ژنانی سوەیدا: گۆڕانکاری بەبێ شۆڕشی ژنان ئەستەمە

بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکانی گۆڕەپانی کەرەمە جەختیان لەوە کردەوە، گۆڕانکاری بەبێ شۆڕشی ژنان ئەستەمە و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک بە پێشکەوتنی ژنان دەپێورێت.

ڕوشیل جونیور

 

سوەیدا- ژنان لە تەڤگەری جەماوەریدا کە ١١ مانگە لە شاری سوەیدای سووریا بەڕێوەدەچێت، ئامادەیییەکی بەرچاویان تۆمارکردوور و بووە هێمای خەبات دژی ستەم و نادادپەروەری.

 

دوێنێ ٢٦ی تەمووز لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی کەرەمە لە شاری سوەیدا سەدان هاوڵاتی گردبوونەوە و جەختیان لەوە کردەوە، بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتییەکان تا ئامانجەکانیان بەدیدێت، ئەو ژنانەی لە ڕیزی یەکەمدا ڕاوەستابوون لە ناڕەزایەتییەکەدا گوڵ و پانکارتیان هەڵگرتبوو کە داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیان دەکرد.

 

مەها زەینەدین، یەکێک لە بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکان وتی: ئەم بزووتنەوەیە درێژکراوەی شۆڕشی ساڵی ٢٠١١یە کە گەلی سووریا بۆ وەرگرتنەوەی ئازادی و کەرامەت ئەنجامیاندا و ڕاپەڕینی سوەیدا ١١مانگە و ئێستاش سروشتی ئاشتیانەی خۆی دەپارێزێت، ژنان لەم گۆڕەپانەدا ڕۆڵێکی دیاریان هەبوو، بەو پێیەی توانیان دەنگەکانیان بە شێوەیەکی مەدەنییانە بگەیەننە هەموو بەشەکانی جیهان، لەدایکبوونێکی نوێ بوو بۆ بزووتنەوەی جەماوەری، کە ئامانجی دامەزراندنی پڕۆژەیەکی نیشتمانییە لە سوەیدا و دابینکردنی مۆدێلێک بۆ گۆڕەپانی سووریا دژی ستەمکاری و کە تێیدا ژنان ٣٠%ی تێپەڕاندووە.

 

"داوا ئەکەم ژنان بۆ داوای مافەکانیان بێنە مەیدانەکە"

ڕیم ئەلشوفی وتی: ئێمە چووینە مەیدانەکە چونکە هەستمان بە نادادپەروەری کرد، منداڵەکانمان ئاوارە بوون و هەندێکیان لە دەریادا خنکاون، هەندێکیشیان لە زیندانەکاندان، بۆ ئەوەی ئازارەکانمان دەرببڕین و دەنگی خۆمان بگەیەنین ئامادەین،  تیرۆرە نامانترسێنێت، و بەردەوام دەبین لە داوای ئاشتی، داوا لە هەموو ژنان دەکەم بێنە دەرەوە بۆ مەیدانەکەو بۆ داوای مافەکانیان.

ڕەحاب کەمالدین ڕوونیکردەوە، حزبی بەعس دزی و بەرتیل و ڕق و کینەی درێژە پێدا، زۆرێک لەو دەستگیرکراوانە هەن کە لە ئەنجامی ئەو ئەشکەنجەیەی بەرکەوتوون، لە زیندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە، کەسیش هیچی لەبارەیانەوە نەدەزانی، پێش ئەوەی حزبی بەعس کۆنتڕۆڵ بکات، وڵاتەکە دەوڵەمەند بوو بە سامان و دوای ئەوەی دەسەڵاتیان گرتە دەست، جگە لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، بووەتە یەکێک لە هەژارترین وڵاتان، دواتریش بۆ کوشتن هێزی بیانی هاتە وڵاتەکە.

 

وتیشی: ژن هەوێنی ئەو شۆڕشانەن، داوای پشتیوانی لە ژنان دەکەم بۆ ئەوەی لەم حکومەتە ڕزگارمان بێت، چونکە نەیانتوانیووە داواکارییەکانی منداڵەکانیان مسۆگەر بکەن.

مەسیلە عەبود، یەکێک لە بەشداربووانی مەیدانی کەرەمە ڕێزی لە دەستبەسەرکرا “لۆدی عەبود” گرت، کە دوای دەربڕینی بۆچوونی خۆی لە زیندانەکانی حکومەتی سووریا ڕاگیرا و وتی: بە دەستگیرکردن باجی داوای ئازادی لە وڵاتەکەماندا دەدەین.