هیومان ڕایتس وۆچ: حکومەتی سووریا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، سوپای سووریا و بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ڕۆژئاوای کوردستان تۆمەتبار دەکات، کە تێیدا بێڕێزی بە تەرمی ژنە شەڕڤانێک کراوە و گەمارۆی مەدەنییەکان دراوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتێکی لەسەر پێشێلکارییەکانی جەنگ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاوکردەوە و دەڵێت: چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا لە گەڕەکەکانی حەلەب، تەرمی ژنە شەڕڤانێکیان لە سەربانی باڵەخانەیەکەوە فڕێ داوەتە خوارەوە، ئەم کارەش وەک بێڕێزیکردن بە تەرم و تاوانی جەنگ لە قەڵەم دراوە.
هەروەها باس لەوە کراوە، کە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی جۆلانی لە حەلەب هەڵمەتێکی دەستگیرکردنیان دەستپێکردووە، دەیان هاووڵاتی کوردیان ڕاپێچی شوێنی نادیار کردووە، و دوای کۆنترۆڵکردنی بەنداوی تشرین لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە، بە ئەنقەست ئاو و کارەبا لەسەر ناوچەکانی کۆبانێ و بەشێک لە حەلەب بڕدراوە.
ئادەم کوگڵ، جێگری بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ڕێکخراوەکە وتی: بەکارهێنانی پێداویستییە سەرەتاییەکان وەک چەک دژی خەڵکی مەدەنی پێشێلکاری و تاوانی دژی مرۆڤایەتیە.