ژنانی ئەفریقا تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنووسانیان شەرمەزار کرد
ڕێکخراوی هەماهەنگی هەرێمی جیهانی ژنان لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیدانەی بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسانی کرد و ڕایگەیاند، بە مەبەستی ڕاپۆرتکردنی ڕاستییەکان بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" دژی دڕندەیی و دەستدرێژیکردن تێدەکۆشن.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی هەماهەنگی هەرێمی ژنان لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ڕاگەیەندراوێک، هێرشی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان لە سلێمانی، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، ئیدانەی کرد.
ڕێکخراوەکە داوای لە تەڤگەرەکانی ژنان لە جیهاندا کردووە کە لە بەرامبەر ئەو هێرش و توندوتیژیانە یەکبگرن، بەرەی خۆیان بەهێزتر بکەن و لە دژی سیستمە ستەمکارەکان بوەستن، ئەمەش پێویستی بە پشتیوانی سنووربەزێن هەیە.
هەروەها ڕێکخراوەکە بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو، ئەم جۆرە تاوانانە ڕێگری لە خەباتی ئەوان ناکات، بەپێچەوانەوە خوێنی شەهیدان دەبێتە پروسکێک بۆ زیادکردنی خەبات تا یەکسانی و دادپەروەری بەدەست دەهێنن، ئەوانیش دژی ستەم و گەیاندنی ڕاستی بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" تێدەکۆشن.