ئەڤین موختارو هاوڕێکانی لە هەڵەبجە لەڕێگەی خۆپیشاندانەوە جەخت لە داواکارییەکانیان دەکەنەوە
سەرەڕای ئەوەی هاولاتیانی هەرێمی کوردستان لە خۆپیشاندان و گردبوونەوە بیزاربوون و هیچ هیوایەکیان پێنەماوە یاخود ڕێگرییان لێدەکرێت، بەڵام لە هەڵەبجە دەرچووانی دانەمەزراو بۆ ڕەتکردنەوەی دامەزراندن لەڕێگەی بەرژەوەندی حزبییەوە بەردەوامن لە خۆپیشاندان.

میهرەبان سەلام
هەڵەبجە- کێشەو گیروگرفتەکان لە هەرێمی کوردستان تادێت ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، هاوڵاتیان ناڕازین لەو بارودۆخەی کە تیایدان، بۆیە بۆ چارەسەر پەنا بۆ خۆپیشاندان دەبەن، بەلام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە لەڕێگەی خۆپیشاندانەوە کێشەو ململانێکان بگەنە ئەنجام.
لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بۆ حەوتەمین هەفتە لەسەر یەک ژمارەیەک دەرچووی دانەمەزراو لەبەردەم پارێزگای شارەکە خر دەبنەوە بەمەبەستی دەربڕینی بارەزایەتی لەهەمبەر دامەزراندنی ٥٢ کەس بە بەرژەوەندی حزبی و مافخورانی دانەمەزراوان بەلام تاوەکو ئیستا ئاوریان لێنەدراوەتەوە و لە خۆپیشاندان بەردەوامن، ئەڤین موختار عەبدوڵا، دەرچوی پەیمانگای تەکنیکی هەلەبجەیە سالی ٢٠١٢ و بەهۆی ئەوەی کە پشتگیری حزبی نیە نەتوانراوە لە هیچ جیگەیەک دابمەزرێت لەگەڵ هاوڕێکانی بەشێوەیەکی هێمنانە خۆپیشاندانیان کردووەو داوای مافەکانیان کردووە.
"ئەم وڵاتە ئەوەی ئاستی بەرز نەبێت هیچی بۆناکرێت"
ئەڤین موختارو هاوڕێکانی سەرشەقامی کە چوونەتە بەردەم پارێزگای شارەکە، نوینەریان چەندین جار چووەتە ژوورەوە بۆ ئەوەی لەگەل پارێزگاری شارەکەیان قسە بکەن، بەلام تا ئێستا وەڵامێکی ڵلنیاییان دەست نەکەوتووە، وتی: ئەم وڵاتە ئەوەی دەسەڵاتی نەبێت، هیچی بۆ ناکرێت، پشتت نەبێت دانامەزرێیت، هاوڕێم هەیە لە ساڵی ٢٠٢٣ دەرچووە دامەزراوە، ئەگەر بێت و وەڵام نەدرێینەوە ئەوە ڕێگای تر دەگرینە بەر.
"لەناو هەرێمێکین دووکابینە بەڕێوەی دەبات"
کەوسەر تاهیر، ژنیکی ترەو سەبارەت بەوەی بۆچی دەبێت داواکاریەکانیان لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە بێت وتی: زۆر ئاساییە لە وڵاتێک کە لە ڕێگەی دووکابینەوە بەڕێوە ببرێتم و لە نیوان دقو زۆنی زەردو سەوز بژیت هەر ئاوا دەبێت، چونکە هەر زۆنێک کار بکات بەدلی لایەنەکەی تر نییەم ئاساییە و لەهەموو بارودۆخێک گردبوونەوە خۆپیشاندان دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستاندا لە دوای ڕاپەڕینەوە بەردەوام خۆپیشاندان هەبووە ،بە تایبەتیش لە ئەم ١٠ ساڵەی کۆتاییدا، چونکە دەسەڵاتدارەکان نەیانتوانیوە وەک پێویست مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتی دابین بکەن و وەڵامی داواکارییەکانیان بدەنەوەو ژیانێکی ئاسوودەیان بۆ دابین بکەن، ئەویش بە هۆی ئەوەی گەندەڵی شۆڕ بووەتەوە بەناو زۆربەی جومگەکانی دەسەڵاتدارییدا و پە پەرلەمان و دادگاکانیش ڕۆڵی خۆیان نەبینیوە لە چاودێری و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: سەرەڕای ئەوەی کە بەردەوام لە هەرێمی کوردستاندا خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت و بە بەردەوامیش بانگەشەی بۆ دەکرێت ،بەڵام هەتا ئێستا نەتواندراوە خۆپیشاندان ببێتە هۆکاری فشار و ملکەچبوونی حکوومەت بۆ داواکارییەکان، لەبەر ئەوە لە ئێستادا توێژە جیاوازەکان لە خۆپیشادن داندا کەمترین ئامادەییان هەیە و بەشداری کەم دەکەن.