"بەستنی گۆنگرە بۆ دووبارە نوێبوونەوەی کار و چالاکی ڕێکخراو گرنگە"

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان پێنجەمین کۆنگرەیان بەست، دوو لە ئەندامانی ڕێکخراوەکەش ئاماژە بەوەدەکەن، بەستنی کۆنگرە بۆ نوێکردنەوەی چالاکی و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان گرنگە، دەشڵێن: "ئامانجمان یەکڕیزی ژنان و خەباتە بۆ پاراستنی ژنان"

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە ٢٨ی ئایار/٥دا لە هۆڵی لاهای لە شاری کەرکوک، پێنجەمین کۆنگرەی ڕێکخراوەکەیان بە دروشمی "بە پەروەردە و ڕێکخستن و پاراستنی ژنان، ئازادی تاک و سیستەمی دیموکراتییانەی گەل گەرەنتی دەکەین" و بە بەشداری ٢٥٠ ژن لە شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستانەوە بەسترا، تێیدا پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراو و کار و چالاکییەکانیان بۆ دوو ساڵی داهاتوو داڕشتەوە، هەروەها سەرلەنوێ ئەندامانی بەڕێوەبەری ڕێکخراو کە لە ٢١ کەس پێکدێت بە دەنگدان هەڵبژێردران.

"ئامانجمان یەکڕیزی ژنان و ڕێکخراوەکانە"

سۆما فەرهاد، سەرپەرشتیاری بەشی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکە تایبەت بە ژنها ئاماژەی بە گرنگی بەستنی کۆنگرەدا لە ئێستادا کە چەندین ڕێگریان لێکراوە، کرد، هەروەها وتیشی لە هەریەک لە شارەکانی سلێمانی و ناوچەکانی دیکە ڕێگەیان نەدراوە کە کۆنگرەکەیان ببەستن بۆیە شاری کەرکوکیان هەڵبژارد: لە کۆنگرەکەدا پەیڕەوی ناوخۆ خوێندرایەوە و دەنگی لەسەردرا، ڕاپۆرتی سێ ساڵ کار و چالاکی ڕێکخراوەکە نمایشکرا و پێشنیار و بڕیاریش بۆ کاری دوو ساڵی داهاتوو  کە لەلایەن بەڕێوەبەری و کۆردیناسیۆنەوە ئامادەکرابوو، خوێندرایەوە و دەنگدانی بۆ کرا، هەروەها پێشنیاری ئامادە بووانیش وەرگیرا، ئامانجیشمان یەکڕیزی و خستنە گەڕی ژنان و ڕێکخراوەکانی ترە، دەشمانەوێت ئەو فۆڕمەی کۆمەڵگا بۆ ڕێکخراوەکانی بیناکردووە و ڕێکخراوەکان تەنها بە وێنە دەبینن بگۆڕین.

 

سۆما باسی لەوەشکرد: بە یەکڕیزی لەگەڵ ڕێکخراو و ژنانی چالاکوانی دیکە زیاتر دەتوانین خواستەکانی کە هەمانە بەدیبهێنین، لە دوو ساڵی داهاتوودا دوو کەمپەینمان ڕاگەیاند لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکەدا لە دژی داگیرکاری و توندوتیژی تا ئێستا بەردەوامە و کاری تێدا دەکەین، بڕیاریشمان داوە کەمپەینی دیکە ڕابگەیەنین.

"پێویستە ڕێکخراوەکان بە پەیڕەو و پڕۆگرامی خۆیاندا بچنەوە"

ویژدان نورەدین مامۆستای زانکۆ و ئەندامی ڕێکخراوەکە ئاماژە بە گرنگی بەستنی کۆنگرە دەدات بۆ دووبارە داڕشتنەوەی کار و خەبات و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، دەشڵێت: بەستنی کۆنگرە دەتوانێت زووتر کەموکوڕییەکان چارەسەر بکات و نەهێڵێت کاری ڕێکخراوەکە بە ئاراستەی لاوازیدا بچێت، ئەو بڕیارانەی لە کۆنگرەی پێشووی ڕێکخراوەکەماندا دراوە، تا ئاستێکی باش سەرباری هەموو ئەو ئاستەنگییانەی هاتووەتە سەر ڕێی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان جێبەجێ کراون، توانراوە هەنگاوی باش هەڵبهێنێت، بەستنی ئەم کۆنگرەیەش بەڵگەیەکە بۆ کارەکانمان کە ژمارەیەکی باشی ژنان ئامادە بوون.

 

ویژدان نورەدین دەربارەی ئامانجی کارکردنیان وتی: ئامانجمان یەکڕیزی ژنانە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، بێ جیاوازی ڕەنگ و ئاین، نەتەوە و ڕەگەز، ئامانجیشمانە کێشە و کەموکوڕییەکانی بەردەم ژنان چارەسەر بکەین، چونکە دەبینین لەم دوو ساڵەی کۆتایدا ڕێژەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بەرز بووەتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە پێویستە ڕێکخراوەکان پێداچوونەوە بە پەیڕەو و پڕۆگرامی خۆیاندا بکەنەوە تا هۆشیاری زیاتر بڵاو بکەنەوە و ڕێگە بگرن لە هەڵکشانی ئەو دیاردەیە.

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان سەرەتا مۆڵەتی فەرمی لە عێراق وەرگرتووە بە ناوی "ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان"، بەڵام لە دوای داواکردنی مۆڵەت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر مۆڵەتیان بە هەمان ناوەوە پێنادرێت و دەوترێت دەبێت ببێت بە "ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان"، لە ئێستاشدا ڕێکخراوەکە بەو ناوەوە لە باشوری کوردستاندا کار و خەبات دەکات، ڕۆژی هەینی ٢٨ی ئایار پێنجەمین کۆنگرەی نوێبوونەوەی خۆیان و بۆ دوو ساڵی داهاتوو پلانی کاریان داڕشتەوە.

 

ت.پ