یونیسێف: منداڵانی غەززە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە

یونیسێف هۆشداریدا لەوەی منداڵانی غەززە لە کەرتی گەمارۆدراودا لە مەترسیدان و دەڵێت: "کارەساتێک چاوەڕێی نزیکەی ملیۆنێک کەس دەکات".

ناوەندی هەواڵ- غەززە شاهیدی یەکێک لە چڕترین و درێژخایەنترین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی مێژووی ئەم دواییە، بە پەرەسەندنێکی بێ وێنەی هێرشە ئاسمانی و زەمینی و دەریاییەکانی ئیسرائیل کە ژێرخانی شارەکانی وێران کردووە و دەیان هەزار کەسی کوشتووە یان برینداربوون، لەنێویاندا منداڵ و ژن.

یونیسێف ڕۆژی هەینی ٥ی ئەیلول هۆشداریدا لەوەی منداڵانی غەززە لە مەترسییەکی گەورەدان و نزیکەی ملیۆنێک کەس لە کەرتی گەمارۆدراو ڕووبەڕووی کارەسات دەبنەوە لەکاتێکدا ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی شارە گەورەکە. بەدخۆراکی و برسێتی و بێ ماڵ و حاڵ هەڕەشە لە منداڵان دەکەن و بۆردومانەکەش هەموو جوڵەیەکیان کردووە بە مەترسیدار.

یونیسێف داوای لە ئیسرائیل کرد ڕێز لە یاساکانی ململانێکان بگرێت و ڕێگە بە هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بدات. ئەمڕۆ لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ناوچە جیاجیاکانی غەززە، ١٩ هاوڵاتی مەدەنی کە حەوتیان منداڵ بوون کوژران.

دۆخەکە درێژەپێدەری ئەو ململانێیەیە کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستی پێکردووە و تا ئێستا زیاتر لە ٦٤ هەزار کوژراو و هەزاران بریندار و بێسەروشوێن و وێرانکارییەکی بەرفراوانی کەرتی غەززەی بەجێهێشتووە.