١٢٠ مامۆستای ژن لە لایەن تاڵیبانەوە لە كارەكانیان دوورخرانەوە
ماڵپەری دەنگی ژنانی ئەفغانستان بڵاویکردەوە، لەلایەن تاڵیبانەوە ١٢٠ مامۆستا لە شاری كابوڵ لە كارەكانیان دوورخرانەوە.

ناوەندی هەواڵ
ماڵپەری دەنگی ژنانی ئەفغانستان سەبارەت بە دەرکردنی مامۆستایانی ژن لە كارەكانیان لەلایەن تاڵیبانەوە ڕایگەیاند، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تاڵیبان ١٢٠ مامۆستای ژن، كە لە باخچەی ساوایانی شاری كابوڵ كاریان كردووە لە پیشەكانیان دوورخستەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو مامۆستایانە سێ مانگە مووچەی مانگانەیان وەرنەگرتووە.
ئەوە لە کاتێكدایە، تاڵیبان ماوەی مانگێکە دەستیکردووە بە دەرکردن و دوورخستنەوەی مامۆستایان و کارمەندانی ژن لە ناوەندەکانی خوێندندا، چالاکوانانی مافی مرۆڤیش ئەو هەنگاوە بە پێشێلکاری مافەکانی ژنان دەزانن.