ئێران مانگێک لە گۆشەگیری دیجیتاڵی و پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر شارە جیاوازەکان تێدەپەڕێنێت

ماوەی مانگێکە ئێران لە گۆشەگیرییەکی تەواو دیجیتاڵیدا دەژی، هاوکاتە لەگەڵ پچڕانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و هێرشەکانی ئیسرائیل-ئەمریکی بۆ سەر ژمارەیەک لە شارەکانی بەردەوامن و لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوەو زیانیان بەرکەوتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەردەوامە و چەند شارێکیان کردۆتە ئامانج لەوانە یەزد، تاران، قەزوین، زەنجان، مازەندەران، کەرەج و لوڕستان.

 

کاردانەوەکانی شەڕ لەسەر ئێران ڕۆژانە خراپتر دەبن، چونکە هێرشە بەردەوامەکان کاریگەرییان لەسەر ژیانی مەدەنی و ژێرخان و ئابووری هەبووە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی وێرانکاری و پچڕانی خزمەتگوزارییەکان لە چەند ناوچەیەک، ترسەکان زیاتر دەبن لەوەی وڵاتەکە بچێتە قۆناغێکی ئاڵۆزترەوە.

 

نێتبلۆکس، ڕێکخراوێکی سەربەخۆی چاودێری ئینتەرنێت، ڕۆژی ٢٨ی ئادار ڕایگەیاند، مانگێک بەسەر داخستنی ئینتەرنێت لە ئێران تێدەپەڕێت و دەستڕاگەیشتن بە تۆڕە جیهانییەکە تا ئێستاش لە ڕادەبەدەر سنووردارە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕێک یەک مانگ لەمەوبەر، ئێران نوقمی تاریکی دیجیتاڵی بووە، دوای ئەوەی دەسەڵاتداران ئینتەرنێتی جیهانییان پچڕاند. ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە دوای چوار هەفتەی تەواو کە بەرانبەر بە ٦٧٢ کاتژمێر ئەم کارە ڕەشبوونە بەردەوامە و مافی پەیوەندی و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ئێرانییەکان پێشێل دەکات.