لە قەندیل ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ئامادەکاری بۆ ٤٧ەمین ساڵیادی پەکەکە دەکەن
سبەی لە دامێنی چیا سەرکەش و ئازادەکانی قەندیل، کە وەک قەڵای بەرخودان و لانکەی شۆڕشی ژن دەناسرێت، مەراسیمێکی پڕشکۆ بەبۆنەی ٤٧ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
بناری قەندیل
بڕیارە سبەی ٢٨ی تشرینی دووەم، بە بەشداریی جەماوەرێکی بەرفراوان، یادی ٤٧ ساڵەی تێکۆشانی بزووتنەوەیەک بکرێتەوە کە فەلسەفەکەی لەسەر بنەمای ئازادیی ژن داڕێژراوە. لاڤان مستەفا، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل بۆ ئاژانسەکەمان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پارتە لە جەوهەردا "پارتی ژنان"ـە و هەڵگری فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆیە کە دەڵێت: "تا ژن ئازاد نەبێت، گەل ئازاد نابێت و کۆمەڵگە ڕزگاری نابێت.
لاڤان مستەفا جەختی کردەوە کە لە مەراسیمی سبەینێدا، ڕۆڵی ژنان تەنها وەک بەشداربوو نابێت، بەڵکو بە تەواوی بوون و ناسنامە و ئیرادەی خۆیانەوە، بە دروشمی جیهانیی "ژن، ژیان، ئازادی" پێشەنگایەتی مەیدانەکە دەکەن. ناوبراو ڕایگەیاند: "ئەمە پەیامێکە بۆ تەواوی ژنان؛ سەدەی ٢١ سەدەی ئێوەیە و چیتر کاتی ئەوە بەسەرچووە ستەم و ژێردەستەیی قبوڵ بکرێت. هیچ هێزێک توانای کپکردنی ئەو دەنگەی نییە کە لە گەرووی ژنێکی ئازادەوە دەزرینگێتەوە.
تێکەڵبوونی ئاوەدانی و پڕۆسەی ئاشتی
ئامادەکارییەکان لە ئاستێکی باڵادا ئەنجام دراون بۆ پێشوازیکردن لەو ئاپۆڕە جەماوەرییەی کە ڕوو لە بناری قەندیل دەکەن. لاڤان حەمەدەمین، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، ڕایگەیاند کە تەواوی ئامادەکارییە خزمەتگوزارییەکان لە ڕووی ڕێگاوبان، دابینکردنی ئاو، کارەبا و شوێنی مانەوە بۆ میوانان تەواو کراون.
ئاماژەی بە خاڵێکی گرنگ دا و وتی: "ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، بەهۆی بوونی پڕۆسەی ئاشتی و ئەو دەستکەوتە گرنگانەی کە لە ئارادان، پێشبینی دەکەین مەراسیمەکە جۆشوخرۆش و ئاوەدانییەکی بێوێنە بەخۆیەوە ببینێت." ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە پڕۆسەی ئاشتی نەک تەنها هیوا، بەڵکو هێز و وزەیەکی نوێی بەخشیوەتە جەماوەر و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان.
بانگەواز بۆ ژنانی ئازادیخواز
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕێکخەرانی مەراسیمەکە لە لوتکەی چیاکانی قەندیلەوە، بانگەوازیان ئاراستەی تەواوی خەڵک و بەتایبەت کچان و ژنانی کوردستان کرد کە بەشداری کارا بکەن و لەم ڕۆژە مێژووییەدا، بە ئامادەبوونیان وەڵامێکی کاریگەر بدەنەوە بە عەقڵییەتی پیاوسالاری و داگیرکاری، و سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بن کە شۆڕشی ئازادی بەبێ پێشەنگایەتی ژنان سەرناکەوێت.