پەرتوکخانەیەک بە ناوی مێژوونووس مەستورەی ئەردەڵان کرایەوە
شارەوانی گەورەی ئامەد و شارەوانی ڕێزان پەرتوکخانەی مەستورەی ئەردەڵانیان کردەوە و خەڵکێکی زۆر لە مەراسیمی کردنەوەی ئامادەبوون.
ئامەد
شارەوانی گەورەی ئامەد و شارەوانی قەزای ڕێزان بە هاوبەشی لە چوارچێوەی پڕۆژەی “پەرتوکخانەیەک بۆ هەموو گەڕەکێک” پەرتوکخانەی مەستورەی ئەردەڵانیان لە گەڕەکی شێخ شامیل کردەوە. لە مەراسیمی کردنەوەی پەرتوکخانەکەدا سەرا بوجاک، هاوسەرۆکی شارەوانی، سیراچ چەلیک، هاوسەرۆکانی شارەوانی ڕێزان و لەیلا ئەیاز، بەڕێوەبەرانی پارتی دیموکرات و دەبەپە، نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان بەشدارییان کرد.
سەرا بوجاک قسەی کرد و ڕایگەیاند کە تا ئێستا چەندین پەرتوکخانەیان کردۆتەوە و ئەمە یەکەمجارە کە ئەوەندە گەنج و خوێندکار بەشداری بکەن لە کردنەوەی پەرتوکخانەکەدا، ئەمەش دەرئەنجامی هەوڵەکانیان بۆ گەنجانیش دەردەخات.
پاشان سیراچ چەلیک، هاوسەرۆکی شارەوانی ڕێزان قسەی کرد و ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێکیان بۆ گەل و گەنجان دەخەنەگەڕ و وتی: گەنجان ئایندەی ئێمەن، ئێوە دەخوێنن، سبەی کاری باشتر دەکەن، بۆیە دەمانەوێت گەنجەکانمان بخوێنن و خۆیان بناسن و خۆیان ڕێکبخەن.