ژنانی گوندەکانی پەروان ڕووبەڕووی دەستدرێژی و پێشێلکارییەکانی تاڵیبان دەبنەوە
بارودۆخی هەژاری، نەخۆشی و بێکاری، لەگەڵ ترسی دزی و کەسانی بەدزەهاتوو، ژیانی ژنانی لە ناوچە گوندنشینەکانی شارۆچکەی ”سەید خێل” لە پارێزگای پەروان زۆر سەخت کردووە، دوو ژن وردەکاریی هەڵکوتانی شەوانە و چۆنیەتیی مامەڵەکردنی بزووتنەوەی تاڵیبان دەگێڕنەوە.
بەهاران لەهیب
پەروان- لە یەکێک لە گوندەکانی شارۆچکەی ”سەید خێل” لە پارێزگای پەروان، هێشتا ڕووبەرە سەوزاییەکان تەواوی گوندەکەیان داپۆشیوە، لە هەمان کاتدا دەنگی ئەو منداڵانەی کە تازە لە قوتابخانەکانیان گەڕاونەتەوە لە کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا دەزرنگێتەوە، ژنانی نێو کێڵگەکان، جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگیان پۆشیبوو و پاشماوەی لاسکی گەنمەشامییان کۆدەکردەوە بۆ ئەوەی بۆ وەرزی زستان کۆگای بکەن، سەرەڕای ئەم دیمەنە گوندنشینییە ئارامە، هەژاری و بێکاری مۆری خۆیان لە ژیانی گوندنشینان داوە.
دوای بڕینی ڕێگەیەکی دوور و تێپەڕین بەلای چەندین ماڵی گوندەکەدا، لە ماڵی نەبیلە عەزیز وەستاین، کە یەکێک لە بووکەکانی و سێ منداڵ لەگەڵیدا دەژین، ئەو خاوەنی کۆمەڵێک چیرۆکە بۆ گێڕانەوە سەبارەت بەو سەختییانەی کە دانیشتووانی گوندەکەی ڕووبەڕووی دەبنەوە، وتی: خێزان هەیە تەنانەت نانی وشکیشی دەست ناکەوێت بۆ ئەوەی بژێوی پێ دابین بکات، دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بووەتە ئاستەنگێکی گەورە بۆ زۆر کەس.
بارودۆخی ژیانی نەبیلە عەزیز جیاواز نییە لەوانی تر، بەهۆی فشاری ئابوورییەوە، هەندێکجار بۆ چەندین مانگی لەدوای یەک، توانای دابینکردنی پارەی ئەو دەرمانانەی نییە کە پێویستین بۆ ڕاگرتنی ئاستی شەکرە لە خوێنیدا، نەخۆشی و هەژاری ژیانی ڕۆژانەیان زۆر سەخت کردووە.
”زیادبوونی ڕووداوەکانی دزی و تێوەگلاوەکان سەر بە بزووتنەوەی تاڵیبانن”
لە پاڵ ئەم کێشانەدا، ئاماژە بە زیادبوونی ڕووداوەکانی دزی لە ناو گوندەکەدا دەکات، بانگەشی ئەوە دەکات کە هەندێک لەو کەسانەی تێوەگلاون لەم ڕووداوانەدا سەر بە بزووتنەوەی تاڵیبانن.
یەکێک لە کوڕەکانی وەکو سووتەمەنیفڕۆش لە کاب کار دەکات، هاوژینەکەی لەگەڵ چوار منداڵەکەیاندا لە ماڵێکی سەربەخۆدا نیشتەجێ بوون، لە میانەی پێناسەکردنی ڕووداوێکدا، کە مانگێک لەمەوبەر لە ماڵی بووکەکەیدا ڕووی داوە، وتی: نێزیکەی مانگێک لەمەوبەر، داوام لە کوڕەکەم کرد شەو لەوێ بمێنمەوە، کاتێک ماڵەکەمان جێهێشت، بووکەکەم دەرگاکەی دادەخست، بەڵام هەستی بە بوونی کەسێک کرد لەسەر سەربانەکە، پرسیاری ناسنامەی کرد، بەڵام هیچ وەڵامێکی دەستنەکەوت، کاتێک لێی نێزیک بووەوە، کەسەکە ڕۆشنایی فلاشێکی ڕاستەوخۆ خستە سەر چاوەکانی بۆ ئەوەی دەموچاوی بشارێتەوە، لەو چركەساتەدا، بووکەکەم و کچەکەی کە تەمەنی نێزیکەی ١٣ ساڵە، دەستیان بە شەڕکردن کرد لەگەڵیدا، بە بیستنی هاواریان، دراوسێکان کۆبوونەوە و منیش گەشتمە شوێنەکە، لە کۆتاییدا ئەو کەسەمان ڕادەستی ئەندامانی تاڵیبان کرد کە ئەوانیش گەشتبوونە شوێنەکە، کاتێک دەمامکەکەیان لەسەر دەموچاوی لایە، یەکێک لە ئەندامانی تاڵیبان کە دەیناسی، پێکەنی و پرسیاری لێکرد کە چی دەکرد لەوێ.
نەبیلە عەزیز، ڕوونیکردەوە، کە ئەم ڕووداوە بووەتە هۆی دروستبوونی ترسێکی گەورەتر لەلای خێزانەکەی، دوای ئەم ڕووداوە، بووکەکەی ماڵ و ناوچەکەی جێهێشت و منداڵەکانی لەگەڵ خۆیدا برد بۆ کابول.
دەستدرێژیکردنە سەر مەدەنییەکان
دوای گوێگرتن لە گێڕانەوەکەی نەبیلە عەزیز، هاوڕێیەتیی ئەومان کرد بۆ دیدارکردن لەگەڵ ئەنیسگوڵ کەریم، ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵ کە ئەوەی گێڕایەوە کە بەسەری هاتبوو و وتی: چەند شەوێک لەمەوبەر، هاوژینەکەم و کوڕەکەم بۆ ئاودانی زەوییەکەمان چووبوونە دەرەوە بەهۆی کەمیی ئاوەوە، لەو کاتەدا هەستم بە بوونی پیاوێک کرد کە لە حەوشەی ماڵەکەماندا وەستابوو، کاتێک بانگم کرد بۆ ئەوەی پرسیاری ناسنامەی لێ بکەم، هێرشی کردە سەرم، دەستی بە هێزەوە خستە سەر دەمم و خستمیە سەر زەوی، پاشان بە قاچەکانی جێگیری کردم تا نەتوانم هەڵبستمەوە، هاوژینی کوڕەکەم و کچەکەم بە دەنگی کەوتنەکەم بەئاگا هاتن و توانیمان لە چنگیی ڕزگارم بکەن.
وتیشی: بە بیستنی هاوارەکان، دراوسێکان بۆ هاوکاری هاتنە دەرەوە؛ دەمامکەکەیان لەسەر دەموچاوی لایە و ناسییانەوە، چونکە دەرکەوت هەمان ئەو کەسەیە کە پێشتر تاڵیبان چەندین جار بە تۆمەتی دزی دەستبەسەریان کردبوو.
هەریەکە لە نەبیلە عەزیز و ئەنیسگوڵ کەریم وتیان ئەو کەسەی گومانی دزیی لێ دەکرێت سەر بە تاڵیبانە، هەروەها ئاماژەیان بەوەش کرد، کە لە دوای ناڕەزایەتییەکانی گەل، تاڵیبان دوو گەنجی ناوچەکەی دەستبەسەر کردووە کە لە درەنگانی شەودا بۆ ئاودانی کێڵگەکانیان چووبوونە دەرەوە، بە توندی لێیانی داوە، بە جۆرێک کە دوای تێپەڕبوونی چەندین ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکەدا هێشتا لە جێگادا کەوتوون، دووپاتیانکردەوە کە ئەم ڕەفتارانە ئامانجیان بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکانی گەلە.