گەلی کۆبانێ دژی هێرشی قامیشلۆ ڕێپێوانیان کرد

دانیشتووانی کۆبانێ دژی هێرشی سەر شاری قامیشلۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە چوونە مەیدانەکان ژنان ئاماژەیان بەوەکرد، بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" دژی هەموو جۆرەکانی قڕکردن تێدەکۆشن.

کۆبانێ

 

دوێنێ ٢٨ی ئاب، لە شاری قامیشلۆی سەر بە کانتۆنی جزیرە تەقینەوەیەک لە ئۆتۆمبێلێکی خێزانێکدا ڕوویدا، لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەی کە لە تەنیشت ناوەندی پۆستە و گەیاندن لە شارۆچکەی ئینتەریێ ڕوویدا، خالیدە محەمەد شەریف تەمەن ٤٠ ساڵ و هەژار عەدنان سلێمان کوڕەکەی گیانیان لەدەستدا.

 

ئەمڕۆ سەدان دانیشتووی عەرەب و کوردی شاری کۆبانێ بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی کۆنگرەی ستار، دژی هێرش و بۆردومان و بەتایبەتی ئەو ڕووداوەی دوێنێ لە قامیشۆ ڕوویدا، ڕێپێوانیان کرد، لەو ڕێپێوانەدا کە خۆبەڕێوەبەری، بنەماڵەی شەهیدان، گەنجان، لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هتد ئامادەبوون، ژنان بە بەرزکردنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بێ پچڕان توڕەیی خۆیان نیشان دا.

 

ڕێپێوانەکە بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنانی ئازاد کۆتایی بە سیاسەتەکانی جینۆساید و داگیرکاری دەهێنین" بە هەڵگرتنی پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئاڵای کۆنگرە ستار، وێنەی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین خالیدە شەریف و هەژار عەدنان، لە ناوچەی ژنی ئازاد لەگەڵ ناوچەی ئاشتی دەستیپێکردو دوای خولەکێک لە ڕێزلێنان و وتنەوەی دروشمی "شەهیدان نامرن"، زۆزان بەکر، وتەبێژی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار قسەی کرد.

 

"بە ژن، ژیان، ئازادی، ئازادی مسۆگەر دەکەین"

زۆزان بەکر سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە کرد کە لە هێرشەکەی قامیشلۆدا گیانیان لەدەستدا و وتی: ئەو ژنانەی بە ئەنقەست لەلایەن دەوڵەتی تورکیا دەکرێنە ئامانج، کار و خەباتیان هەرگیز بە نیوەیی نابێت و بە ماندووبوون بەسەریاندا زاڵ دەبێت،  ژنان لە ژێر چەتری فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی کۆدەبنەوە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن، تا ئازادی ژنان و کۆمەڵگە مسۆگەر نەکرێت، کۆمەڵکوژییەکانی دژی گەلەکەمان ناوەستن، دایکی وەک خالیدە و تێکۆشەری وەک گوڵستان تارا و هەڤاڵەکانی دەبن و بەرخۆدان دەکەن.

 

زۆزان بەکر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەوڵەتی تورک چەندین جار کۆمەڵکوژی دژی ژنان و خێزان و منداڵان ئەنجام داوە، نامۆ نین بەم سیاسەتانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆیە ئەوەی پێویستە لەم پڕۆسەیەدا هەڵوێستێکی هاوبەشی ژنان و کۆمەڵگەکەمانە، ئەمڕۆ ئەو ژنانەی کە خۆیان بو ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ ڕێکخستووە، دەکرێنە ئامانج.

 

"ژنان لەسەر ئاستی جیهانی وەڵامی قڕکردن دەدەنەوە"

زۆزان بەکر هەڵوێستی ژنانی کۆبانێ و ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای بەم شێوەیە دەربڕی: پەیام و هەڵوێستی ئێمە لە دژی ئەو ڕێککەوتن و هێرشانە ڕوونە، هەرگیز لە پشت ئەم هێرشە ترسنۆکانەوە ناوەستین و دەستبەرداری دەستکەوتەکانمان نابین، شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کە بە ماندووبوون و خەبات و ئیرادەی گەلەکەمان پەرەی سەند، بۆ دەوڵەتی تورک بەجێناهێڵین، بە تایبەتی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، کە بووەتە گشتگیر و لەسەر دەیان هەزار ژن لە خەباتیاندا بونیاد نراوە، لاواز نابێت و گەشە دەکات، بۆیە ئەم هەڵوێستەی ژنان ئەمڕۆ گەورەترین وەڵامە بەرامبەر بەو داگیرکاری و جینۆسایدە کە بەسەر ژناندا دەگوزەرێت.