ئێزدی و عەرەبەکانی شەنگال بە مەراسیمێک شەهیدانیان بەخاک سپارد

پێکهاتەی ئێزدی و عەرەبەکانی شەنگال بە مەراسیمێک ڕۆڵەکەیان کە لە بۆردومانی دەوڵەتی تورکیادا گیانیان لەدەستدا، بەخاک سپارد.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٦ی ئابدا فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک بازاڕی کۆنی شەنگالیان بۆردوومان کرد، فەرماندەی یەبەشە، سەعید حەسەن و شەڕڤان عیسا خودێدا لە هێرشەکەدا شەهیدبوون و چەندین هاوڵاتیش برینداربوون، ڕۆژی ١٧ی مانگ دووبارە فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک نەخۆشخانەی گەل-یان لە گوندی سکینی بۆردوومان کرد، لەو هێرشەشدا ٨ کەس گیانیان لەدەستدا کە چواریان شەرڤانی یەبەشە و چواری دیکەشیان هاوڵاتی و کارمەندی نەخۆشخانەکە بوون.

 

پێکهاتەکانی ئێزدی و عەرەبی شەنگال شەهیدەکانیان بە کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە نەخۆشخانەی خانەسۆرەوە بۆ گۆڕستانی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخۆدان گواستەوە و بە مەراسیمێکی سەربازی و شکۆدار بەخاکیان سپاردن، ئاخین ئینتیقام، لەسەر ناوی فەرمانداری یەبەشە و یەژەشە، دوا و وتی: دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا هێرشی کردە سەر شەنگال و چەندین شەهید و بریندار هەیە، خەباتکار و هاوڵاتی مەدەنی دەکاتە ئامانج و کۆمەڵکوژی دەکات، قارەمانەکانمان بەبیر دەهێنینەوە و سەری خۆمان لەبەرامبەریان دادەنەوێنین.

 

ئاخین ئاماژەی بەوەشدا کە گەلی ئێزدی ناترسێت و لەبەرامبەر هەموو هێرشەکان دەوەستینەوە: ئێمە ئیدانەی ئەو هێرشە ترسنۆکانە و نامرۆڤانە دەکەین، دەوڵەتی تورک و هەموو دوژمنانی کۆمەڵگەی ئێزدی دەیانەوێت بەو هێرشانە کۆمەڵگای ئێمە بێ پێشەنگ بکەن، بەڵام هەزاران شەڕڤان و خەڵکی ئێزدی دژیان دەوەستنەوە و پێیان دەڵێن ئێوە ناتوانن ئەو پیلانانە جێبەجێ بکەن و تێکمان بشکێنن، تۆڵەی شەهیدەکانمان دەکەینەوە و خوێنی ئەوان لەسەر زەوی نامێنێتەوە.

 

"کازمی بەرپرسی هێرشەکانە"

خۆخێ جندی، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ، دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا وتی: دەوڵەتی تورک بەبەرچاوی جیهانەوە نەخۆشخانەکەمانی بۆردومانکرد، لە نەخۆشخانەکەدا ژن و منداڵ هەبوون، تا ئێستا ٨ شەهیدمان هەیە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە دێتە شەنگال و درۆی کرد، چونکە هات و چوو بۆ کۆجۆ و ئێمە نەمانزانی لەکوێیە.

 

دایە خۆخێ وتیشی: کازمی بەرپرسیاری ئەو هێرشانەیە، ئەگەر داعش بوایە نە تورکیا لێی دەدا و نە کازمی کارێکی دەکرد، دوێنێ لە ئێوارەوە تا نیوەشەو بە هەموو هێزی خۆمانەوە پارچەی منداڵەکانمان لەژێر داروبەرددا دەردەهێنا، کام ئایین و باوەڕە ئەمە قبوڵ دەکات؟، ئێمە چەندە باوەڕمان بە تورکیا هەیە، هەر ئەوەندەش بە عێراقمان هەیە، چونکە هەرکاتێک عێڕاق باس لە کۆبوونەوە دەکات ئێمە شەهید دەدەین، چی دەکەن با بیکەن، ئێمە تا کۆتای تێکۆشان دەکەین بۆ مافەکانمان.

 

ت.پ