵێک کەسم لەوێ بینی، چونکە دەبوو توێژینەوەکەم هەموو بابەتە یاسا یو کۆمەڵایەتی و مێژووی و ئایینی لە خۆگرتبێت، توێژینەوەکەشم بەناوی"نامووسی ژن لە تەرازویی کڕین فرۆشتندا''بوو، لەوێ لە ڕائیدی مافپەروەکە یەک شتم پرسی، ووتم لە کۆێیە ئەو هەمووشتەی کە باسمان کرد و نامووسی ژن لە دەستووری عێراقیدا چییە ؟، لە وەڵامدا وتی، لە دەستووری عێراقیدا نامووسی ژن لە ناوکی ژن تا سەرئەژنۆییەتی و هەرئەوەندە، بۆیە کاتێک یاسا و دەستووری وڵات نامووسی ژنی تەنها لە ئەوەندەدا دانابێت ئەبێت ئێمە چ گلەیەک لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەمان بکەین.
"پەروەدەی خێزان زۆر گرنگە"
وتیشی: پەروەدەی خێزان زۆر گرنگە، بەوەی فێری منداڵەکان بکرێت بە کچ و کوڕەوە کە نامووس و شەرەف بۆ هەردووکیانە کە درۆنەکردن و دزینەکردنە، کۆمەڵێک شت هەیە کە لە پەروەردەی مناڵیەوە کاریگەری هەیە بۆ سەر گەورە بوون لەوەی ئەو کەسە دەکەینە کەسێکی توندوتیژ یاخود کەسێکی هێمن و لەسەرخۆ، هەروەها کاتێک کچە بچووک و کورە بچووکەکەت کە هەردووکیان منداڵن و تۆ هەموو شتێکیان فێردەکەیت، بۆیە کاتێک کوڕەکەت دادەنیشێنیت و بە کچەکەت دەڵێیت بڕۆ پەرداخێک ئاوی بۆ بێننە، ئەوا ئەم کچە فێردەکەیت تۆ بۆ ئەوە دروست بوویت کە خزمەتی براکەت بکەیت، هەروەها تۆ بۆ خزمەتی ئەم دروست بوویت، ئەم کوڕەش فێردەکەیت تۆ هەرچیت پێویست بوو دەبێت خوشکەکەت بۆت بکات، بەجۆرێک دەبێت خوشکەکەت هەستێت ئاوت بۆ بێنێت و گۆرەویەکەت بۆ بشوات و خواردنت بۆ ئامادەبکات و بۆت دابنێت، ئەمەش حەقی ئەوەی نییە تۆ قاچت هەیە ئەویش هەیەتی مادام تۆ ڕەگەزی پیاویت و ئەویش ڕەگەزی مێیە و ژنە کەواتە ڕەگەزی ژن بۆ خزمەتی ڕەگەزی پیاو دروست بووە، کاتێکیش گەورەدەبن بە خوشکەکەی دەڵێت با براکەت بتگەیەنێتە خوێندنگە با براکەت بتگەیەنێتە مارکێت و بەتەنها مەڕۆ، بۆیە تۆ بەمە فێری دەکەین ئەم برایە پاسەوانی شەرەفی ئەم خوشکەی بێت، ئەمەش وادەکات ژنان ڕووبەڕووی کوشتن ببنەوە، زۆر نموونەمان هەیە کە برای ژنە کوژراوەکە لە لایەن کۆمەڵگەوە زۆری بۆ هێندراوە تا خوشکەکەی بکوژێت، بۆیە کۆمەڵگە و نەبوونی پەروەردەی دروست هۆکارە بۆ کوشتنی ژنان لەلایەن باوک وبراو هاوژینەکانیانەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دروستکردنی گرووپێک لە تەواوی شارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار پێویستە، هەروەها لە ڕووبەڕوبوونەوەی توندوتیژییەکاندا یاساکان گۆڕانکاریان تێدابکرێت، تا بتوانن لە قەزا و ناحییەکاندا کۆڕ و سیمینارات بۆ ژنان و پیاوان ئەنجامبدرێت، هەروەها وشەی ئازادی لە هاوڵاتیانی ناوچەکان بگەیەنن، تا بتوانن کۆمەڵگە و نەوەی نوێ هۆشیاربکەنەوە.