لە ٢٥ وڵاتدا گەنجان بۆ داهاتووی خۆیان چالاکییان ئەنجام دا
لە ٢٥ وڵاتی ئەوروپا گەنجان بۆ مافی پەروەردە و مانەوە، هەروەها دژی گرانبوونی نرخی هەموو شتێک، قەیرانی کەشوهەوا و چەکداربوون چالاکییان ئەنجام دا.
ناوەندی هەواڵ
لە ئەوروپا خوێندکاران و کرێکارانی گەنج، بە بانگەوازی ”ئێمە بۆ داهاتووی خۆمان تێدەکۆشین، نەک بۆ جەنگەکانی ئەوان” ڕژانە سەر شەقامەکان
بە بانگەوازی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی مانگرتنی گەنجان کە لە زیاتر لە ٥٠ ڕێکخراوی خوێندکاران پێکدێت؛ لە ٢٥ وڵاتدا چالاکی ئەنجام دران، لە چالاکییەکاندا گەنجان داوایان کرد، بودجەی زیاتر بۆ پەروەردە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان تەرخان بکرێت، مافی مانەوە، موچەی شایستە، دادپەروەریی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی ئەو خەرجییانەی بۆ چەکداربوون دەکرێن.
چالاکییەکان گۆڕان بۆ بزووتنەوەیەکی هاوبەشی ئەوروپی
لە ئیتاڵیا ١٠ هەزار خۆپیشاندەر پشتگیرییان لە مانگرتنی گشتی کرد، لە فەرەنسا، بەریتانیا، پورتوگال، ئەڵمانیا و وڵاتانی تر چالاکییەکان گۆڕان بۆ بزووتنەوەیەکی هاوبەشی ئەوروپی.
فراوانترین چالاکییەکان، لە ئیتاڵیا مانگرتنی گشتیی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکای ”CGIL” بوو کە خوێندکارانیش بەشدارییان تێدا کرد و بەڕێوەچوو، ماوریزیۆ لاندینی، سەرۆکی ”CGIL” ئەوەی خستەڕوو کە لە زیاتر لە ١٠٠ شاردا بە ملیۆنان کەس بەشدارییان لە چالاکییەکاندا کردووە، وەزارەتی ناوخۆش هیچ داتایەکی نەدا، لە بۆلۆنیاش لە نێوان پۆلیس و چالاکواناندا پێکدادان ڕوویدا، لە فەرەنسا ئەو چالاکییانەی چەند هەفتەیەکە بەردەوامن، گۆڕان بۆ هاوپشتی لەگەڵ ئەوروپادا، لە ئەڵمانیا و لە بەرلین نزیکەی چوار هەزار کەس کۆبوونەوە، لە کۆڵن بە هەزاران خوێندکار ڕێپێوانیان کرد، لە لەندەن بە سەدان کەس خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
لە پورتوگال ڕەخنە لە پلانی بەرگریی ساڵی ٢٠٣٠ی ”Readiness”ی یەکێتیی ئەوروپا گیرا، لە ڕاگەیا ندراوە هاوبەشەکەدا داوا کرا چەکداربوون و سەربازیی زۆرەملێ هەڵبگیرێن، بۆ پەروەردە بودجە تەرخان بکرێت، هاوپشتی لەگەڵ فەڵەستیندا و دادپەروەریی کەشوهەوا و کۆمەڵایەتی بێتە دی.
هاوپەیمانییەکە ڕایگەیاندبوو کە لە ٤٠٠ شاردا چالاکی پلانی بۆ دانراوە، بەڵام ئاستی چالاکییەکان یەکلانەکرابووەوە، لە هەندێک وڵاتدا پێشبینی دەکرێت چالاکییەکان لە ٢١–٢٢ی تشرینی دووەمدا بەردەوام بن.