لە سوەیدا ڕفاندنی خێزانێک کە دووانیان منداڵن کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە
دوای ڕفاندنی خێزانێک لە شارۆچکەی قنوات کە دوو منداڵ و شۆفێری تەکسییان تێدایە، لەکاتی گەشتیان بۆ دیمەشق، کە چەکدارەکان ڕێگرییان لە ئۆتۆمبێلەکە کردووە و سەرنشینەکانیان بردووە بۆ شوێنێکی نادیار، کاردانەوەی فراوانی لێکەوتووەتەوە.
سوەیدا
ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی کاتی سووریا لەم دواییانەدا شاهیدی زیادبوونی بەرچاوی ڕفاندنەکان بوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژینگەیەکی ئەمنی لاوازە، کە نیگەرانییەکی بەرفراوانی گشتی لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەم ڕووداوانە دروستکردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی پەیامنێرمان لە سوەیدا، ٢٥ی ئایار، لە کاتی گەشتکردنیان بۆ دیمەشق بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەی فەرمی و پاسپۆرت، خێزانێکی خەڵکی سوەیدا کە دوو منداڵ (یەکێکیان منداڵێکی ساوایە) و شۆفێرێکی تاکسی ڕفێندران.
سەرچاوە خۆجێییەکان بە پەیامنێرمانیان ڕاگەیاندووە، ئەو کەسانەی ڕفێندراون بریتین لە (رائدکەمال زینەلدین و سەبا زەریفەی هاوژینی و فەجر زینەلدین کوڕە تەمەن ١٢ ساڵەکەیان و مەتەر زینەلدین کوڕە هەشت مانگانەکەیان و سەفوان قەزمانی شۆفێرەکەیان).
ڕفاندنەکە لەسەر ڕێگای دیمەشق-سوەیدا ڕوویداوە، کە چەکدارەکان ڕێگرییان لەو ئۆتۆمبێلە کردووە کە خێزانەکەی هەڵگرتبوو و بردیانە شوێنێکی نادیار.
ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ڕفێنەرەکان دوای ڕووداوەکە پەیوەندییان بە خێزانەکەوە کردووە، پێش ئەوەی هەموو پەیوەندییەکان لەدەست بچێت، لە ڕێگەی تەلەفۆنی پیاوە ڕفێنراوەکەوە، رەئد زینەلدین، داواکارییەکانیان خستۆتەڕوو.
ئەم ڕووداوە گرژی و توڕەیی لە سوەیدا بەدوای خۆیدا هێنا و داوای بەربڵاوی گشتی بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕفێندراوەکان و دەستەبەرکردنی ئازادکردنی دەستبەجێیان کرد، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە منداڵێکی ساو لەنێو ئەندامانی خێزانەکەیدایە.