مینا جەلال؛ دەنگی ژنان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بڵاوکردنەوەی هیوا لە ئەفغانستان
سەرەڕای زیاتر لە ٢٠ ساڵ ململانێ لە ئەفغانستان، هێشتا ژنان هەن کە خەبات بۆ شکۆ و سەربەخۆیی ژنان دەکەن، وەک مینا جەلال، کە بۆ زیندووکردنەوەی هیوا لە دڵی ژنانی هەژار و منداڵانی بێ ماڵ و حاڵدا، بناغەکەی دەستپێکرد.

بەهاران لەهیب
کونار- لە ساڵی ٢٠٠١ەوە ئەفغانستان شایەتی زیادبوونی دەستپێکردنی ڕێکخراوەکانی مافی ژنان بووە، بەڵام زۆرێک لەو تاکانەی سەرکردایەتی ئەو ڕێکخراوانەیان دەکرد، بەڕاستی تایبەت نەبوون بە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان یان بەرەوپێشبردنی ئازادییەکانیان، بەڵکو سەرنجیان لەسەر بەدەستهێنانی پارە و پڕۆژە بوو، ئەم داواکاریانەیان دەکردە تەنها کارێکی قازانج.
شانبەشانی حکومەتەکانی حەمید کارزای و ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی ژنان لە ئەفغانستان بڕە پارەیەکی یەکجار زۆریان بۆ خۆیان دروێنە کردووە، لە ئەنجامدا، ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان، کوشتن، خۆکوشتنی زۆرەملێ، هاوسەرگیری بەزۆر، ئاڵوگۆڕی ژنان وەک کاڵا و کوشتنی شەرەف بەرزبووەتەوە.
بەهۆی بەربڵاوی گەندەڵی لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، و بوونی ئەمریکا و ناتۆ و وڵاتانی دراوسێ، دواجار تاڵیبان لە شەوێکدا دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، سەرەڕای ئەم گەندەڵییە، ژنان ژیانی خۆیان تەرخان کردووە بۆ خەبات لە پێناو ئازادی و دیموکراتیک ژنان، باجێکی قورسیان داوە بۆ ئەوەی بتوانن بە خۆبژێوی بگەن و لە توندوتیژی و تاوانە بەردەوامەکانی دژیان ڕزگاریان بێت.
"پشتیوانیکردن و بەهێزکردنی ئابووری لە ڕووی ئابوورییەوە بنچینەی ئەرکەکەمانە"
هەموو ژنانی چالاکوان پێیان وایە سەربەخۆی ئابووری کلیلی ئازادییە و کاتێک ژنان لە وابەستەی دارایی ڕزگاریان دەبێت، دەسەڵاتیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی مافەکانی خۆیان دووپات بکەنەوە و ئازادی خۆیان بەکاربهێنن.
لە نێو ئەم ژنانەدا مینا جەلال دیارە، کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە سەرۆکایەتی دەزگای دەنگی ژنانە، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، چەندین بەرنامە و دەستپێشخەری جێبەجێ کردووە و بەردەوامە لە وەستانەوە لە پاڵ ژنان لە پارێزگا جیاجیاکان، ڕۆڵێکی دیار دەگێڕێت لە پاڵپشتیکردن و بەهێزکردنیان لە ڕووی ئابوورییەوە و بەشدارییەکی بەرچاوی هەیە لە بەهێزکردنی ئامادەیی ژنان لە کۆمەڵگەدا.
مینا جەلال وتی: ئامانجی دامەزراوەکە پاڵپشتیکردنە بۆ ژنانی هەژار و منداڵانی بێ باوک، چالاکییەکانمان گرنگی بە دورین، پەروەردەی پیشەی، هاوکاری نەختینەیی، و پشتگیریکردنی منداڵانی پێویست دەدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دامەزراوەیە چەندین پڕۆژەی لە پارێزگا جیاوازەکاندا جێبەجێکردووە، دیارترینیان لەم دواییانەدا لە نەنگەرهار، لاغمان، کونار و نورستان بووە، دامەزراوەکە جیاکاری لە نێوان ژنان ناکات لەسەر بنەمای بنەچە یان پەیوەندی، بەڵکو هەوڵدەدات زۆرترین ژنانی پێویست لە بەرنامەکانیدا جێگیر بکات.
ڕوونیشیکردەوە، پڕۆژەکانی دامەزراوەکە گەیشتووەتە زیاتر لە ٧٠٠ ژن، لە ڕێگەی پرۆگرامەکانی شەش مانگ و ساڵێکی تەواوەوە، هەروەها زۆرێک لەو ژنانەی پاڵپشتییان وەرگرتووە توانیویانە لەسەر پێی خۆیان بوەستن و خۆبژێوی ئابووری بەدەستبهێنن، کە دامەزراوەکە بە دەستکەوتێکی ڕاستەقینەی دەزانێت لە ڕێگای بەهێزکردنی ژنان.
بەرەو خۆبژێوی
مینا جەلال، ڕوونیشیکردەوە، کە یەکێک لە ئامانجەکانی دەزگای دەنگی ژنان پێشکەشکردنی پاڵپشتی چاودێری تەندروستییە بۆ منداڵانی پێویست، وتی: زۆرێکیان بەدەست کێشەی تەندروستییەوە دەناڵێنن و توانای داراییان نییە سەردانی پزیشک بکەن، وە ئێمە کامپی تەندروستیمان دامەزراند بۆ چارەسەری ئەو منداڵانە، هەرچەندە ئەم کامپانە تەمەنیان کورت بوو، لە دوو ڕۆژەوە تا هەفتەیەک، بەڵام چەندین جار ڕێکخران بۆ دابینکردنی چارەسەر و هاوکاری.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لایەنێکی دیکەی چالاکییەکانی دامەزراوەکە پەیوەندی بە بەهێزکردنی پیشەیی ژنانەوە هەیە، کە لەوێدا لە کارە دەستییەکانی وەک دورین و چنیندا خولی پەروەردەیان پێدەکرێت، دوای ئەوەی ئەو ژنانە شارەزای پیشەیی بوون، پەیوەندیمان بە کۆمپانیاکانەوە کرد بۆ ئەوەی هەلی کاریان بۆ دابین بکەین بۆ ئەوەی بتوانن پشتگیری منداڵەکانیان بکەن و بژێوییەکی شکۆمەندانە دەستەبەر بکەن.
"پشتیوانیمان بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، مرۆیی و ڕاستەوخۆ بوو"
مینا جەلال ئاماژەی بەوەدا، کە دەزگای دەنگی ژنان هاوکاری مرۆیی ڕاستەوخۆی پێشکەش بەو ژنانە کردووە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کونارەوە زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها کارەساتەکەی ئەوێ بە هەموو پێوەرێک کارەساتبار بووە، وتی: کونار ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی ڕاستەقینە بووەوە، کە هەموو بەرد و خۆڵێکی ئەو ناوچەیە بە خوێنی منداڵان و ژنانی بێهیوا سوور بوو، هەرچەندە زۆرێک لە ڕێکخراوەکان پەلەیان کرد بۆ هاوکاریکردن، بەڵام کارەکانمان جیاواز بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە زۆر حەزمان دەکرد پزیشکی ژن لەگەڵ خۆمان بهێنین، چونکە کولتووری ناوچەکە ڕێگە بە نادات ژنان پزیشکی پیاو ببینن، هەر لەبەر ئەمەش ئێمە یەکەم تیمی تەندروستی بووین کە بە پزیشکی ژنەوە هاتینە ناو ناوچەکە، هەروەها توانیمان چارەسەر بۆ ئەو ژنانە بکەین کە باری تەندروستییان ناجێگیربووە، سێ ڕۆژی لەسەریەک لەوێ ماینەوە، بەردەوام بووین لە پێشکەشکردنی چاودێری تەنانەت تا درەنگانی شەویش، کە ئەمەش بەشدارییەکی بچووک بوو بەڵام گرنگ بوو بۆ ژنانی کونار.
"ژنانی کونار تووشی زەبر و زەنگی دەروونی و نەبوونی چاودێری تەندروستی دەبن"
مینا جەلال ڕوونیشیکردەوە، ئەو بوومەلەرزەیەی پارێزگای کوناری گرتەوە، کاریگەری قووڵی دەروونی و تەندروستی لەسەر ژنان بەجێهێشت،وتی: بەهۆی لەدەستدانی ماڵ و خێزانەکانیانەوە زەبرێکی زۆریان پێگەیشتووە، وە زۆربەی ئەو ژنانە تووشی نەخۆشی دەروونی و دابەزینی پەستانی خوێن بوون، بەتایبەتی بەهۆی نۆرمە کۆمەڵایەتییە باوەکانەوە نەیانتوانیوە چارەسەری پزیشکی پیاو وەربگرن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنانی هەرێم بەهەمان شێوە ڕووبەڕووی کەمی ڤیتامینی توند بوونەتەوە، لە نێویاندا، ژنانی دووگیان هەبوون کە کۆرپەلەیان لەدەستداوە، ئەوان ئازارە قووڵەکانیان دەربڕی و وتیان هەرگیز ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەو ماڵانەی کە ئازیزانیان لێی ونبوون، تەنانەت دوای چەندین ساڵیش.
"منداڵانی کونار ڕووبەڕووی نەخۆشی سەخت بوونەتەوە"
مینا جەلال ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بوومەلەرزەیەی پارێزگای کوناری گرتەوە لێکەوتەی تەندروستی ڕاستەقینەی بۆ منداڵان هەبووە، زۆربەیان بەهۆی کەمی خۆراک و خراپی بارودۆخی ژیانەوە بەدەست سکچوون و تا و لەرزەوە دەناڵێنن، وتی: لە ناوچەی وادی مەزار لە ناوچەی نورگان، بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ هیچ هاوکارییەکی خۆراکی نەگەیشتە دەستی منداڵان، سەرەڕای هەوڵی چەندین ڕێکخراو، چونکە ڕێگاکان داخران، هەروەها شوێنی خەوتن نەبوو، ئەمەش بووە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە نێو منداڵاندا.
مینا جەلال لە کۆتایی قسەکانیدا، پەیامێکی پێشکەش کرد، وتی: ئەو ژنانەی فێری خوێندنەوە و نووسین بوون، نابێت هەرگیز مرۆڤایەتی خۆیان لەبیربکەن، گرنگ نییە ژن لە کوێوە هاتووە، یان سەر بە چ نەتەوەیەک بێت، ئایا هەزارە، تاجیک، یان پشتون، گرنگ ئەوەیە کە ژنان هەن وهیوای خۆیان بە ئێمە داوە، دەبێت لە ئاست چاوەڕوانییەکانیاندا بژین، پێویستە بەبێ جیاوازی، و بە هەموو توانامانەوە دەستی یارمەتی درێژ بکەین، هەروەها هاوکاری ئێمە وەک ژنان کوالیتییەکی جیاوازی هەیە، سەردانەکەمان بۆ ناوچە بوومەلەرزەییەکان بە قووڵی کاریگەر بوو، چونکە ژنان لە باوەشیان گرتین و لەگەڵیاندا دەگریان، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەست دەکەن ئێمە بەشێکین لێیان، نابێت ئەو ژنانە لەبیر بکەین کە لە گوندە دوورەکان دەژین، هەروەها دەبێت هەموو پشتگیری و هاوکارییەکیان بۆ دابین بکەین کە لە تواناماندا بێت.