ژنانی سوەیدا: بە هەوڵی تۆقاندن نامانترسێنن

ژنانی سوەیدا کە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییە بەردەوامەکاندا کردووە، جارێکی دیکە خوازیاری یەکگرتوویی هەموو پێکهاتەکانی سووریا و جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون.

ڕوشیل جونیور

 

سوەیدا-ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان بینی لە تەڤگەری جەماوەریی کە لە شاری سوەیدای سووریا بەڕێوەچوو، ١١ مانگ لەمەوبەر و جەختیان لەوە کردەوە کە تا بەدیهێنانی داواکارییەکانیان بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتی دەربڕین.

 

 دوێنێ هەینی ٢١ی حوزەیران، سەدان کەس لە دانیشتووانی شاری سوەیدا لە ناوەڕاستی مەیدانی کەرەمە بۆ بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان کۆبوونەوە و لپانکارتیان بەرزکردەوە کە داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی نایاسایی ئەنجومەنی گەلیان دەکرد، ئەمە جگە لەوەی وێنەیەکی گەورەیان لەنەخشەی سووریا بەرزکردەوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر یەکێتی سووریا بە هەموو جیاوازی و پێکهاتەکانەوە.

 

"ئەگەر زەوی بە بۆمب چێندرابێت ناترسین و پاشەکشەش ناکەین"

 ئیلهام ڕەیدان، مامۆستای خانەنشین کە بەشداری ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی هەینی کردبوو، وتی: ماوەی ١١ مانگە بەردەوامین لە ناڕەزایەتییەکان تا کۆتایی داوای مافەکانمان دەکەین، ناڕەزایەتییەکانی هەینی تایبەتن، چونکە هەموو گوندەکانی سەر بە شارەکە کۆدەکاتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتێکدا بەرەو مەیدانی کەرەمە دەڕۆیشتن، سەریان سوڕما لە بوونی چەند بۆمبێک کە زیانیان بە دوکانەکان گەیاندووە، وتی: بەم شێوەیە ڕژێم هەوڵدەدات ئەو خۆپیشاندەرانە بترسێنێت کە هاتوونەتە دەرەوە بۆ داوای مافەکانیان، بەڵام لە دەنگی تۆپ و بۆمب ناترسین، لە ئاشتیخوازی خۆمان پاشەکشە ناکەین و داوای یەکڕیزی گەل و خاک و گەلی سوریا دەکەین، هەموو گروپەکان بێنە دەرەوە بۆ ئەوەی داوای بەدیهێنانی یاسای نێودەوڵەتی و هاوڵاتیبوون و دیموکراتیەت بکەن.

بەشداربوو مای ئەلجەرمانی دووپاتی کردەوە بەربەستی بێدەنگییان شکاندووەو لە ترس ڕزگاریان بووە، گەورەترین بەڵگەش کۆبوونەوەی ژنانە لە مەیدانەکە بەشدارییان لە بەردەوامیی تەڤگەرەکە و پاڵپشتییە جەماوەرییەکەیان، دوای بەشداری سیاسی ژنان کەمترین بوو، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەوڵەکانی حکومەتی شام بۆ ترساندنیان هیچ سوودێکی نابێت.

مەها یاسین ئاماژەی بەوەکرد، نزیک دەبنەوە لە ساڵێکی نارەزایەتییەکان، بەردەوام دەبن تا جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی نەتەوەیەکگرتووەکان کە پەیوەندی بە ئاگربەستەوە هەیە، هەروەها گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەی سیاسی بۆ دۆخی سووریا،  خێراکردنی نەهێشتنی ئەو ڕژێمەی کە سووریاییەکانی لەناوبرد و ئاوارە کرد.

 

داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ئەوەی لە گەلی سووریا ماوەتەوە ڕزگار بکەن، کە ڕووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار دەبنەوە، ناوبراو ستایشی هەوڵەکانی ڕێکخەرانی تەڤگەرەکانی کرد کە بە درێژایی هەفتەکە لە مەیدانی کەرەمە ئامادەن، وتیشی: شانازی دەکەم بە بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان، شۆڕشەکەمان دەبێت سەرکەوتوو بێت چونکە شۆڕشێکی ڕاستە لە پێناو ژیانێکی شایستەدا.

هادیە کەمال ڕوونیکردەوە، ١١ مانگە داوای مافە لەدەستچووەکانیان دەکەن کە ڕژێم لێیانی وەرگرتووە، ئەمەش وایکرد ژنان بێنە دەرەوە و دەنگیان بەرزبکەنەوە دژی ئەو زوڵمەی کە بەدەستیەوە دەناڵێنن، وتی: هیچ شتێک ئێمە ناترسێنێت و بێهیوامان ناکات.