یونسێف: بەلایەنی کەمەوە منداڵێک کوژراوە و ٦ی دیکە بریندار بوون

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی منداڵان – یونسێف، ڕایگەیاند مانگێکی تەواو لە ساڵی تازە تێنەپەڕیوە، بە دەیان منداڵ بریندار بوون و ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، داواش لە لایەنە سیاسیەکان دەکات ژیانی منداڵان بپاریزن

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەیاننامەیەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی منداڵ ڕایگەیاند کەمتر لە مانگێکی ساڵی ٢٠٢١ تێپەڕیوە بەڵام ئاستی توندوتیژیەکان بەرامبەر بە منداڵان و گەنجانی عێراق لە بەرزبوونەوەدایە و ڕووبەڕووی گیان لەدەستدان بوونەتەوە.

ڕێکخراوەکە ڕاشیگەیاند تەنها لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە کامپێکی ئاوارەکانی دەرەشەکران لە هەولێر سێ منداڵ سوتان بە هۆی خراپی سیستمی ناو خێمەکان، لە هێرشێکدا لە چیای گارا لە پارێزگای دهۆک دوو منداڵ بریندار بوون، ڕۆژی چوار شەممە لە پارێزگای نەجەف لە عێراق بەهۆی پاشماوەی بۆمبەوە منداڵێک کوژرا و خوشک و براکەشی بە سەختی بریندار بوون لە کاتی کۆکردنەوەی خاشاک و کانزا بۆ فرۆشتنەوە.

هەروەها بە پێی ئەو بەڵگانەی دەست یونسێف کەوتووە، لە تەقینەوەکەی بەغدادی پایتەختی عێراقدا ٣٢ کەس کوژران و منداڵیشی تێدا بووە.

بە پەیوەست بوون بە پەیماننامەی مافەکانی منداڵان لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا یونسێف داوا لە هەموو پارتە سیاسی و لایەنەکانی سەرانسەری عێراق دەکات لە کاتێکدا ماوەی دەیان ساڵە جەنگ و ململانێ و قەیرانی ئابووری عێراقی گرتۆتەوە هەوڵ بدەن منداڵان لە شەڕ و ململانێکان بپارێزن و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکەن.

 

ت.پ