بە دروشمی "ژیانمان خۆشدەوێت سبەینێ" منداڵانی فەڵەستین لەنێو داروپەردوودا ئاهەنگی سینەما دەگێڕن

خولی دووەمی فێستیڤاڵی سینەمایی منداڵانی غەززە، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی منداڵ، لەبەردەم وێرانەکانی سینەما نەسری دەستی پێکرد، بە دروشمی «ژیانمان خۆشدەوێت سبەینێ»، بە ئامانجی گەیاندنی سینەما بە کامپەکانی ئاوارەبوون و خۆشی بەخشین بە منداڵانی غەززە.

نەغەم کەراجە

 

فەڵەستین- بەشداربووانی فێستیڤاڵی سینەمایی منداڵانی غەززە جەختیان لەسەر پابەندبوونی منداڵانی کەرتەکە بە مافی خۆیان لە ژیان و ئاسایش و کولتوور کردەوە، سەرەڕای بەردەوامیی بۆردوومان و ئاوارەبوون، داوایان لە جیهان کرد کە منداڵیی داگیرکراویان بپارێزێت و ژینگەیەکی ئارام دابین بکات.

 

لەبەردەم داروپەردووەکانی سینەما نەسری مێژوویی لە شاری غەززە لە فەڵەستین، چالاکییەکانی خولی دووەمی فێستیڤاڵی سینەمایی منداڵانی غەززە دوێنێ ٢٠ی تشرینی دووەم دەستی پێ کرد، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی منداڵ، لە هەوڵێکدا بۆ گەڕاندنەوەی ڕووبەرێک لە خۆشی و خەیاڵ بۆ ژیانی منداڵانێک کە جەنگ و ترس و بێبەشبوون گەمارۆی داون، بە دروشمی "ژیانمان خۆشدەوێت سبەینێ".

 

لەکاتێکدا منداڵان بووکەڵە و ئاڵایان هەڵگرتبوو و سروودیان دەوتەوە لە کاتی کردنەوەی کەرنەڤاڵدا، دەنگی بۆردوومان هەر ئامادە بوو لە دیمەنێکدا کە دژایەتیی نێوان مافی ئەوان لە ئاهەنگگێڕان و ڕاستیانیانی دەرخست کە هێشتا سادەترین وردەکارییەکانی منداڵیی ئەوان دەخاتە مەترسییەوە.

 

هەڵبژاردنی سینەما نەسر وەک شوێنێک بۆ دەستپێکردنی فێستیڤاڵ وردەکارییەکی تێپەڕ نەبوو، ئەو باڵەخانەی کە ڕۆژێک ڕووبەرێک بوو بۆ نمایشکردنی فیلم و پێشوازیکردن لە بینەران هیچی لێ نەمایەوە جگە لە داروپەردوو، دوای ئەوەی جەنگ پێی گەیشت، لەبەردەم ئەم شوێنەدا دامەزراوەی "مشهراوی" بۆ پاڵپشتیی سینەما و سینەماکاران ویستی دەستپێکردنی خولی نوێ ڕابگەیەنێت، دووپاتی دەکاتەوە کە منداڵانی فەڵەستینی مافی خۆیانە لە کولتوور و هونەر و کاتبەسەربردن تەنانەت لە سەختترین بارودۆخیشدا.

 

کەرنەڤاڵی کردنەوە دەستی پێ کرد، بە بەشداریی گروپەکانی کەشافەی فەڵەستینی و گروپەکانی دەبکە و منداڵان و بووکەڵەکان، لە دیمەنێکدا کە هەوڵی دا دیمەنەکانی ئاهەنگگێڕان بگەڕێنێتەوە لە شارێکدا کە وێرانکاری و ئاوارەبوون قورساییان خستووەتە سەر، چالاکییەکانی فێستیڤاڵ تا ٣٠ی کانوونی یەکەمی داهاتوو بەردەوام دەبن، لەسەر ئەوەی نمایش و چالاکییەکانی بگوازرێنەوە بۆ کامپەکانی ئاوارەبوون لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتەکەدا، لە باکوور و باشوور.

 

یافا مەشهەراوی، ڕێکخەری فێستیڤاڵ، ڕوونیکردەوە، کە کردنەوەکە بە شێوەی کەرنەڤاڵێکی فراوان هات، وتی: فێستیڤاڵەکە پەیامێکی هەڵگرتووە کە تێپەڕ دەکات لە ڕێکخستنی نمایشی سینەمایی، بۆ ئەوەی بگاتە جیهان بە دەنگی منداڵانی غەززە کە ژیانیان دەوێت سەرەڕای ئەوەی بەسەریاندا هاتووە، هەروەها دروشمی ”ژیانمان خۆشدەوێت سبەینێ” گوزارشت لە پابەندبوونی منداڵان دەکات بە مافەکانیان، سەرەڕای ئەو سەختییانەی لە کاتی جەنگدا ژیاون، دەمانەوێت دەنگی منداڵانی فەڵەستینی بگەیەنینە جیهان،  جەخت بکەینەوە کە ئەوان شایستەی ئەوەن وەک هەر منداڵێکی تر ژیانێکی بەکەرامەت بژین و مافەکانیان بەدەست بهێنرێت.

 

"سینەما دەگاتە چادرەکانی ئاوارەبوون"

 

بەرنامەی فێستیڤاڵ تەنها لەسەر ڕێکخستنی ئاهەنگێک لە شاری غەززە نەوەستا، بەڵکو ڕێکخەرانی ڕوویان کردە پشتبەستن بە سینەمای گەڕۆک بۆ گەیشتن بە منداڵان لە شوێنەکانی ئاوارەبوونیان، کە لەوێ نەبوونی شاشە و کارەبا و خانووەکان دارووپەرووەکان بوونە بەربەستی زیادە لەبەردەم گەیشتنیان بە چالاکییە کولتووری و کاتبەسەربردنەکان.

 

ڕوونیکردەوە، کە بیرۆکەی سینەمای گەڕۆک وەک وەڵامێک هات بۆ بێبەشبوونی منداڵان لە سەیرکردنی فیلم لە ماڵەکانی خۆیاندا، دوای ئەوەی زۆرێک ماڵ و سەرچاوەکانی کارەبا و سەقامگیرییان لەدەست دا، سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵ بڕیاریان دا بچن بۆ کامپەکان لەجیاتی چاوەڕوانیکردنی توانای منداڵان بۆ گەیشتن بە شوێنەکانی نمایش وتی: ویستمان بگەین بە منداڵان لە کامپ و شوێنەکانی ئاوارەبوونیان لە سەرانسەری کەرتەکەدا، تا پێیان بڵێین کە ئێمە لەگەڵتانین دەمانەوێت هەلی سەیرکردنی فیلم لەسەر شاشەکانتان بۆ دابین بکەین، با بۆ کاتێکیش بێت لە کەشوهەوای جەنگەوە بیانگوازینەوە بۆ کەشوهەوایەک کە ژیان و هیوا تێیدا زاڵە.

 

"منداڵانی غەززە مافی خۆیانە منداڵیی خۆیان بژین"

 

 

نەهیل ئەزبەکی، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکان لە فێستیڤاڵەکەدا، ڕوونیکردەوە، کە هەڵبژاردنی ڕۆژی جیهانیی منداڵ وەک وادەی دەستپێکردنی خولی دووەم ئاماژەیەکی تایبەتی هەیە، چونکە ڕێکخەران ویستیان بە شێوازی خۆیان لەگەڵ منداڵانی غەززەدا ئاهەنگ بگێڕن، پەیامێک ئاڕاستەی جیهان بکەن سەبارەت بە مافەکانیان کە لە کاتی جەنگدا لێیان داگیرکروە.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، کە بوونی فێستیڤاڵ لە تەنیشت سینەما نەسر هەڵگری دژایەتییەکی بەئازارە، چونکە دەبوو سینەماکە میوانداریی نمایشەکان بکات، بەڵام ئەو وێرانکارییەی بەری کەوت ڕێگری لەوە کرد، وتی: ئێمە ئەمڕۆ سینەما لەنێوان کامپەکانی ئاوارەبووندا پێشکەش دەکەین، لە تەنیشت سینەما نەسر دەوەستم کە یەکێکە لە ئاماژە کولتوورییەکانی غەززە و دەبوو نمایشی سینەمایی خۆمانی تێدا میوانداری بکەین، بەڵام جەنگ شوێنەکەی وێران کرد، ڕێکخەران هەڵیانبژارد لەگەڵ منداڵانی کامپی ”زەردەخەنەی هیوا” ئاهەنگ بگێڕن لە هەوڵێکدا بۆ خستنەدڵی خۆشی بۆ ناو ژیانیان کە نمایشەکانی فێستیڤاڵ دەگاتە کامپەکانی ئاوارەبوون لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتەکەدا.

 

منداڵی لەنێوان داروپەردوو و بۆردووماندا

 

ئاهەنگگێڕانەکە لە ڕاستی جەنگ دابڕاو نەبوو، ڕویدا ئەبو شەعبان، گەواهیدرێکی منداڵ کە بەشداربووە لە فێستیڤاڵەکەدا، وێنەیەکی ڕاستەوخۆی گواستەوە سەبارەت بەو کەلێنەی نێوان منداڵییەک کە ماڵ و شاشە و یاریکردنی دەناسی، ڕاستیەک کە منداڵان تێیدا بەنێو داروپەردوودا دەڕۆن و دەترسن هەر کۆبوونەوەیەک ببێتە شوێنێکی مەترسیدار.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە منداڵان دەیانەوێت بە ڕۆژە جیهانییەکەیان ئاهەنگ بگێڕن، تەنانەت لە سایەی جەنگ و ئاوارەبوون و ژیان لەناو چادرەکاندا، ئەگەر جەنگیش بەردەوام بێت، و تەنانەت ئەگەر بۆردوومانیش ئامادە بێت.

 

ڕویدا ئەبو شەعبان وردەکارییەکانی ژیانی پێش جەنگی هێنایەوە یاد وتی: پێش جەنگ، لە ماڵەکانی خۆماندا دەژیاین و لەناو ماڵدا سینەمامان دروست دەکرد کاتێک هەموومان کۆدەبووینەوە و شاشەکەمان دادەگیرساند و سەیری فیلمەکانمان دەکرد لەناو کەشوهەوایەک لە ئارام و خۆشیدا، هەروەها منداڵانی جیهان بە ئارامی دەردەچن بۆ یاریکردن بەبێ ئەوەی لە بۆردوومان بترسن.

 

پێناسەی ئەو گۆڕانکارییەی کرد، کە بەسەر ژیانیاندا هات وتی: ئێمە ئەمڕۆ بەنێو داروپەردوو و کۆمەڵەی خۆڵەمێش و وێرانەدا دەڕۆین، لەکاتێکدا منداڵانی جیهان بەنێو ڕووبەرە سەوزەکان و یاریگاکاندا دەڕۆن، هەموو شتێک گۆڕاوە، ژیانمان پڕ بووە لە سەختی و ترس، دوای ئەوەی دەردەچووین و یاریمان دەکرد و هەستمان بە خۆشی دەکرد.

 

بۆردوومان بۆ ڕویدا ئەبو شەعبان تەنها یادەوەری یان دیمەنێک نەبوو کە لە ڕۆژانی جەنگەوە بیهێنێتەوە، بەڵکو مەترسییەک بوو کە بەردەوام بەدوای منداڵانەوە بووە تەنانەت لە کاتی بەشداریکردنیان لە کەرنەڤاڵی فێستیڤاڵەکەشدا، وتی: بۆردوومانەکە لە کاتی ڕۆیشتنیان لە کەرنەڤاڵەکەدا ڕووی دا، لە ساتێکدا کە دووبارە بیری خستنەوە کە ناتوانن هەست بە ئارامی بکەن تەنانەت لەو چالاکییانەشدا کە بۆ دڵخۆشکردنیان تەرخان کراون.

 

مافەکان بە ئاهەنگگێڕان کورت ناکرێنەوە

 

پێویستی بەم ڕووبەرە هونەرییانە سنووری کاتبەسەربردن تێپەڕ دەکات، لە سایەی قەبارەی ئەو زیانانەی بەر ژیانی منداڵان و مافە بنەڕەتییەکانیان کەوتوون، داتاکانی یونسێف فراوانبوونی ئەو کەلێنە ئاشکرا دەکەن کە جەنگ بەجێی هێشتووە، ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، کە نزیکەی ٧٠٠ هەزار منداڵ، کە تەمەنیان لە نێوان ٤ بۆ ١٧ ساڵدایە، لە خوێندنی ڕووبەڕووی ڕێکخراو بێبەش کراون بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵی خوێندنی لەسەریەک، لەکاتێکدا، بەنزیکەی ٩٨٪ی باڵەخانەکانی قوتابخانە زیانیان پێ گەیشتووە.