بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەیەکی کینیا ١٧ منداڵ گیانیان لەدەستدا

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بەشە ناوخۆی قوتابخانەکەیان لە ناوەڕاستی کینیا، لانیکەم ١٧ خوێندکار گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، کە برینی ١٦ قوتابییان سەختە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ پۆلیسی کینیا ڕایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بەشەناوخۆی قوتابخانەکەی ئەکادیمیای هیڵساید ئینداراچا لە ناوچەی نێری لە ناوەندی وڵات، کە لە نیوەی شەودا کەوتووەتەوە، ١٧ خوێندکار گیانیان لەدەستداوە و چەندین برینداریش هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو تەرمانەی لە شوێنی ڕووداوەکە دەرهێنراون تا ئەو ڕادەیە سووتاون کە چیتر ناتوانرێت بناسرێنەوە، ژمارەیەکی دیکەیان کە ١٦ کەسیان باری تەندروستییان سەختە، برینداربوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەیەکی نزیک.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێدەچێت تەرمی زیاتر دەربهێنرێتەوە کاتێک ڕووداوەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ دەکرێت، تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکە نەزانراوە و لێکۆڵینەوەش کراوەتەوە.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەمە یەکەمین ئاگرکەوتنەوە نەبووە کە لە قوتابخانەکاندا ڕووبدات، لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەیەک لە نایرۆبی پایتەخت، نۆ منداڵ گیانیان لەدەستداوە.