لە حەسەکە بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم چالاکی بەڕێوەچوو
وۆرکشۆپێکی دیالۆگ کە لە شاری حەسەکە بەڕێوەچوو، تیشك خرایەسەر گرنگی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو بەرەنگاربوونەوەی باڵادەستی پیاوان بەمەبەستی کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
حەسەکە
لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کۆنگرەی ستار بە هاوکاری ئەنجومەنی ژنانی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک، وۆرکشۆپێکی دیالۆگی بە ناوی "پێکەوە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی: ژن، ژیان، ئازادی" لە پارکی خوێندنەوەی شاری حەسەکە بەڕێوەبرد.
لە وۆرکشۆپەکەدا نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان، ناوەندی ژنۆلۆژی، یەکێتی ژنانی سووریا، لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییەکانی مافی مرۆڤ بەشدارییان کرد، ئامانجی وۆرکشۆپەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان و ڕێگاکانی پێشگرتن لێی و بەهێزکردنی هۆشیاری کۆمەڵگە بۆ مافەکانی ژنان.
'ژنان ڕووبەرووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبنەوە"
لە بەشی یەکەمی وۆرکشۆپەکەدا، هەنا ئەحمەد، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە شاری حەسەکە باسی لە تەوەری "توندوتیژی دژی ژنان لە ڕێگەی داب و نەریتەوە" کردو سەرنجی بۆ ڕۆڵی هەندێک داب و نەریتی و تێڕوانینە هەڵە کۆمەڵایەتییەکان ڕاکێشا کە خزمەت بە پاساوهێنانەوە بۆ توندوتیژی دژی ژنان و سنووردارکردنی ئازادی و مافەکانیان دەکەن.
باسی لە جۆرەکانی توندوتیژی کرد کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە و ڕایگەیاند، توندوتیژی جەستەیی، دەروونی، زارەکی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، هاوسەرگیری منداڵ، جیاکاری لەناو خێزان، کۆمەڵگە، ژنان و پیاوان، و ڕێگریکردن لە ژنان لە خوێندن و کارکردن و بەشداریکردن لە بڕیاردان بەردەوامە.
"پاراستنی ئازادی و کەرامەتی ژنان بنەمای بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرانەیە"
لە بەشی دووەمدا خلود عەبدۆ بەڕێوەبەری ئەوقافی حەسەکە باسی لە تەوەری "زوڵمکردن لە ژنان بە ناوی ئایینەوە" کرد کە پەیوەندی نێوان پرەنسیپە ئاینییەکانە لەسەر بنەمای ڕەحمەتی و دادپەروەری و ڕێزگرتن لە مرۆڤەکان و ئەو پراکتیز و لێکدانەوانەی بەکاردێت بۆ پاساودانی توندوتیژی دژی ژنان یان سنووردارکردنی ماف و ئازادییەکانیان، جەختی لەوە کردەوە کە ڕێزگرتن لە ژنان ڕێزگرتنە لە مرۆڤەکان و کەرامەتیان، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان تەنیا ئەرکێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئایینی و ڕەوشتییە، پاراستنی ئازادی و کەرامەتی ژنان بنەمای بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرانەیە.
هەروەها بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە باسیان لە ڕۆڵی داب و نەریتەکان کرد کە هەندێک جار بۆ پاساوهێنانەوە بۆ توندوتیژی دژ بە ژنان بەکاردەهێنرێن و تیشکیان خستە سەر گرنگی گۆڕینی ئەو پراکتیزانە کە کەرامەت و مافەکانی ژنان پێشێل دەکەن.
بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە مافی ژنان بەشێکە لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرانە پێویستی بە بەشداری چالاکانەی ژنان هەیە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.
بانگەواز بۆ بەهێزکردنی خەبات
لە کۆتایی وۆرکشۆپی دیالۆگدا پێشنیارەکان خرانەڕوو بۆ تیشک خستنە سەر پێویستی بەهێزکردنی هۆشیاری کۆمەڵگە لە مەترسییەکانی توندوتیژی دژی ژنان و پێکەوە کارکردن بۆ پاراستن و پشتیوانیکردنیان. ئەو پێشنیارە سەرەکیانەی کە لە وۆرک شۆپەکەدا دەرکەوتن بریتی بوون لە؛
*بەهێزکردنی هۆشیاری کۆمەڵگە لە مەترسییەکانی توندوتیژی دژی ژنان و شێوەکانی.
*ڕوونکردنەوەی ڕۆڵی داب و نەریت و پراکتیکەکان کە شەرعیەتدان بە توندوتیژی دژی ژنان و کارکردن بۆ گۆڕینی.
*جەختکردن لەسەر ئەوەی کە کەرامەت و مافەکانی ژنان بەشێکن لە مافە بنەڕەتی و زەوتنەکراوەکانی مرۆڤ.
*ڕوونکردنەوەی کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی توندوتیژی و لێکەوتە نەرێنییەکانی لەسەر ژنان و منداڵان و کۆمەڵگە.
*جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ژنان و بەهێزکردنی بەشداریکردنیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.
*ئاشکراکردنی ڕۆڵی ژنان لە دامودەزگاکانی خوێندن و ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
*بەهێزکردنی کولتووری دیالۆگ و ڕێزگرتن لە یەکتر و لێکتێگەیشتن.
*جەختکردنەوە لەسەر گرنگی پاڵپشتی و کاری هاوبەش بۆ پاڵپشتی و پاراستنی ژنان لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی.