لە نێوان زیندان و دەربەدەریدا... ژنێکی کورد یادگارییەکان بۆ ساتەوەختی یەکگرتنەوە دەپارێزێت
هاوژین و براکەی ٢٢ ساڵە زیندانی کراون، برا گەورەکەی ئەشکەنجە دراوە، کوڕەزاکەی لە کۆبانێ گیانی لەدەستداوە، ئاینزەلیها چەلیک ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ خەباتێکی گەورە کە بە "رێگای ڕاست" پێناسەی دەکات، ساڵانێکە جانتای پڕ لە ئەلبوومی وێنە کۆدەکاتەوە، بەو هیو
ئارژین دیلەک ئۆنجل
رەحا-بەهۆی زیندانیکردن و دەربەدەری و بێبەشییەوە ناچار بوون دەست بە گەشتێکی دوور و درێژی خەباتی مرۆڤایەتی و بەرخۆدانی ڕۆژانە بکەن و لە ناو خۆیاندا هیوایەکی نەکوژاوەیان هەڵگرتووە.
ئاینزەلیها چەلیک تەمەن ٥٢ ساڵ، جەژنەکان ڕۆژانی یەکگرتنەوە لەگەڵ ئازیزان نین، بەڵکو دەبنە ڕۆژانی حەسرەت و تامەزرۆیی چڕتر، لەوەتەی محەمەد ساڵح چەلیک هاوژینەکەی ٢٢ ساڵ لەمەوبەر دەستگیرکراوە، لەگەڵ شەش منداڵەکەیدا درێژە بە ململانێی خۆی دەدات کە بچووکترینیان تەمەنی تەنها حەوت مانگ بووە، گەورەترینیان تەمەنی حەوت ساڵ بووە، وتی: لە ژیانمدا بەرگەی ئەوەندە ئازارم گرتووە.
ئەمڕۆ هیواخوازە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگه ی دیموکراتی سەرکەوتوو بێت، نەک تەنها بۆ ئەوەی بتوانێت دیسان چاوی به هاوژینکەی بکەوێتەوە، که به "هاوبرشی ژیانی" ناوی دەبات، بۆ ئەوەیی باوکی منداڵەکانی بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ لایان، هەروەها ئەوانەی له شاخدان و دەستگیرکراوەکان بتوانن بگه ڕێنه وه لای دایکییان.
ئاینزەلیها چەلیک لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ محەمەد ساڵح چەلیک هاوسەرگیری کرد و شەش منداڵیان بوو، هەریەکەیان توک ساڵیانبسینە لە تەمەندا، وتی: لە ڕێگەی دایکی و براکانیەوە زانیاریی لەسەر پەکەکە زانیوە، هاوژینەکەیشی باوەڕدار بووە بە دۆزی ئازادی.ل، بەڵام هەبوونی شەش منداڵ بەردەوام نیگەرانی ئەوە بوو کە لەوانەیە بکوژرێت یان دەستگیر بکرێت، ئەوەش ڕویدا.
بەڵام نە نیگەرانی و نە ترس توانی لە خەبات پاشگەزیان بکاتەوە، ئاینزەلیها چەلیک گفتوگۆیەکی لەگەڵ هاوژینەکەی لە ساڵی ٢٠٠٠دا دەگێڕێتەوە و وتی: پێم وت شەش منداڵمان هەیە، ئەگەر شتێک بەسەرتدا هات چی بکەم؟ لە وەڵامدا وتی ئەمە هۆکارێکە و خەباتە، دواتر یەکەمایەتی بە خەباتدا و لە ساڵی یازدەهەمی هاوسەرگیرییەکەماندا دەستگیرکرا.
هاوژینەکەی و دوو براکەی لە هەمان ڕۆژدا دەستگیرکران
هاوژین و براکەی ئاینزەلیها چەلیک بە ناوی محەمەد ئاکار لە ساڵی ٢٠٠٠ دوای ئەوەی تۆمەتبارکرابوون بە کوشتنی ئەفسەرێکی پۆلیس دەستگیرکران، ڕاگیران و زیندانی کران، بەو پێیەی دەستگیرکردنەکە لە ماڵی کادیری برا گەورەکەی بووە، هەروەها بە تۆمەتی "یارمەتیدان و هاوکاریکردن" دەستگیرکراوە، هاوژینەکەی بە ٣٦ ساڵ زیندانی سزادرا و محەمەد برای سزای ١٧٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، قادری برا گەورەکەی دوای هەشت ساڵ ئازاد کرا، هەر لەو ڕۆژەوە کە هاوژین و براکانی زیندانی کران، ژیانی پڕ بوو لە ئازار و حەسرەت و بەرەنگاری، بەردەوام لە نێوان زیندانەکاندا دەجووڵایەوە.
وتی:ئێمە ناوی شەڕڤانانمان بۆ منداڵەکانمان هەڵبژارد: ستێرک، هارون، دەلیل، مەزڵوم، ویداد و ئیبراهیم"، پێنج کوڕ و کچێکم هەبوو، بەڵام هەشت ساڵ لەمەوبەر کوڕە گەورەکەم گیانی لەدەستدا دوای ئەوەی ئۆتۆمبێل لێیدا، تەمەنی ١٧ ساڵ بوو، باوکی تەنانەت نەیتوانی بەشداری لە پرسەکەیدا بکات.
لە دەروازەکانی زیندان سەدان خێزانی ناسی
چاوپێکەوتنەکەمان بەزەحمەت توانی ئەو شتانەی کە ئەزموونی کردووە بگێڕێتەوە، هەندێکجاریش لە کاتی قسەکردنیدا دەگریا، بەڵام بوونی کەسانێک لە دەوروبەری کە بە هەمان کارەساتەکاندا تێپەڕیون، توانای بەرگەگرتنی ئازارەکانی زیاتر بوون، وتی: کاتێک لە گوند بووم، لە زەوی کەسانی دیکەدا کارم دەکرد، هەندێکجاریش ماڵەکانم پاکدەکردەوە، بەم کارانە منداڵەکانم پەروەردە دەکرد، ئەوەی هێزی پێبەخشیم، بوونی هەزاران خێزانی وەک ئێمە بوو، بیرم لێیان دەکردەوە، بەم شێوەیە، توانیم ڕووبەڕووی ئازارەکانم ببمەوە.
سەردانی زۆر زیندانی کرد و لە دەروازەکانیاندا سەدان خێزانی ناسی، منداڵانی کچ، گەنج، دایک و باوک، وتی: ئازارەکانیان وەکو ئازارەکانی ئێمە بوو، هەمیشە دەڵێم خەمەکانمان هاوبەشن، بەم شێوەیەش بەرگەی ئەو سەختییانەم بۆ چەندین ساڵ گرت، باوەڕم وابوو کە ئێمە ڕاست دەکەین، چونکە دۆزی ئێمە دۆزی ناسنامە و زمانە، ئێمەش لە ڕاستداین.
"کات بە هێواشی تێدەپەڕێت”
کاتێک ئاینزەلیها چەلیک بە شانازییەوە باس لە خەباتێک دەکات کە بە دادپەروەری دەزانێت، هەروەها پێداگری کورد لەسەر ئاشتی، سەرەڕای ئەو هەموو زیان و کۆمەڵکوژی و ئەشکەنجەیەی بەرگەی گرتووە، هەڵگری واتایەکی قووڵە، وتی: ساڵانێک دەموت ناگریم، دەبێت بەهێز بمێنمەوە، یەکێک لە کوڕەکانم لەدەستدا، ناچار بووم ئەوانی دیکە پەروەردە بکەم، باوکیان نەبوو، وەک دایکێک ناچار بووم ئەو بۆشاییە پڕبکەمەوە.
ئێستا ئەم چیرۆکانەتان بۆ دەگێڕمەوە، بەڵام کات زۆر بە هێواشی تێپەڕی، یەک ساڵ هەستم بە هەزار ساڵ دەکرد، تا منداڵەکانم گەورە بوون، کوڕەکانم کار دەکەن، تەنانەت یەکێکیان هاوسەرگیری کردووە، بەڵام باوکیان هیچی نەبینیوە، تەنانەت نەوەکەشی هێشتا نەیبینیوە.
هەروەها منداڵەکانی فێر کردووە کە چۆن ڕووبەڕووی ئەم ئازارە ببنەوە، پێیانم وت: سەیری دەوروبەرتان بکەن، هەزاران کەسی وەک ئێمە هەن و سەرەڕای هەموو شتێک، هێشتا سەرم بەرز دەکەمەوە، ئێمە لەسەر ڕێگای هەڵە نین.
"پێمان دەڵێن: خێزانی تیرۆریستەکە هاتوون"
کاتێک هاوژینەکەی بۆ یەکەمجار دەسبەسەر کرا، دەبرێتە زیندانی رەها و لەوێ لەلایەن ئەندامانی خێزانەکەیەوە کە چەندین جار بەهۆی چالاکییە شەڕڤانییەکانیانەوە دەستبەسەر کراون، سەردانی دەکەن، دواتر گوازرایەوە بۆ زیندانی ئامەد، بەو پێیەی ئامەد شارێکی کوردییە و تاڕادەیەک نزیکە، هەرکاتێک بۆی دەکرا لەگەڵ منداڵەکانی سەردانی دەکرد، بەڵام دواتر محەمەد چەلیک دوورخرایەوە بۆ زیندانی ریزە.
وتی: دەستگەیشتن بە شارەکە قورس بوو: ریز شارێکی دوورە، گەیشتن بەو شارەوە هەم لە ڕووی جەستەیی و هەم لە ڕووی سۆزدارییەوە سەختە هەر جارێک دەچووین، من و منداڵەکانمیان دەگەڕان، وەک ئەوەی هەمیشە ئاماژەیان بەوە کردبێت کە شتێک دەشارینەوە، بەهۆی خۆڕاگری هاوژینەکەمەوە لە زیندان، دەیانوت: خێزانی تیرۆریستەکە هاتوون.
بەردەوام داواکاریم پێشکەش دەکرد بۆ گواستنەوەی بۆ شارێکی نزیکتر، بەڵام داواکارییەکانم ڕەتکرانەوە، بەهۆی ئەوەی پێیدا تێدەپەڕین، هاوژینەکەم نەیدەویست سەردانی بکەم، بەڵام من ویستم منداڵەکانم گەورە بن و باوکیان بناسن.
هەرگیز هیچ کام لەوانەی نەبینیوە کە لەدەستیداوە
لە کاتێکدا محەمەد چەلیک لە زیندانی ریزە زیندان بوو، کوڕ و دایک و باوک و براکەی لەدەستدا، هاوژینەکەی تەنها سێ جار توانی سەردانی زیندانی ریزە بکات، وتی: ئێمە نەماندەویست هەموو خێزانەکە پێکەوە گەشت بکەن، دەمانوت ئەگەر ڕووداوێک ڕووبدات، نامانەوێت هەموو خێزانەکە لەدەست بدەین، ڕێگاکە درێژ و مەترسیدار بوو، ڕووداوەکانیش زۆر بوو، بۆیە نەماندەتوانی هەموو هەفتەیەک بچین، کاتێک دایکی مرد، وە کاتێک باوکی مرد، دیسانەوە کاتێک براکەی مرد، ڕۆیشتم، بۆ ئەوەی پێویست نەکات لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە هەواڵەکەی پێ بڵێم.
دوای ئەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی هیلڤان لە رەها کە بۆ ئەوان وەک جەژن بوو، وتی: پێشتر هەفتانە سەردانیمان دەکرد، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو و هاوڕێکانی ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە دەستدرێژیکردنە سەر زیندانییەکانی دیکە، گواسترایەوە بۆ زیندانی ئەرزینجان، تەنانەت لە گواستنەوەکەش ئاگادار نەکراینەوە، ماوەیەک بوو هیچ هەواڵێکیشمان لێی نەبیست، پێمان وابوو شتێکی خراپ بەسەریدا هاتووە، ساڵانێکە لە ترسدا دەژین، بەردەوام داواکاری پێشکەش دەکەین بۆ ئەوەی بیگەڕێنینەوە بۆ رەها، بەڵام داواکارییەکانمان دەدڕێنرێن و فڕێدەدرێن.
هەموویان بە یەک ڕێگادا ڕۆیشتن
هەروەها ئاینزەلیها چەلیک باس لە خێزانەکەی دەکات، کە لە ماڵێکی نوقمی هۆشی کوردی و شۆڕشگێڕانەدا گەورە بووە، وتی: سێ برا و خوشکێک بووین، برا بچووکەکەم ڕاستەوخۆ دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی پەیوەندی بە پەکەکە کرد، دوای ١٠ ساڵ لەگەڵ هاوژینەکەم و برا گەورەکەم دەستگیرکران، برایەکی دیکەم لە ئەوروپاوە هات و لێرە بە فەرمی هاوسەرگیری کردبوو، بەڵام دەزگیرانەکەی پەیوەندی بە پەکەکە کرد، ئەویش جارێکی دیکە هاوسەرگیری نەکرد، براکەم کە لەگەڵ هاوژینەکەم دەستگیرکرابوو، بە توندی ئەشکەنجەدرا و تا ئێستاش بەدەست چەندین کێشەی تەندروستییەوە دەناڵێنێت.
هەروەها لە ڕۆژی ئازادبوونی لە زیندان، لە کاتێکدا سەردانەکان هێشتا لە ماڵەکەیدا بەڕێوە دەچوون، کوڕەکەی پەیوەندی بە پەکەکە کرد، وتی: دوای چوار ساڵ لە کۆبانێ شەهید بوو، هیچ ڕێوڕەسمێکی ماتەمینی بۆ کوڕەزاکەم ڕێگەیپێنەدرا، بۆیە لە کۆبانێ بەخاک سپێردرا.
سوروچ لە سنووری کۆبانێ دایە، لە کاتی هێرشەکانی سەر کۆبانێ، هەزاران گەنج سنووریان بەزاند بۆ ئەوەی بەشداری شەڕەکە بکەن، بە تێپەڕبوونی کات سنووری سوروچ کۆبانێ بوو بە شوێنێک بۆ ئەو دایک و باوکە خەمگینانەی کە کوڕەکانیان لەدەستدابوو، وەستان و چاویان لەو سنوورە دەکرد تا لەبیریان بێت.
دایکی ئاینزەلیها چەلیک، ساڵحە ئاکار، ژنێکی شەڕڤان بوو، بەرگەی ئازارێکی زۆری گرتبوو، بەڵام لەدەستدانی نەوەکەی کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بوو، وەک زۆرێک لە خێزانەکان لە ماڵەکەیەوە سەیری ئەودیوی سنوورەکەی دەکرد، چونکە نەوەکەی لەوێ نێژرابوو، وتی: دایکم ساڵحە ئاکار ژنێکی ناسراوی سوروچ بوو، پێیان دەوت ”دایکی سوروچ”، ساڵانێکی زۆری تەرخان کرد بۆ کارکردن لە پەکەکە، کاتێک کوڕەزاکەی شەهید بوو، تەندروستی تێکچوو، تووشی نەخۆشی زەهایمەر بوو، بەرگەی ئازاری لەدەستدانی نەوەکەی نەگرت، دایکم پێنج ساڵ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد، باوکم تووشی نەخۆشی شەکرە بوو و دواتر بەهەمان شێوە کۆچی دوایمرد.
خێزانەکەی لە ساڵی ١٩٨٠ەوە بەشدارن لەم خەباتەدا
یادەوەرییەکانی بەڵگە دەکات و وتی: کاتێک ئازاد دەکرێت، هەموو ئەو شتانەی کە بیری کردووە پیشانی دەدەم، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییە کورتەکاندا باسی منداڵەکان و نەوەکەی لەگەڵ دەکات، هەندێک جار لە جەژندا ناتوانێت سەردانی بکات، وتی: ماوەی دوو ساڵ و نیوە لە ئەرزینجان، کەش و هەوا و ڕێگاوبانەکان خراپن، هیچ شوێنێکیش نییە لەوێ بمێنینەوە، دەبێت شەوانە بڕۆین، چونکە کاتی سەردانکردن بەیانی زووە.
وێنەی دەربەدەری و زیندانەکان
ئاینزەلیها چەلیک لە ماوەی ٢٢ ساڵدا کۆمەڵێک وێنەی بەرفراوانی کۆکردۆتەوە کە نزیکەی هەموویان پەیوەندییان بە زیندانەکانەوە هەیە، کو دوو جانتای پڕ لە ئەلبوومی وێنەییە، هەندێک لە وێنەکان منداڵەکانی وەک منداڵای ساوا نیشان دەدەن، لە کاتێکدا وێنە نوێیەکان هەموویان تێیدا گەورەبوون، زۆرجار لەگەڵ نەوەکەی سەیری ئەم وێنانە دەکات و لەنێویاندا وێنەی هاوسەرگیرییەکەیشی هەیە.
"بارگرانییەکی قورس، بەڵام بارێکی جوانیش”
ئاماژەی بەوەشکردووە، هیواکانی بۆ پرۆسەی سیاسی "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" وتی: هەموو شتێکمان دەوێت ژیانێکی هاوبەشە، ئێمە خەبات بۆ زمانەکەمان دەکەین، ئەوانیش دەبێت هەنگاوێک بنێن و بڵێن بەڵێ بۆ ئاشتی، ئازارێکی زۆرم چەشتووە و شەش منداڵم پەروەردە کردووە، هەرگیز جارێکیش نەمپرسیوە بۆچی بەرگەی ئەم هەموو ئازارەم گرتووە، هەمیشە سەیری ئەوەم دەکرد کە خێزانەکانی دیکە بە چیدا تێپەڕیون.
"خەونی من ئەوەیە کە زیندانییەکان و ئەوانەی لە شاخدان لەگەڵ خێزانەکانیان یەکبگرنەوە"
لە کۆتای قسەکانیدا، ئاینزەلیها چەلیک وتی: خەونەکەی تایبەتی نییە، بەڵکو خەونی ئاشتییە بۆ هەمووان، خەون بەو ڕۆژەوە دەبینم کە هاوژینەکەم ئازاد دەکرێت، دەمەوێت منداڵەکانم باوکیان بۆ بگەڕێتەوە، بۆ ئەویش ئازادی خۆی وەربگرێتەوە، بەڵام من خەونێکی گەورەترم هەیە، ئەویش ئارامییە، زەوی پڕ بووە لە گۆڕ، زیندانەکانیش پڕن، بەسە، بەسە، منداڵان بەبێ باوک مەهێڵنەوە، دەبێت ئاشتی بێت، ئەمە تاکە چارەسەرە، ئەمجارەمان سەرکەوتو دەبین، خۆزگەمان دەخواست هەمووان ئەم جەژنە لەگەڵ خێزانەکانیان بەسەر بەرن، ئێمە لە پێناو زمانەکەماندا خەبات دەکەین، و دەمانەوێت داواکارییەکانمان جێبەجێ بکرێت، تورکی نازانم، کەمێک لەگەڵ نەوەکەم فێربووم، کوردبوون تاوان نییە، منیش زمانەکەمم خۆشدەوێت، سەرەڕای هەموو شتێک، ئێمە درێژە بە خەبات دەدەین تا لە ژیاندا بەردەوام بین.