لە بناری قەدیل بە چاندنی سەدان نەمام و مەراسیمێکی جەماوەری یادی ٤ی نیسان بەرز ڕاگیرا

لە بناری قەندیل بە چالاکی جۆراوجۆرو چاندنی ٥٧٧ نەمام یادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرایەوە.

بناری قەندیل

 

بەبۆنەی  ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد  عەبدوڵا ئۆجالان، بناری قەندیل بووە مەڵبەندی چەندین چالاکیی جۆراوجۆر کە تێیاندا ڕەهەندەکانی ژینگەپارێزی، تێکۆشانی سیاسی و ئیرادەی ئازادیی ژنان ڕەنگیان دابووەوە. لەو چوارچێوەیەدا بە چاندنی ٥٧٧ نەمام و سازکردنی مەراسیمێکی شکۆدار، جەخت لەسەر ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کرایەوە.


         


        
سەرەتای چالاکییەکان لە گۆڕستانی "شەهید محەمەد قەرەسونگور" بە بەشداری بنەماڵەی شەهیدان و چالاکوانان دەستی پێکرد. لە مەراسیمێکی هێماییدا، ٧٧ نەمام وەک گوزارشتێک لە تەمەنی ڕێبەر ئۆجالان و هێمایەک بۆ ژیانەوەی سروشت چێندران. دایە کوردستان، دایکی سێ شەهید، لە پەراوێزی چاندنی نەمامەکاندا وتی: ئەم ڕۆژە جەژنی زیندووبوونەوەیە و ئێمە تا دوا هەناسە لەسەر ڕێبازی شەهیدان و فیکری ڕێبەرەکەمان بەردەوام دەبین.

 

لە هەمان چوارچێوەدا، ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل هەڵمەتێکی فراوانی نەمام چاندنی بە دروشمی "دووبارە لەدایکبوونەوەی گەلی کورد" بەڕێوەبرد. لەم هەڵمەتەدا ٥٠٠ نەمام کە لەلایەن چالاکوان "ئامانج جەمال"ـەوە دابینکرابوون، لەسەر ڕێگای گشتی بناری قەندیل چێندران، بەو ئامانجەی ئەم یادە نەتەوەییە بکرێتە هەوێنێک بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ ژینگە.

 


         


        

هەروەها لە گۆڕەپانی نزیک گوندی "ئێندزێ"، مەراسیمێکی جەماوەری بە بەشداری هەزاران کەس بەڕێوەچوو. لاڤان مستەفا، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل، پەیامی ئەنجومەنەکەی خوێندەوەو وتی: ٤ی نیسان تەنیا ڕۆژژمێرێک نییە، بەڵکو سەرەتای مێژوویەکی نوێیە بۆ گەلێکی چەوساوە،ڕێبەر ئاپۆ فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" کردە بنەمای گەردوون و تاکی کوردی لە کۆیلایەتییەوە گۆڕی بۆ شۆڕشگێڕێکی خاوەن هەڵوێست.

 


         


        
         
        

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، پەیامی کۆنگرەی ستار لەلایەن بێریڤان محەمەد و پەیامی "گەلی وڵاتپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" لەلایەن ساریا لوقمان خوێندرانەوە، لە پەیامەکاندا تیشک خرایە سەر ئەوەی کە ٤ی نیسان هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" و یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە.

 

ئاماژە بەوە درا کە پژاک خوێنێکی نوێی بە دەمارەکانی تێکۆشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەخشی، هەروەها یەپەژە بە تێکشکاندنی داعش بووە سیمبوولی ئیرادەی ژنی ئازاد لە ئاستی جیهاندا. جەخت کرایەوە کە تەنیا ڕێگەی ڕزگاریی گەلانی ناوچەکە، پەیڕەوکردنی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک و کۆتاییهێنانە بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ.


مەراسیمەکە بە چەندین بڕگەی هونەری و کولتووری دەوڵەمەند کرا؛ گروپی سروودی منداڵانی قەندیل بە چەندین سروود و گۆرانی  و هونەرمەند شوانە هەڵشۆیی بە بەند و گۆرانییە نەتەوەییەکانی، جۆش و خرۆشێکی تایبەتییان بە ئامادەبووان بەخشی.

 

بەشداربووان بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی "بژی ڕێبەر ئاپۆ" و "ژن، ژیان، ئازادی"، جەختیان لەسەر بەردەوامیی تێکۆشان تا مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کردەوە.