ژنان: ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین و بەڕێکەوتووین بۆ بادینان
ئەمڕۆ ڕێپێوان لە شاری کۆیەوە بەرەو شاری هەولێر دەستیپێکرد، بڕیارە لەوێشەوە بەرەو بادینان بەڕێکەون و قەڵغانی زیندوو دابنێن، ژنانی بەشداربوو ئاماژە بەوەدەکەن پێویستە هەڵوێست بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا نیشانبدەین تا ڕێگر بین لە داگیرکردنی خاکی کوردستان.
ناوەندی هەواڵ
بە پێشەنگایەتی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و گەنجانی وڵاتپاریزی کوردستان و بەشداری ژنان و چالاکوانان لە توێژە جیاوازەکان ڕێپێوانی ماوەدرێژ لە شاری کۆیەوە بەرەو بادینان دەستیپێکرد، بەشداربووانی ڕێپێوانەکەش بڕیاریان داوە لە بادینان قەڵغانی زیندوو دروستبکەن، دوو لە ژنانی بەشداربووی ڕێپێوانەکە لە لێدوانێکیاندا ئاماژەیان بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد و هەڵوێستی خۆیان نیشاندا داواشیان کرد بێدەنگ نەبن و دژ بە داگیرکارییەکان یەکڕیز بن تا سەرکەوتن.

شەهێن محەمەد هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە هەرێمی سلێمانی، یەکێک لە بەشداربووانی ڕێپێوانی گەنجان و ژنان و چالاکوانان بەرەو بادینان ئاماژەی بەوەدا: ئێمە وەک هاوڵاتییەکی وڵاتپارێز، هەستمان بەو بەرپرسیارییەتیە کرد کە ئێستا لەسەر شانمانە بەرامبەر بەو داگیرکارییانەی لەسەر خاکی باشوری کوردستانە، بە پێویستمان زانی وەک قەڵغانی زیندوو چالاکییەک بکەین و بە پیادە بەرەو بادینان بەڕێبکەوین.
"پێویستە دەسەڵات ببێتە قەڵغانی زیندوو"
شەهێن ئامانجی چالاکییەکەی خستەڕوو کە دەیانەوێت پەیامی خۆیان بگەیەننە هەولێر، وتیشی: دەمانەوێت پەیامەکەمان بگەیەنینە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کە بێ هەڵوێست نەبن لە ئاست ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاکی باشوری کوردستان بەڕێوەی دەبات، لەجیاتی بێدەنگبوون، دەبێت ئەوان ببنە قەڵغانی زیندوو و گوشار بکەنە سەر یەکێتی ئەوروپا و جیهان بۆ وەستاندنی ئەو داگیرکارییە.
ئەو بەشداربووی ڕێپێوانە ئاماژەی بەوەشدا دەوڵەتی تورکیا داگیرکاری دەکات و سەروەری خاکی عێراق دەبەزێنێت، کۆمەڵکوژی دەکات و ژینگەی کوردستان وێران دەکات: پیلانی دەوڵەتی تورکیاشە کە زەبر بە تێكۆشانی گەلی کورد بگەیەنێت و کوردستان پارچە بکات.

"بە یەکڕیزیمان داگیرکارییەکان تێکدەشکێنین"
سارا ڕەزا یەکێکی ترە لە بەشداربووانی ڕێپێوانی ماوەدرێژ بەرەو بادینان، لە لێدوانێکید باسی لەوەکرد کە دەوڵەتی تورکیا داگیرکاری لەسەر باشوری کوردستان بەڕێوەدەبات، دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستانیش بێدەنگن و پەکەکە بە بیانووی هێرشەکان دادەنێن، بەڵام لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیانەوە ئەوەش ڕادەگەیەنن کە دەوڵەتی تورکیا بە قوڵی ٤٠ کیلۆمەتر هاتووەتە خاکی باشوری کوردستان و ژینگەی کوردستان تێکدەدات، نمونەی تێکدەرییەکانی دەوڵەتی تورکیاش لە عەفرین و کۆبانێ و ڕۆژئاوای کوردستان دەهێنێتەوە و دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا ساڵی ٢٠١٤ لە شەنگال کۆمەڵکوژی کرد، ئەمە پیلانێکی تورکیا نییە و نێودەوڵەتییە، دەبێت گەلی کورد لەوە هۆشیارتر بێت لە ئاست داگیرکارییەکان و یەکڕیز و تەبایی حزب و لایەنەکان ڕێگر دەبێت لەو هێرشانە و دەبینە هێز.
سارا ئاماژەی بەوەشدا: ئەو بەرخۆدانییەی لە زاپ، ماتینا و ئاڤاشین دەکرێت، درێژکراوەی بەرخۆدانی گارەیە و دڵنیاین لەوەی گەریلاکانی ئازادی سەردەکەون، وەکو ژنان داوا لە گەنجان و ژنان دەکەین بەشداری چالاکییەکان بن و هەڵوێستیان هەبێت، دەوڵەتی تورکیا داگیرکاری خاک و فکری باشوری کوردستانی کردووە، بۆیە ژنان بەو هێز و ئیرادەیەی هەیانە دەتوانن داگیرکارییەکان تێکبشکێنن و پێویستە ژنان ڕۆڵیان هەبێت.
سارا دەڵێت پێویستە پارتە سیاسییەکانی باشوری کوردستان خۆیان یەکلا بکەنەوە کە لەناو هێڵی خیانەتدان یاخود لە بەرەی ئازادیخوازان و بەرخۆدانی گەل و نیشتماندا بن، ئەم ڕۆژانە لە مێژوودا تۆمار دەکرێن، هیوادارین گەلی کورد یەکبگرێت تا سەرکەوتوو بین لە ئاست داگیرکارییەکان.
ت.پ