شارا بایز: شێرپەنجە فێری ڕووبەڕووبوونەوەی کردم

ژنێک بەوپەڕی توانایەوە ماوەی ٢٠ ساڵە لە چەمچەماڵ کار دەکات و ڕووبەڕووی کۆمەڵگە دەبێتەوە، هەرچەندە تووشبووی شیرپەنجەیە بەڵام دەڵێت: شێرپەنجە فێری ڕووبەڕووبوونەوەی کردم.

چەمچەماڵ

 

شارا بایز، دەرچووی ساڵی ٢٠٠٤ی پەیمانگای مامۆستایان بەشی کۆمەڵایەتییە، سەرەتا بۆ ماوەی چەند مانگێک لە خوێندنگەدا مامۆستا بووە، دواتر گوێزراوەتەوە بۆ باخچەی ساوایان و لەوکاتەوە تا ئێستا شارا لە باخچەی ساوایان کار دەکات، لە باخچەشدا سەرەتا وەک مامۆستایەک کاری کردووە تا ساڵی ٢٠١٠، دواتر بۆ ماوەی ساڵێک یاریدەدەری بەڕێوەبەر بووە و  لە ساڵی ٢٠١١ بووەتە بەڕێوەبەر تا ئێستا.

 

دەربارەی گۆڕینی پیشەکەی شارا بایز باسی لەوەکرد، بە ویستی خۆی نەیانگواستووەتەوە بۆ باخچە، بەڵام خۆشی حەزی کردووە، چونکە ئارەزووی یاریکردنی هەبووە لەگەڵ منداڵاندا و ئاسودە بووە بە بەرکەوتن لەگەڵیاندا، وتیشی: مامۆستای باخچە دەبێت چالاک بێت و توانای یاریکردن و مامەڵەی لەگەڵ منداڵەکاندا هەبێت، ئەم چالاکیەش وایکرد ببم بە بەڕێوەبەر.

 

"بەڕێوەبردنی باخچە ئاسان نییە، یەکەم فێرگەی منداڵە"

لە باسی کارکردنی و هەبوونی ئەزموونی بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ، شارا بایز ئاماژەی بەوەکرد، حەزی بۆ کارکردن بەتایبەت لەگەڵ منداڵدا و لەناو باخچەدا چێژی تایبەتی پێدەدات، وەک خۆی باسی لێوە دەکات، کارکردن خۆشەویستی لە دڵیدا دروستکردووە بەرامبەر بە منداڵان، دەڵێت: ماوەی ٢٠ ساڵە لە چەمچەماڵدا دەژیم و پێشتر لە سلێمانی بووم، لە سەرەتاوە قورس بوو خەڵکی لەسەر گرنگی باخچەکان ڕابهێنین، چونکە بە ئێستاشەوە خێزان هەیە فێربوونی منداڵەکەی بۆ گرنگ نییە، تەنها دەیانەوێت منداڵەکەیان بچێتە دەرەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو بەڕێوەبەرە ڕوونیکردەوە، لە کارکردنیدا ڕووبەڕووی ئەوە بوونەتەوە خەڵکی توانجی لێداون بەوەی کار دەکەن لەبەرامبەر بڕە پارەیەک و دەبێت هەموو شتێکیان بە قسە بکەن، لەو بارەیەوە وتی: نازانن باخچە جێگەی فێربوونی منداڵە و دامەزراوەیەکی پەروەردەییە، منداڵ لە باخچەوە فێری مامەڵەکردن و سڵاوکردن دەبێت و فێر دەبێت ڕێز لە مامۆستاکانی بگرێت.

 

"چەندین جار ڕووبەڕووی توندوتیژی بوومەتەوە"

شارا بایز باسی لەوەکرد باخچەی ساوایان زیاتر لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێت، بەڵام بەهۆی داخراوی کۆمەڵگەوە بە بێدەسەڵات سەیری ژنان دەکرێت و هەندێک کات ڕووبەرووی هەڕەشە دەبنەوە، لە سنوری چەمچەماڵ کە منداڵێک وەرناگیرێت یاخود کێشەیەک بە هۆکاری جیاواز دروست دەبێت، بە شێوازێک خێزانەکان بەتایبەت باوکی منداڵەکان قسە دەکەن، کە تەواو ئەقڵیەتی پیاوسالارییە و بە بێدەسەڵات سەیری ژنەکان دەکەن، زۆر کات سەرزەنشت دەکەن تەنها لەبەر ئەوەی ژنیت، وتیشی: تا ئێستاش ئەو حاڵەتە بەدی دەکرێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا شارا بایز وتی: چەندین جار ڕووبەڕووی هەڕەشە بووینەتەوە، کاتێک منداڵێکم وەرنەگرتووە بەهۆی ئەوەی باوکەکەی درەنگ هێنابووی بۆ ناو تۆمارکردن و شوێنی بەتاڵ نەمابوو، باوکی هەڕەی لێدەکردم، یاخود حاڵەت هەبووە هاوژینی یەکێک لە مامۆستا یاخود دادەکات هەڕەشەی کردووە، ئەمەش دەریدەخات تا ئێستا ئەقڵیەتی پیاوسالاری لەم سنورەدا بوونی هەیە.

 

"تووشبوون بە شێرپەنجە واتای مردن نییە، بەڵکو فێری بەرەنگاربوونەوەت دەکات"

شارا بایز لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ یەکەم جار تووشی شێرپەنجە بووە و توانیویەتی بەسەریدا زاڵ بێت، لە پاش پێنج ساڵ بۆ جاری دووەم تووشی شێرپەنجە بووە و لە ئێستادا چارەسەری کیمیایی وەردەگرێت، وتیشی: خۆشەویستیم بۆ کارەکەم وایکردووە بەردەوامبم و لەبەر نەخۆشی واز نەهێنم، بەڵکو هەوڵ دەدەم زاڵ بم بەسەر نەخۆشیەکەمدا، چونکە تووشبوانی شێرپەنجە لە ٪٥٠ی چارەسەری بەدەست پزیشکە و ئەوەی تری دەکەوێتەوە سەر کەسەکە خۆی.

 

شارا پەیامی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە هەیە، کە کاتێک تووشی شێرپەنجە دەبن بێ هیوا نەبن و وا هەست نەکەن ژیان کۆتایی هاتووە، بەڵکو بەرەنگار ببنەوە و بچنەوە سەر ژیانی خۆیان و کارەکانیان، لە کۆتاییدا دەڵێت: هەموو ژنێک پێویستە خاوەنکاری سەربەخۆی خۆی بێت، تەنانەت ئەگەر پێویستیشی پێی نەبوو، گرنگە کار بکات، چونکە ژنی خاوەن ئابووری سەربەخۆ ژنێکی ئازاد و خێزانێکی ئازاد بەرهەم دەهێنێت.