ڕژێمی ئێران سزای زیندانیی بەسەر چالاکوانێکدا سەپاند

سپیدە قولیان، چالاکوان لەلایەن دادگای ئێرانەوە بەهۆی چالاکییەکانییەوە بە زیندانییکردن سزا درا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی سەرچاوە خۆجییەکانی ئێران، سپیدە قولیان، چالاکوانی مافی مرۆڤی ئێران لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی مەشهەدەوە، بە پێنج ساڵ و شەش مانگ زیندانیی سزا درا، لە گرتووخانەی وەکیل ئابادی شاری مەشهەد زیندانییکراوە.

 

هەروەها سپیدە قولیان بەهۆی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی پرسەی پارێزەر خەسرەو عەلی کوردی  و چالاکییە ناڕەزایەتییەکانی سزادراوە، کە پێشتر لە ١٣ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، لەگەڵ حەوت چالاکوانی دیکە، لە مەشهەد لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەستبەسەر کراون.

 

هاوکات، فشارە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران لەسەر خێزانەکەی سپیدە قولیان زیادیان کردووە، سێپیدە قولیان کەسایەتییەکی ناسراوی بزووتنەوەی کرێکاری و چالاکوانی مافی مرۆڤە و پێشتر چەندین جار بە تۆمەتی ناڕەزایەتی کرێکاری، بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان و دەربڕینی بۆچوونەکانی دژی سیاسەتەکانی حکومەت دەستبەسەرکراوە و سزای بەسەردا سەپێندراوە.

 

 لە ١٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، تەرمی پارێزەر خەسرەو عەلی کوردیی تەمەن ٤٦ ساڵ لە نوسینگەکەی دۆزرایەوە و بنەماڵەکەی وتیان، هێزەکانی ڕژێم دەستیان بەسەر دیمەنی ساتی کوشتنەکەی لە کامێرای چاودێری شوێنەکەیدا گرتووە، بەو هۆیەوە چالاکوانان لە مەڕاسیمەکەیدا بەشدارییان کرد و ناڕەزایەتییان دەربڕی و بەوهۆیەوە ژمارەیەک چالاکوان و هاووڵاتی دەستگیر کران.