"هێنانی سیستمی وڵاتانی تر جیاوازی چینایەتیان دروستکردووە"

خوێندنی باڵا قۆناغێکە کە خوێندکار هەوڵ دەدات بۆ زیاتر ڕۆشنبیربوون و فێربوونی زانست، بەڵام لە هەرێمی کوردستان جیاوازی چینایەتی دروستکردووە و مامۆستایەکی زانکۆش هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ کاریگەری سیستمی وڵاتان.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە هەموو وڵاتێکدا گرنگیەکی زۆر بە خوێندن دەدرێت، چونکە چەکی هەموو کۆمەڵگەیەکە بۆ پێشکەوتن، بەتایبەتی خوێندنی باڵا ، خوێندکار لەو قۆناغەدا کەسێکی پڕ لە زانیاری لێ دەردەچێت بۆ خزمەتکردنی خۆی و کۆمەڵگەکەی، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر گرنگی بە ئاستی خوێندکار نادرێت و پەیڕەوی سیستمی وڵاتانی تر دەکرێت، دوای خوێندنیش هەلی دامەزراندن بۆ خوێندکار نییە، ئەمەش وای کردووە خوێندکار سارد ببێتەوە لە خوێندن و گرنگی بە فێربوونی زانست و زانیاری نەدات.

 

"سیستمی بۆڵۆنیا لێدانێکە لە زانست"

تارا عەبدوڵا، مامۆستای زانکۆ، ئاماژەی بەوەکرد لە ئێستادا ئاستی خوێندکاران دابەزیووە و ئەمەش دوو هۆکاری هەیە، یەکێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستمەی لە خوێندنی هەرێمی کوردستاندا پەیڕەو دەکرێت، کە بەس نییە بۆ ئەوەی خوێندکارێک بێنێتە بەرهەم کە لە ئاستی خوێندکاری هاوپۆلدا بێت لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، هۆکارەکەی تر سیستمی بۆڵۆنیایە کە ئێستا لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا پەیڕەو دەکرێت و بە پێی ئەو سیستمەش دەبێت هەموو خوێندکارێک بچێتە قۆناغی دواتر، ئەمەش لێدانێکە لە زانست.

 

"جێگەی نیگەرانییە بۆ گەلی کورد کە سیستمی تورکی بەکاردەهێنن"

تارا عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو، هەموو وڵاتێک سیستمی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا گوێ نادرێت بەوەی چی سیستمێک گونجاوە بۆ خوێندکارانمان و لاسایی سیستمی وڵاتان دەکەینەوە، هەر لە قۆناغەکانی سەرەتای خوێندنەوە سیستمێکی گونجاومان نییە بۆ بەهێزکردنی ئاستی ڕۆشنبیری خوێندکاران، بۆیە زۆر جار دایک و باوک پەنا دەبەنە بەر قوتابخانە تایبەتەکان یان قوتابخانە تورکییەکان، ئەمەش جێگەی نیگەرانییە بۆ گەلی کورد کە سیستم و خوێندنی تورکی بەکاربهێنێت، لە کاتێکدا لە تورکیا ڕێگە نادرێت بە کوردی قسەش بکرێت، ئەم سیستمانە ئێمەیان بەرەو هەڵدێر بردووە.

 

وتیشی: هەر لە قۆناغەکانی سەرەتاوە کە قوتابخانەی حکومی و ناحکومی هەیە وا لە خوێندکار دەکات لە کاتی ڕۆشتنە زانکۆ توشی سەرلێشێواوی ببێت، چونکە ژینگەی هەردووکیان جیاوازە، ئەمەش وادەکات هیچ لایەنێکیان سەرکەوتوو نەبن، چونکە سەرکەوتن لە یەک هێڵی ڕاستدایە، ئەمەش ئەوە دەردەخات ئەگەر بناغەی خوێندن لە سەرەتاوە ڕاست بوو، ئەوا خوێندکار دەتوانێت لە هەموو شوێنێک بخوێنێت بە سەرکەوتوویی.

 

"زانکۆکانی ئێستا جیاوازی چینایەتیان دروستکردووە"

تارا عەبدوڵا ڕوونی کردەوە، دەبێت سیستمی پەروەردە بگۆڕێت بۆ سیستەمێک کە گونجاو بێت لەگەڵ ژینگەی خوێندکار و خوێندنی تایبەت نەمێنێت کە دوو ڕێگا دروست دەکات، بەم شێوەیە کێشە لە خوێندنی باڵادا کەم دەبێتەوە، ئەگەر جلوبەرگی خوێندکار ببێت بە یەک پۆشی، ئەوا خوێندکار زیاتر حەز بە خوێندن دەکات نەک خۆ ڕازاندنەوە و کۆمەڵێک بابەتی ڕووکەشی بەم شێوەیە ئەو جیاوازییە چینایەتییە نامێنێت کە زانکۆکان دروستیان کردووە.

 

هەروەها وتیشی: پێشتر زانکۆکان بەرزترین ئاساتی خوێندنی خوێندکار بوون، بەڵام بەداخەوە ئێستا خوێندکار لە ئاستی قوتابی ئامادەیشدا نییە و لە کاتی تاقیکردنەوەشدا کاغەز و پێنوسی پێ نییە، تەنانەت کتێبخانەکانی زانکۆ چۆڵن و هیچ خوێندکارێک نابینرێت بە دوای زانیاریدا بگەڕێت، بۆ ئەوەی خوێندکار گرنگی بە فێربوونی زانست بدات، پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا کار بکات لە هەموو ڕویەکەوە و هەلی کار بۆ خوێندکاران بڕەخسێنێت تا سارد نەبنەوە لە خوێندن.

 

"ئەو خوێندکارانەی بە دوای زانستدا دەگەڕێن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن"

تارا عەبدوڵا جەختی کردەوە، گرنگی نەدان بە فێربوونی زانست لەلایەن خوێندکارانی زانکۆوە زیان بە کۆمەڵگەش دەگەیەنێت، چونکە کاتێک خوێندکارێک لە بەشێکی پزیشکی دەخوێنێت و زانیاری فێر نابێت لە دوا ڕۆژدا ناتوانێت چارەسەری نەخۆشێک بکات، هەروەها پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا کە خۆی لە ڕاستیدا شتێکی باشە، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان زیانی بە چینی خوێندکار گەیاندووە بە تایبەتی تۆڕی کۆمەڵایەتی، چونکە ڕێگەیەکی ئاسانە.

 

تارا عەبدوڵا لە کۆتایدا وتی: لەگەڵ ئەم هەموو بارودۆخە نالەبارەدا کۆمەڵێک خوێندکاری باشمان هەیە کە هەوڵی فێربوونی زانست دەدەن، بەڵام ژمارەیان کەمە، بۆ ئەوەی ڕێژەی خوێندکاری سەرکەوتوو زیاتر بێت دەبێت هەموو ناوەندەکانی خوێندن ببن بە حکومی، هەروەها ئەو خوێندکارانەی قۆناغی ئامادەیی تەواو دەکەن دەبێت زانیاری بەشیان هەبێت ئینجا بڕۆنە زانکۆ.