ئیلهام ئەحمەد: سەردانەکەی کۆمیسیۆن بۆ ئیمراڵی مێژوویی بوو
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەردانی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیای بۆ ئیمراڵی بە پڕۆسەیەکی مێژوویی وەسف کرد و داوای بەردەوامبوونی دیالۆگی بۆ چارەسەری کێشەی کورد کرد.
ناوەندی هەواڵ
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند: سەردانی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ دوورگەی ئیمڕراڵی کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ڕۆژاوا و تەواوی سووریا دەبێت، ئەمە هەنگاوێکی مێژووییە و پێویستە پرۆسەی دیالۆگ بەردەوام بێت بۆ ئەوەی کێشەی کورد چارەسەر بکرێت.
ڕوونیشیکردەوە، کە وەک کوردەکانی سووریا پرۆژەیەکی ڕوون و بەرفراوانیان بۆ چارەسەریی هەیە، کە دژی تورکیا نییە و بەرژەوەندییەکانی هەردوولا دەپارێزێت، لایەنە کوردییەکانی ڕۆژاوا لەسەر ڕێککەوتنێکی چارەسەریی سوورن.
هاوکات لەسەر ئەو بانگەشانەی کە گوایە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پەیامێکی بۆ قەسەدە ناردووە، وتی: ئەم بابەتە تەنها پەیوەندی بە قەسەدەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش و بەڕێوەبەرایەتی دیمەشقیشەوە هەیە، پرۆسەی سەربازیی و یەکگرتنی سیاسیی لەگەڵ حکومەتی کاتیی دیمەشق بەردەوامە و نزیکبوونەوەیەکی گرنگ ڕوویداوە، بەڵام وتووێژی وردەکارییەکان بەردەوامە.
جەختی لە خێرایی چارەسەری پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سووریا لە تورکیا و کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان کردەوە، وتیشی: بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆژاوا لەگەڵ ئەنقەرە بۆ کردنەوەی دەروازەی نسێبین-قامیشلۆ لە گفتوگۆدایە و ئەوان لەم بارەیەوە بەردەوام دەبن.
بانگەوازیشی کرد کە کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەنە کوردییەکان یەکدەنگ بن و ئەرکی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەجێ بگەیەنن.