زیاتر لە ٤٠٠ کەسایەتی ناسراو بۆ پشتگیری ڕۆژئاوا بانگەواز دەکەن
ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسی، بانگەوازێکی هاوبەشی زیاتر لە ٤٠٠ کەسایەتی ناسراوی بۆ پشتگیرکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوەو ڕایانگەیاند، قبووڵ ناکەین سەرکردەکانمان لایەنی دەسەڵاتێکی مەترسیدار بگرن، قبووڵیش ناکەین کە چالاکی پشتیووانی لە کورد سەرکوت بکەن.
ناوەندی هەواڵ
یەکێتی ئەوروپا لە سەرەتای مانگی کانوونی دوومەوە، ئەوەی پەسەند کردووە کە بڕی ٦٢٠ ملیۆن یۆرۆ هاوکاری بە ڕژێمی دیمەشق ببەخشێت، هەروەها لەوبارەیەوە زیاتر لە ٤٠٠ کەسایەتی ناسراو واژۆیان لە ژێر وتارێکدا کرد و لە ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسی بڵاو کرایەوە.
واژۆکاران بانگەوازیان کرد، پێویستە ڕێڕەوی مرۆی بۆ شاری کۆبانێ بکرێتەوە، هەروەها دەبێت بۆ بەرژەوەندییە ئابووری و جیۆپۆلەتیکییەکان مافەکانی گەلان نەکرێنە قوربانی، قبوڵ ناکەین سەرکردەکانمان لایەنی دەسەڵاتێکی مەترسیدار بگرن، قبووڵیش ناکەین کە چالاکی پشتیووانی لە کورد سەرکوت بکەن.
ڕایانگەیاند، ڕۆژئاوا و پڕۆژە سیاسیەکەی ڕووبەڕووی هێرشی حکومەتی کاتیی سووریا بووەتەوە، حکومەتی ئەحمەد شەرع بەرگری لە کۆمارێکی ناوەندی و دژە دیموکراسی دەکات.
هەر لە وتارەکەدا باس لەوەکراوە، ئەو ئاگربەستەی لە ٢٠ـی کانوونی دووەم ڕاگەیەندرا لەلایەن حکومەتی کاتییەوە پێشێل کراوە، قەسەدە لە تێکۆشانی دژ بە داعش زیاتر لە ١٢ هەزار شەهیدی داوە و سوودی لە پشتیووانی ئەمریکا وەرگرتووە وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بۆ ئەم بەشدارییە، بەڵام ئەم پشتیووانییە ڕۆژی سێشەممە کۆتایی هات و جارێکی دیکە بە تەنها جێهێڵرا.
وتیشیان: بەداخەوە توندوتیژی بەرامبەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و کورد شتێکی نوێ نییە، لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٥ بە بیانووی ئەوەی کادرانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد ڕاپەڕیون، هێزەکانی حکومەت کۆمەڵکوژییان لە دژی پێکهاتەی عەلەوییەکان ئەنجامدا و ئەم هێرشانە بە درێژایی ساڵ بەردەوام بوون، لە مانگی تەمموزدا کۆمەڵگەی دروزیش کرایە ئامانج، ئەم سیاسەت و کۆمەڵکوژییە دژ بە ئەتنیک، ئایین تاوانێکە دژی مرۆڤایەتییە بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان.