نەتەوەیەکگرتووەکان: لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ئێران ١٢ کۆڵبەری کورد و ١٣ کاسبکاری بەلووچ کوژراون
نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لە ئێران ١٢ کۆڵبەری کورد و ١٣ کاسبکاری بەلووچ کوژراون، دەبێت ئێران قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بۆ خانەوادەکانیان بڕەخسێنێت و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەسەر هەموو حاڵەتەکانی کوشتنی ئەم کەسانە بکرێت.
ناوەندی هەواڵ
چوار نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە کوشتنی کۆڵبەرانی کورد و کاسبکارانی بەلووچ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێید هاتووە: لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـی تا ئێستا بە لایەنی کەمەوە ١٢ کۆڵبەری کورد و ١٣ کاسبکاری سووتەمەنی بەلووچ بە هۆی دەسڕێژی گوللـەی هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسدارانی ڕژێمی کوژراون، هەروەها ژمارەیەکیان لە کاتی بە ئامانجگیراندا هیچ کاڵایەکیان پێ نەبووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، کاربەدەستانی ڕژێمی ئێران هیچ ئامارێکی فەرمی لەسەر ئەم بابەتە بڵاو ناکەنەوە و تۆمارکردن و بە بەڵگەکردنی ئەم حاڵەتانە کەوتووەتە ئەستۆی خانەوادەی قوربانیان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەروەها دەبێت دەرفەتی زانینی حەقیقەت، وەڵامدانەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بۆ خانەوادەکانیان بڕەخسێت و مافی خۆیانە لە دەرفەتی بژێوییەک کە نەیانخاتە بەردەم دەسڕێژی گوللـەوە بەهرەمەند بن، لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەسەر هەموو حاڵەتەکانی کوشتنی ئەم کەسانە بکرێت.
باس لەوەشکراوە، کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد و بەلووچ لە ڕیزی پەراوێزخراوترین توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێراندان، کە لەبەر نەبوونی هەلیکار بۆ بژێوی ژیان ناچار بوون ڕوو لە گواستنەوەی کاڵاو سووتەمەنی لە ناوچە سنوورییەکاندا بکەن، باجی ئەم هەژارییە بە گیانی خۆیان دەدەن.
واژۆکەرانی ئەم ڕاگەیاندراوە بریتین لە، مای ساتۆ نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا، مووریس تیدباڵ-بینز نێردەی تایبەت بۆ لەسێدارەدانی سەروویاسایی، ئێلێنا کارۆلینا دیاز گێلان نێردەی تایبەت بۆ هەژاریی زۆر و مافەکانی مرۆڤ و نیکۆلا لۆرات نێردەی تایبەت بۆ کاروباری کەمینەکان.