خوێندکاران بەوێنەکێشان پشتیوانی کوردانی ڕۆژئاوا دەکەن
هاوکاری خوێندنگەی کۆمەڵگەی پەروەردەیی کۆیەی ناحکومی داهاتی پێشانگایەکی هونەری دەبەخشێت بە کەمپینی کوردانی ڕۆژئاوا.
شیا کۆیی
کۆیە_دوێنی ٢٦ی کانوونی دووەم، کۆمەڵگەی کۆیەی ناحکومی٫ لە شاری کۆیە هەڵسان بە کردنەوەی پێشانگای هونەری بەرهەمی فێرخوازەکان بە ناونیشانی "هـەست و ڕەنگ" داهاتی پێشانگەکەیان دەبەخشرێت بە ڕۆژئاوا.
هەڵاڵە ڕەحیم، کە پیشەی مامۆستا یە وتی: کۆمەڵگەکەمان هەڵسا بە کردنەوەی پێشانگای هونەری کە بەرهەمی فێرخوازەکانمانە بەسەرپەرشتی مامۆستا بەڕێز بە ناونیشانی "هـەست و ڕەنگ" و وێنەکان نرخێکی گونجاومان لەسەر داناوە تا بفرۆشێن و بتوانین هاوکاری کوردانی ڕۆژئاوا بکەین.
مامۆستا هەڵاڵە وتیشی: ئێمە پشتیوانی و هاوخەمی خۆمان دەردەبڕین بۆ ڕۆژئاوا ئینشاڵا کوردستان سەردەکەوێت و وڵاتمان هەریەکەو نابێت بەچوار.
تریفە قادر، مامۆستا لە خوێندنگەکە وتی: ئەمڕۆ ئەو پێشانگایەمان کردۆتەوە، پێکهاتوە لە تابلۆی جۆراوجۆر و دەستکردی خوێندکارەکانمانن، لەسەر داوای فێرخوازەکان و ئیدارەی خوێندنگەکە بڕیرماندا داهاتەکەی ببەخشین بە کوردانی ڕۆژئاوا چونکە ئێستا لە بارودۆخێکی خراپدان، ئێمە وەک مامۆستایان کار لەسەر ئەوەدەکەین هەستی نیشتمانی وکوردایەتی لەدڵی قوتابیەکان بچەسپێت.
ساتیا ئارەزوو، خۆێندکار لە هەمان فێرگە وتی: زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ ئەو پێشانگایەمان کردۆتەوە، وداهاتەکەی بۆ ڕۆژئاوایە، ئەوەش جێی خۆشحاڵیە، باسی لەوەشکرد کە زۆر گرنگە فێرخوازان هۆشیاربن لە خۆشەویستی نیشتمان و کوردایەتی، تا بە بڕێکی کەمیش بێت ئێمە پاڵشتی ڕۆژ ئاوابکەین.