لە گردی مامەیارە بانگەوازی نەورۆزی یەکێتی نەتەوەیی لە قەندیل ڕاگایاندرا
لە سلێمانی لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆز بانگەوازی بۆ بەشداربوون لە نەورۆزی قەندیل ڕاگەیاندرا و داوا دەکەن نەورۆزی ئەمساڵ بکەنە نەورۆزی یەکێتی نەتەوەیی کورد و کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆرییەت.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە گردی مامەیەرەی شاری سلێمانی کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆز لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا دەربارەی نەورۆزی قەندیل ڕاگەیاندراوێکیان سەبارەت بە وردەکاریی ئاهەنگی نەورۆز لە قەندیل بڵاوکردەوە.
ڕووناک مەجید، ئەندامی کۆمیتەى ئامادەکاری نەورۆز ڕایگەیاند، بەدرێژایی مێژوو چیاکانی کوردستان بوونەتە شوێنی پاراستنی زمان، کولتوور و بەها نەتەوەییەکانمان، هەر بۆیە قەندیل وەکو چیای سەرکەش و لانکەی شۆڕش و خۆڕاگری دەیان ساڵە بۆ گەلی کوردی هەر چوار بەشی کوردستان ئامێزی جوانی بۆ جەژنی نەورۆز کردووەتەوە.
ئاماژە بەوەشکرا، ئەمساڵیش قەندیل هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئامێزی خۆی بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز کردووەتەوە و چاوەڕێمان دەکات، با نەورۆزی ئەمساڵ بکەینە نەورۆزی یەکێتی نەتەوەیی کورد و دامەزراندنی سیستەمی کۆنفیدراڵی دیموکراتیک و کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆرییەت.
بڕیارە ئێوارەی ٢٠ـی ئادار ئاگری نەورۆز لە قەندیل بکرێتەوە و ڕێپێوان بە مەشخەڵەوە بۆ سەر چیا و داگیرساندنی مۆم لەسەر گڵکۆی شەهیدان ئەنجام دەدرێت، ڕۆژی ٢١ـی ئاداریش بە بەشداری چەندین هونەرمەند و گرووپی هونەریی، ئاهەنگی کۆتاییش لە گۆڕەپانی نەورۆز لە بناری قەندیل دەست پێدەکات.