ڕۆژی جیهانی منداڵان لە شاری هەڵەبجە بەرز ڕاگیرا

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەچەندین چالاکی جیاوازدا ڕۆژی جیهانی منداڵان بەرز ڕاگیرا و خەڵات بەخشرایە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت.

هەڵەبجە

 

سەنتەری چالاکی گەنجانی هەڵەبجە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە، گۆڤاری پەپولە و بڵاوکراوەی جاڕنامەی مافەکانی منداڵی بەسەر منداڵان و هاوڵاتیانی ناو شاری هەڵەبجەدا بەخشییەوە.

 

لە هەڵمەتەکەدا هەر سێ چینی منداڵان، دایکان و باوکان بۆ زیاتر ئاشنابوون بە مافەکانی منداڵ بەندەکانی مافی منداڵانیان پێ بەخشرا و ڕونکردنەوەی پێویست سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی منداڵان و مافەکانی منداڵیان پێدرا.

وەک دیاریەک بۆ ئەم ڕۆژەش ژمارەیەک گۆڤاری پەپولە، کە گۆڤارێکی مانگانەیی منداڵانەیە و لەلایەن منداڵپارێزی کوردستانەوە چاپ و بڵاودەکرێتەوە بەخشرایە منداڵان.

لە چالاکییەکی دیکەدا ڕێکخراوی بەرەو ژیانێکی نوێ بۆ منداڵان، بە دروشمی "دیاری لە ئێمە، دڵخۆشی بۆ ئێوە" خەڵاتی بەخشییە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، تووشبووانی شێرپەنجە و نەخۆشیە درێژخایەنەکان.

مەبەستی خەڵاتەکانیش بزەخستنە سەر لێوی منداڵانی هەڵەبجە و دڵخۆشکردنیانە.

پاش نیوەڕۆش بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە و ڕێکخراوی نوێ ئاهەنگێک بۆ منداڵان ساز دەکەن، لە ئاهەنگەکەدا ئۆپەرێت و شانۆ و گۆرانی منداڵان نمایش دەکرێت.