چالاکوانانی ئەفغانستان پڕۆژە یاسای نوێی تاڵیبان کە بەردەوامی بە هەڵاواردنی ڕەگەزی دەدات شەمەزاردەکەن
چالاکوانانی ئەفغانستان ئەو ڕێسایە نوێیانەی تاڵیبانیان سەبارەت بە "بنەماکانی جیابوونەوە لە نێوان هاوژینەکان" دەرچووە شەرمەزار کردو ئەم ڕێسایانە بە ئامڕازی پەرەسەندنی ستەمی سیستماتیکی دژی ژنان لە وڵاتەکەدا دەزانن.
ناوەندی هەواڵ
ژمارەیەک لە ئەندامانی "هاوپەیمانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ژنانی ئەفغانستان" لە پارێزگای تەخار، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست و بە شەرمەزارکردنی ئەو سیاسەتە نوێیانەی تاڵیبان کە بە سەر مافەکانی خیزان و ژنان سەپێنراون، ئەوان ئەو ڕێسایانەیان کە بە "بنەماکانی دابڕانی هاوسەرگیری" ناسراون بە پێشێلکارییەکی ڕوونی مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی ژنان و ئازادییە بنەڕەتییەکان پێناسەکرد و بە بەشێک لە پرۆسەیەکی سیستماتیکی دەزانن کە ئامانج لێی دوورخستنەوەی ژنانە لە ژیانی کۆمەڵایەتی لە ئەفغانستان.
لە ڕاگەیاندراوەکەی "هاوپەیمانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ژنانی ئەفغانستان"دا هاتووە، تاڵیبان نەک هەر ژنانی لە خوێندن و کار و بەشداری کۆمەڵایەتی بێبەش کردووە، بەڵکو ئەمڕۆ لە ڕێگەی دەرکردنی ڕێسای نوێی پەیوەست بە کاروباری خێزانییەوە، هەوڵدەدات کۆنترۆڵی تەواو بەسەر ژیانی کەسیی ژنان و مافی بڕیاردانیاندا بسەپێنێت.
"هاوسەرگیری منداڵان توندوتیژی سیستماتیکە"
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، هۆشداری دراوە لە دەرئەنجامە جددیەکانی سیاسەتەکانی تاڵیبان لەسەر ژیانی منداڵانی کچ، جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کە هاوسەرگیریی منداڵان جۆرێکە لە توندوتیژیی پێکهاتەیی دژی منداڵانی کچ، هەروەها هاوسەرگیری منداڵان جۆرێکە لە توندوتیژیی ڕێکخراو دژیان، بەو پێیەی داهاتوویان، خوێندنیان، تەندروستی دەروونییان، مافی هەڵبژاردنیان لەناو دەبات، هیچ ئایینێک، کولتوورێک یان حکومەتێک مافی ئەوەی نییە منداڵ بکاتە زیانبەرکەویووی توندڕەوی، نەزانی، و سیاسەتی دژە ژنان، هەروەها پەسەندکردنی "بنەماکانی هەڵوەشاندنەوە" لە کاتێکدایە کە هەواڵەکان سەبارەت بە بەردەوامی کوشتنی سیستماتیکی ژنان و منداڵانی کچ لە ناوچە جیاوازیەکانی ئەفغانستان لە زیادبووندایە.
چڕکردنەوەی فشارەکان لەسەر ژنانی خۆپیشاندەران و چالاکوانانی مەدەنی
ئەندامانی "هاوپەیمانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ژنانی ئەفغانستان" لە ڕایانگەیاند، کە ژنانی ناڕازی و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنی و منداڵانی کچ داوای مافی خوێندن و ئازادی ڕووبەڕووی هەڕەشە و گرتن و ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و سەرکوتی سیستماتیکی و بەردەوام دەبنەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، سیاسەتەکانی تاڵیبان چیتر سنووردار نین بە ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و دامەزراندن، بەڵکو درێژبووەتەوە بۆ داگیرکردنی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ، لەوانە ئازادی هاتوچۆ، بەشداری کۆمەڵایەتی، مافی هەڵبژاردن و تەنانەت مافی ژیانێکی ئاسایی.
ئەوان دۆخی ئێستای ئەفغانستانیان بە شێواێكی ڕوونی "ئاپارتایدی ڕەگەزی" و "تاوانێک دژی مرۆڤایەتی" پێناسەکرد و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کۆتایی بە بێدەنگی خۆی بهێنێت سەبارەت بەو پێشێلکارییانە.
"ئێمە خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری دەکەین"
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە ئێمە ژنانی ئەفغانستان ڕایدەگەیەنین لەبەرامبەر نادادپەروەری بێدەنگ نابین، دەنگی ژنانی ئەفغانستان بێدەنگ ناکرێن و خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤ بەردەوام دەبێت.
هەروەها خۆپیشاندەران داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی بناغەی بگرنەبەر دژی ئەوەی کە بە "چەوساندنەوەی سیستماتیکی ژنان و مندڵانی کچ" پێناسەیان کردووە، هەروەها فشار بدەخەنە سەر تاڵیبان بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی دژ بە ژنان ڕابگرن.
کاردانەوەکان بەرامبەر بە پەیڕەوی نوێی تاڵیبان
شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان دوای ئەوە توندتر بوو کە هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی تاڵیبان، پەیڕەوێکی بە ناوی "بنەماکانی جیابوونەوە لە نێوان هاوژینەکان" پەسەند کرد و ڕەوانەی دادگاکانی بزووتنەوەکەیان کرد بۆ جێبەجێکردن، ئەم بەڵگەنامەیە مەرج و ڕێکارەکانی جیابوونەوە لە نێوان ژن و پیاودا دەخاتە ڕوو.
ئەم ڕێسایانە کاردانەوەی بەرفراوانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان و داکۆکیکارانی مافی ژنانی لێکەوتووەتەوە و زۆرێک لە ڕەخنەگران بە هەنگاوێکی دیکە دەزانن بەرەو بەدامەزراوەییکردنی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە ئەفغانستان.
بەڵام زەبیحوڵا موجاهد، وتەبێژی تاڵیبان لە وەڵامی ڕەخنە نێودەوڵەتییەکاندا ڕایگەیاند، کە ئەو هەڵوێستانە "پەیوەندیدار نین" بۆ حکومەتی تاڵیبان، بزووتنەوەکە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەوەی ناوی دەنێت "شەرعی" بەبێ ئەوەی گرنگی بە فشارە دەرەکییەکان بدات.