لە سودان هێرشی چەکداری کرایەسەر ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و نەخۆش و هاوەڵەکەی کوژران

ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن کە نەخۆشێکی لە کاتی منداڵبووندا هەڵگرتبوو، لەلایەن چەکدارێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و نەخۆشەکە و هاوڕێکەی کوژران.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور دووپاتی کردەوە کە ناوەندەکان دووچاری بۆردومان و هێرش دەکرێنەوە، ئەمەش ناچاری کردووە بەشێک لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی لە شاری فاشر ڕابگرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ماوەی مانگێکدا دوو لە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن هێرشیان کرایە سەر.

 

دوێنێ ١٢ی کانوونی دووەم، لە ئەنجامی تەقەی چەکدارێکی نەناسراو، نەخۆشێک و هاوڕێکەی لەناو ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن کە بەرەو نەخۆشخانە دەڕۆیشت گیانیان لەدەستدا.

 

ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ڕایگەیاند، ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەکە هی خۆیەتی و هێرشەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی یەکێک لە چاودێران، ئیدانەی خۆی بۆ ڕووداوەکە دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە نەخۆشەکە لە قۆناغی منداڵبووندا بووە و پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی فریاگوزاری هەبووە لە نەخۆشخانە لە کامپی زامزم بۆ نەخۆشخانەی سعودیە لە فاشر دەگوازرایەوە.

 

نەخۆشخانەی سعودیە تاکە نەخۆشخانەیە کە لە شاری فاشر نەشتەرگەری دەکات و سەرەڕای بەردەوامی هێرشەکان نەشتەرگەری ئەنجام دەدات.

 

ڕێکخراوەکە پشتڕاستی کردەوە کە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەکە بە ڕوونی لۆگۆ و ئاڵای MSF ی لەسەر بووە، و نەخۆشەکە و چاودێرەکانی و شۆفێرانی MSF و کارمەندانی پزیشکی هەڵگرتووە.