ڕژێمی ئێران دوو چالاکوانی بە ٢٦ و ٢٧ ساڵ زیندانی سزادا
لە درێژەی هەڵمەتی نوێی سەرکوتکردنی ناڕازییان و چالاکوانانی مەدەنی، دوو ژنی چالاکوان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە یەکێکیان بە ٢٧ ساڵ و ئەوی تریان بە ٢٦ ساڵ زیندانییکردن سزا دران.
ناوەندی هەواڵ
دادگای پارێزگای سمنانی ئێران، سەبارەت بە دەرچوونی سزای زیندانی بەسەر دوو ژنی چالاکوانی سیاسی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: فاتمە مەلەک ئەحمەدی و لەیلا ڕەمەزانی بە تۆمەتی پەوەندیکردن بە میدیا ئۆپۆزۆسیۆنەکان و بڵاوکردنەوەی وێنەی بۆردوومانەکان سزای زیندانییکردنیان بەسەردا سەپێندرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، فاتمە مەلەک ئەحمەدی بە ٢٦ ساڵ و لەیلا ڕەمەزانی بە ٢٧ ساڵ زیندانیی سزادراوە.
باس لەوەشکراوە، سزای وەک بێبەشکردن لە خزمەتگوزاریی دەوڵەتی، قەدەغەکردنی چوونە دەرەوە لە وڵات و بێبەشبوون لە ئەندامێتی لە حزب و گرووپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەسەریاندا سەپێندراوە.
چالاکوانانی مافی مرۆڤ جەخت یان لەوەکردووەتەوە، لەم دۆسییانەدا وردەکاری دەستبەسەرکردن، لێکۆڵینەوە، مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دادگاکان بە هیچ شێوەیەک بە ڕوونی بڵاو ناکرێتەوە و تۆمەتباران لە مافی بەرگریی کاریگەر بێبەش دەکرێن.
هەروەها هۆشداری دەدەن کە بڕیارەکەی دادگای سمنان بە ئاشکرا چەندین ماددەی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤی پێشێل کردووە کە ئەمەش نیشاندەری بەکارهێنانی ئامرازیانەی دەزگای دادوەرییە بۆ کپکردنی دەنگی ناڕازییەکان.