'ژنانی تونس ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە گۆڕەپانی سیاسیدا'
هند عومەر، چالاکوان سەبارەت بەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی ژنانی تونس دەبنەوە وتی: ژنانی تونس هێشتا لە بەڕێوەبردنی کایەی سیاسیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، هەرچەندە لە گۆڕەپانی سیاسیدا چالاکن، بەڵام ڕێگرییان لێدەکرێت.
ئیخلاس حەمرونی
تونس- بەهۆی ئەو ڕێوشوێنە نایاساییانەی کە قەیس سەعید، سەرۆکی تونس ڕایگەیاندووە، لە ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢١ەوە چالاکییەکانی پارتە سیاسییەکان لە تونس کەمبوونەتەوە، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان سنووردارکردنی ڕۆڵی حزبەکانی له بڕیاردان له خۆ گرتووە، ئەم گۆڕانکارییە سیاسییە کاریگەری لەسەر ئەو لایەنانە هەبووە کە خەمی پرسە نەتەوەییەکانیان هەیە و بەشدارن لە ژیانی سیاسیدا.
"کاریگەرییەکانی بڕیارەکە لەسەر ڕێژەی ژنان لە سیاسەتدا'
هند عومەر، چالاکوان و ئەندامی تۆڕێکی پێشەنگی ژنان لە تونس، باسی لە دۆخی سیاسی و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان کرد و وتی: دۆخی سیاسی ئێستا کاریگەری لەسەر ڕێژەی نوێنەرایەتی ژنان لە پێکهاتەکانی هەڵبژاردندا هەیە، هەروەها ئەمە وادەکات ڕۆڵیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا کەم ببێتەوە، هۆکاری ئەمەش کەمبوونەوەی چالاکیی حزبی سیاسییە لە ناوچەکەدا، لایەنەکان نەیانتوانی ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکەن کە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بە هاوڵاتیانیان دابوو، ئەمەش بووە هۆی ناکۆکی لە نێوان خەڵکدا، هەندێک لایەن هەیە تەنها بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات کاردەکەن بەبێ ئەوەی بەرژەوەندی خەڵک لەبەرچاو بگرن، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەشداری و ڕێژەی ژنان لە سیاسەتدا.
"هێشتا ژنانی تونس بەربەستیان لەبەردەمدایە"
هند عومەر لە درێژەی قسەکانیدا، سەرنجی بۆ ڕێژەی ژنان لە سیاسەتدا ڕاکێشا و وتی: نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمان بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو باشتر بووە٫ لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ساڵی٢٠١٤ دا ۲۹ ژن لە نێو ۲۱۷نوێنەری پیاودا بوون، ڕێژەیان گەیشتبووە ۳۱%، لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیی ۲۰۱٨دا، ڕێژەی ژنان گەیشتبووە ٤٥%، کە ئەمەش وایدەکرد لە گۆڕەپانی سیاسیدا جێگەی خۆیان بگرن، بەڵام ڕێژەی ژنان لە هەڵبژاردنی یاسادانانی ساڵی ٢٠٢٢دا کەم بوو، لە سیدی بوزید لە کۆی ٣١ کاندید تەنها ژنێک لە لیستەکەدا بوو، بەهەمان شێوە لە پارێزگای قیروان لە کۆی ٤٥ کاندید تەنها ٥ یان ژن بوون، ئەمەش بەو واتایەیە کە ژنانی تونس هێشتا لەڕووی بەشداری سیاسییەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.
"پێویستە لە هەموو بوارەکاندا پاڵپشتی ژنان بکرێت"
هند عومەر جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لە گۆڕەپانی سیاسیدا پاڵپشتی ژنان بکرێت بۆ ئەوەی ئامادەیی خۆیان لە کایە کۆمەڵایەتییەکان بسەلمێنن، لە درێژەی قسەکانیشدا وتی: ئەو پاڵپشتییەی کە ژنان وەریدەگرن دەبێت لە هەموو بوارەکاندا بێت، چونکە ژنان ناتوانن هەموو پێداویستییە سیاسییەکانیان بەدیبهێنن، ئەگەر هاودەنگی لە نێوان دەسەڵاتدارەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕاگەیاندنەکاندا نەبێت، حکومەت دەتوانێت جەخت لەسەر ڕۆڵی ژنان بکاتەوە و ئامادەیان بکات بۆ گۆڕەپانی سیاسی کە تێیدا بتوانن چالاک بن، کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان پێویستە بەرنامەی ڕاهێنان و وۆرک شۆپ بەڕووی ژناندا بکەنەوە، چونکە ئەمە یارمەتی ژنان دەدات لە میکانیزمەکانی کاری سیاسی تێبگەن کە بڕیارەکان چۆن کاریگەرییان دەبێت، هەروەها ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگ و کارا لە بەشداری ژنان لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەگێڕێت، پێویستە راگەیاندنەکان سەرنجیان لەسەر ئەزموونی ژنان و سەرکردایەتیکردنیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا بێت.
"رێگای ژن لە گۆڕەپانی سیاسیدا درێژە"
هند عومەر ئاماژەی بەوەدا کە ڕێگای ژنان بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی گەورە درێژ و سەختە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ڕێگای بەردەم ژنان درێژە، هیوادارین لە داهاتوودا هەنگاوی پێشکەوتنخوازانە بۆ ژنانی تونس زۆر بن، ژنانی تونس دەتوانن لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا کاربکەن، تەنها پێویستیان بە پاڵپشتیکردن و ڕەخساندنی دەرفەت هەیە.