بوومەلەرزەی ئەفغانستان؛ لە سایەی تاڵیبان زیاتر لە دوو هەزار و ٢٠٠ کەس کوژران و هەزاران کەسیش بریندار بوون
لە کاتێکدا ئەفغانستان هێشتا لە شۆکی بوومەلەرزەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەلەرزێت، بوومەلەرزە تازەکان بەشی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی هەژاندووە. لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ئەیلوولەوە تا بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی پێنج بوومەلەرزەی دیکە لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات ڕوویاندا.

ناوەندی هەواڵ- لە کاتێکدا ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سێپتەمبەر لە ئەفغانستان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، بوومەلەرزەیەکی دیکە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە قەیراناوییەی ژێر دەسەڵاتی گرووپی بناژۆخوازی تاڵیبانی هەژاند. لە نێوان ئێوارەی پێنجشەممە (١٣ی ئەیلول) و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، شارەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵات پێنج بوومەلەرزەی دیکەی تاڕادەیەک بەهێز ڕوویانداوە، کە توندترینیان ٦.٥ بوومەلەرزە لەسەر پێوەری ڕێختەر بووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تەنها لە پارێزگای کونار ژمارەی قوربانییەکان گەیشتووەتە دوو هەزار و ٢٠٥ کەس و بریندارەکانیش گەیشتووەتە سێ هەزار و ٦٤٠ کەس. هەروەها زیاتر لە شەش هەزار و ٧٨٠ خانوو وێران بوون و هەزاران خێزانیش بێ ماڵ و حاڵ بوون. شایەتحاڵە ناوخۆییەکان پشتڕاستیان کردۆتەوە کە بەشێکی زۆری قوربانیانی ئەم کارەساتە ژن و منداڵ و بەساڵاچووانن.
ژنان قوربانییە پشتگوێخراوەکانی بوومەلەرزەکەی ئەفغانستانن
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ژنانی بومەلەرزەلێدراو لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان بەهۆی قەدەغەکردنی پەیوەندیکردنی پیاوانی فریاگوزاری لەگەڵ ژنان و نەبوونی هێزی ژنان بێبەشبوون لە وەرگرتنی فریاگوزاری سەرەتایی. شایەتحاڵەکان پشتڕاستیان کردەوە کە ڕزگارکەران تەنها پیاو و منداڵیان ڕزگارکردووە، لەکاتێکدا ژنە بریندارەکان ناچاربوون چەند کاتژمێرێک چاوەڕێی یارمەتی بکەن.
لە ڕاپۆرتەکەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، دوای نزیکەی 36 کاتژمێر لە بوومەلەرزەکە تیمەکانی فریاگوزاری سەرەتایی گەیشتوونەتە گوندەکان، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرجەم ڕزگارکەرەکان لە ڕەگەزی نێر بوون، زۆرێک لە ژنە بریندارەکان پشتگوێ خران و بەبێ چارەسەر ماونەتەوە. تیمەکانی فریاگوزاری بەخێرایی تەنها پیاوان و منداڵانیان لە داروپەردووەکان ڕاکێشا، لەکاتێکدا ژنە بریندارەکان ناچاربوون چەندین کاتژمێر چاوەڕێی هاتنی ژنە ڕزگارکەرەکانی گوندەکانی نزیک بن. دواکەوتنەکان بەهۆی سنووردارکردنی کولتووری و فەرمانەکانی تاڵیبانەوەیە کە بەرکەوتنی جەستەیی نێوان پیاوان و ژنانی غەیرە مەحرەم قەدەغە دەکات.
تاڵیبان ئاماری جیاجیا بۆ قوربانیانی نێر و مێی نەخستووەتەڕوو، بەڵام کارمەندانی فریاگوزاری ناوخۆیی پشتڕاستی دەکەنەوە کە ژنان ڕووبەڕووی سەختترین بارودۆخ دەبنەوە.
هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشدارییان داوە کە کەمیی پزیشک و پەرستاری ژن بە توندی ئاستەنگی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن و فریاگوزاری دروست کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کەمیی پزیشک و پەرستاری ژن بەهۆی ئەو کۆت و بەندانەی تاڵیبان و قەدەغەکردنی خوێندنی پزیشکی کچان بووەتە هۆی بێبەشکردنی زۆرێک لە ژنانی زیانلێکەوتوو لە چاودێریی پێویست. لە ناوچە گوندنشینەکاندا، تابۆیە کولتوورییەکان و یاسا ژنکوژییەکانی تاڵیبان ڕێگری لە ژنان دەکەن کە داوای چاودێری پزیشکی لە پزیشکانی پیاو بکەن و ئەمەش ژیانی زۆر کەسی بەفیڕۆداوە.
سەرچاوە ناوخۆییەکان باسیان لە گیانلەدەستدانی شەش ژنی دووگیان کردووە لە بنکەیەکی تەندروستی بەهۆی نەبوونی چاودێری تایبەتمەند. هەروەها باس لەوە کراوە کە هەوڵەکانی پزیشکە ژنەکان بۆ گەشتکردن بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان لەلایەن تاڵیبانەوە ڕێگری لێکراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژێرخانی پزیشکی ئەفغانستانیش ڕووبەڕووی کەمیی زۆری ئامێر و دەرمان و دامەزراوە سەرەتاییەکان بووەتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر سیاسەتەکانی تاڵیبان بەرامبەر بە ژنان بە “ئاپارتایدی جێندەری” ناوبردبوو. بەردەوامی ئەم سنووردارکردنانە نەک هەر ژیانی ژنانی زیانلێکەوتووی خستووەتە مەترسییەوە، بەڵکو قەیرانی مرۆیی لە ئەفغانستانی گەورەتر کردووە.
کارەساتی سروشتی دەتوانێت لە هەر شوێنێکی جیهان ڕووبدات، بەڵام ئەرکی حکومەتەکانە کە لەڕێگەی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، زیانی گیان و ماڵ و موڵک کەمبکەنەوە. بەڵام لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی تاڵیبان لە پێشینەی کارەکانیدا، نەهێشتنی هەژاری و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و سنووردارکردن و چەوساندنەوەی بەرفراوانی ژنانی لە پێشینە داناوە، نەک گرنگی بە سەلامەتی و ڕزگارکردنی ژیان بدات.