ژنێک لەناو بینای فەرمانگەیەکی حکومیدا بەهۆی تەقەی پیاوێکەوە کوژرا
بەیانی ئەمڕۆ لەناو بینای وەزارەتی کارەبا لە شاری هەولێر، فەرمانبەرێک تەقەی لە ژنێکی فەرمانبەری هەمان وەزارەت کرد و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:١٨، لەناو بینای وەزارەتی کارەبا لە شاری هەولێر، پیاوێکی فەرمانبەر، تەقە لە ژنێکی ئەندازیار کە فەرمانبەری هەمان وەزارەت بووە، دەکات و لەپاش چەند سەعاتێک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر ژنەکە گیانی لەدەستدا.
ژنە کوژراوەکە ناوی شادی عەبدوڵایە و ئەندازیار بووە لە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بکوژەکەش هەر لە هەمان وەزارەت کارمەند بووە، بەپێی زانیارییەکان لەدوای ئەوەی گفتوگۆیەک لەنێوان ژنە کوژراوەکە و تاوانباردا دروست دەبێت، تاوانبار دوو گولـلە دەنێت بە ژنەکەوە، هەرزوو تاوانبار دەستگیردەکرێت و ژنەکەش ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر دەکرێت.
بەڵام لەدوای چەند کاتژمێرێک لە نەخۆشخانە شادی عەبدوڵا گیان لەدەستدەدات.
لە ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی كارەبای حكومەتی ھەرێمی كوردستان هاتووە: "بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە ئەمڕۆ كاتژمێر ١٠:١٨خولەکی سەرلەبەیانی رێكەوتی ٢٩/٣/٢٠٢١ لە كارەساتێكی دڵتەزێندا ئەندازیار شادی عەبدوڵڵا فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی دابەشكردنی وەزارەتی كارەبا لەكاتی دەوامی فەرمی خۆیدا لەلایەن فەرمانبەرێكی دیكەی وەزارەتی كارەباوە بە دەمانجە كوژرا و لەلایەن پاسەوانەكانی وەزارەتەوە دەستگیركرا و دواتر راستەوخۆ هێزە ئەمنیەكان بكوژەكەیان دەستگیركرد".
ت.پ