"بە هێرش توڕەیی ژنان بەرامبەر داگیرکاری زیاتر دەبێت"

فەریدا ئیبۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری هەرێمی عەفرین لەبارەی بەئامانجگرتنی ژنانی پێشەنگ وتی: "بە بەئامانجگرتنی پێشەنگەکان تێکۆشانی ژنان هەرگیز لاواز نابێت، بە پێچەوانەوە تووڕەییمان بەرامبەر بە داگیرکاریی زیاتر دەبێت".

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- ئەو سەردەمەی ئێمە تێیدا دەژین سەردەمی ئەو ژنانەیە لە دژی سیستەمی دەوڵەت-پیاو و بۆ هۆشیاری لە خەباتدان، بۆیە ئێمە شاهیدی ئەو سەردەمەین کە سەدەی ٢١ دەبێتە سەدەی ئازادی ژنان، ژنان لە هەر چوار پارچەی کوردستان خۆیان دژی ئەقڵیەتی دەوڵەت-پیاو ڕێکدەخەن و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سیستەمی پیاوسالاری دەبینرێن و بە سیاسەتێکی تایبەت هێرش دەکرێتەسەر ژنان، ئەم سیاسەتەش بە مەبەستی لاوازکردنی ڕێکخستنی ژنانە کە لە دژی هەموو جۆرە سەپاندنێکی پیاوی دەوڵەت تێدەکۆشن.

 

فەریدا ئیبۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری هەرێمی عەفرین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە ئامانجگرتنی ژنانی پێشەنگی لە سەرەتای شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بە تایبەتی زەینەب سارۆخانی هەڵسەنگاند و وتی: ئامانجی دەوڵەتی تورک لە بەئامانجگرتنی ژنان شکاندنی ئیرادەیە، چونکە شۆڕشی ڕۆژئاوا بە شۆڕشی ژنان ناودەبرێت، لەبەرئەوە ژنانی کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی، لە بەئامانجگرتنی زەینەب سارۆخان دەردەکەوێت لە سەرتاسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا ژنانی خاوەن هیوا و بە ئیرادە دەکرێنە ئامانج بۆ ئەوەی لاوازی و شکستەکانی دەوڵەتی تورکی بشارێتەوە، دەوڵەتی تورک ڕووی لە ڕۆژئاوا کردووە و هێرش ئەنجام دەدات، بەڵام ئێمە بەرامبەر داگیرکاریی توڕەییمان زیاتر دەبێت.

 

"زەینەب سارۆخان پێشەنگی شۆڕش بوو"

فەریدا ئیبۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم شۆڕشە هەرگیز بە بەئامانجگرتنی ژنان لاواز نابێت و وتی: دەوڵەتی تورک ناتوانێت لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی ژنان ئیرادەی ئێمە لاواز بکات، چونکە هێز و ئیرادەی خۆمان لە شەڕڤانەکانمان وەردەگرین، کاتێک ژنێک دەکرێتە ئامانج، بە سەدان کەس شوێنی دەگرن و دەچنە ڕیزی شۆڕشەوە، زەینەب سارۆخان لە ئاستێکی بەرزدا بۆ ئازادی و تێکۆشانی ژنان کاری کرد، ئەو پێشەنگی بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژئاوا بوو، ئەو بۆ ڕێکخستنی ژنان و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی کاری کرد، هاوکاری و پشتیوانی ژنانی کرد بۆ ئەوەی لە دژی عەقڵییەتی دەسەڵاتدار بجەنگن، زەینەب لەسەر بنەمای هزری ڕێبەر ئاپۆ خۆی پەروەردە کرد کە ئازادی ژنان ئازادی کۆمەڵگەیە و ژنانی پەروەردە دەکرد".

 

"ئێمە سەر دەکەوین"

فەریدا ئیبۆ ڕایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ژنانی پێشەنگ هێرشێکی هاوبەشی هێزە نێودەوڵەتییەکانە و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەئامانجگرتنی ژنان هێرشێکی نێودەوڵەتییە، ئێمە وەک ژنانی ئازاد و پێشەنگی ئەم شۆڕشە لە دژی هێزی ناتۆ تێدەکۆشین، ئیرادەی ئێمە و هێز و بەرخۆدانی ئێمە لەکاتێکدا زیاتر دەبێت کە لەسەر هێڵی شەهیدانمان بەردەوامین و کارەکانمان بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ و هەموو ژنانە.