ئێران هاوبەشێکی بێدەنگە لە سەرکوتی پەروەردەیی تاڵیبان

لەگەڵ بەردەوامی قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان لە ئەفغانستان، ئێران لە ڕێگەی ڕاگرتنی بە ئەنقەستی ڤیزەی خوێندکارانەوە بووەتە هاوبەشێکی بێدەنگ لە سەرکوتی پەروەردەیی تاڵیبان.

ڕووناک شەهبازی

 

تاران- لە ئەفغانستان، لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٢١، دۆخی خوێندن بۆ ژنان و کچان لە ڕادەبەدەر مەترسیدار بووە، کچانی سەرووی ١٢ ساڵ چوونە ناو قۆناغی ناوەندیی قەدەغە کران، زانکۆکانیش بە ڕووی ژنان داخران.

 

ئێستا ئەفغانستان تاکە وڵاتە لە جیهاندا کە منداڵانی کچ لە دەرەوەی پۆلی شەشەم خوێندنیان لێ بێبەش دەکرێت، بەڵام خوێندنگە و زانکۆکانی تارانی پایتەختی ئێران، چرای ئومێدێک بوون بۆ زۆرێک لەو ژنانە لە بەرامبەر ئەم نادادپەروەرییەدا، ئەم هیوایە تەنیا لە ئەفغانستان لەدایک نەبووە، بەڵکو بۆ ئەوانەی لە ناوخۆی ئێران لەدایک بوون. بەڵام لەم دواییانەدا خەریکە کاڵ دەبێتەوە.

 

گەلی ئەفغانستان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خوێندن لە ئێراندا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری زۆر بووەتەوە، زۆرێک لەو کەسانەی کە بە منداڵی هاتبوونە ئێران، لە خوێندنگەکانی پەراوێزی شارەکاندا بە بارودۆخێکی سەختدا درێژەیان بە خوێندن دا، بەشێکی دیکەشیان بە هۆی سیاسەتی ناکاریگەری کۆچبەرییەوە لە خوێندن بێبەش بوون، ئەمەش ناچاری کردوون بچنە ناو هێزی کارەوە.

 

بە وتەی فرشیتە محەمەدی، ژنێکی ئەفغانی کە لە تاران دەژی، ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن و نەچوونە زانکۆ لەنێو ئەفغانییەکان زۆر بەرزە، نەبوونی بەڵگەنامەی یاسایی و سەختی باوەڕپێکردنی بڕوانامە بە فەرمی ئێمەی لە خوێندن بێبەش کردووە، هەروەها هەژاری و هاوسەرگیری پێشوەختە لە هۆکارە دیارەکان بووە کە ڕێگری لە وەرگرتنی خوێندنی زۆرێک لە ژنانی کۆچبەر کردووە، هەراسانکردن و هەڵاواردنی بەردەوام لە خوێندنگەکاندا منداڵانی لە ژینگەی خوێندنگەکان دوور خستووەتەوە.

 

زانکۆکان... ژمارە و ئاڵەنگاریەکانی بەردەم خوێندکارانی ئەفغانستان

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە ٤٠ هەزار خوێندکاری ئەفغانی لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن و وەک خوێندکاری نێودەوڵەتیش دەبێت کرێی خوێندنی تەواو بدەن. لە هەندێک زانکۆ، وەک زانکۆی تاران، کرێی وەرزی خوێندکارە ئەفغانیەکان دەتوانێت بگاتە زیاتر لە ٨٠ ملیۆن تمەن، ئەم کرێیە بە دۆلاری ئەمریکی حیسابی بۆ دەکرێت نەک بە تمەن.

 

شەکیبا ئەکبەری، خوێندکاری پێشووی زانستە پزیشکییەکان، وتی: خوێندکارانی ئەفغانی بە سەختی درێژە بە خوێندن دەدەن، بە هاوکارییەکی سنووردار یان پاڵپشتی خێزانیی، دەبێت ئیقامەی خوێندکار بەدەستبهێنن، پرۆسەیەکی بیرۆکراتی قورسە و دەکرێت هەندێکجار چارەسەری زەلیل لەگەڵدا بێت، هەندێک لە زانکۆکان بە فەرمی ڕەتیانکردووەتەوە خوێندکاری ئەفغانی لە هەندێک پسپۆڕیدا وەربگرن، هەروەها زۆرێکیان لە زانکۆکان بێبەش کراون لە خانووبەرە، پەرتووکخانە و ئامرازەکانی تر.

 

قەیرانی ڤیزەی خوێندکار

دوابەدوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی تاران و تەلئەبیب، دۆخی کۆچبەرانی ئەفغانستان بەتایبەتی خوێندکاران بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر بوو، دەسەڵاتدارانی ئێران شەپۆلێکی نوێی دیپۆرتکردنەوەیان دەستپێکرد. لە هەفتەکانی دواتردا سەدان هەزار کەس بە زۆر دیپۆرتکرانەوە بۆ ئەفغانستان، هەرچەندە زۆربەیان مافی نیشتەجێبوونی یاساییان هەبوو یان لە پرۆسەی نوێکردنەوەیدا بوون.

 

خوێندکارانی ئەفغانی لەم قەیرانە ڕزگاریان نەبوو، بەشێکی زۆریان نەیانتوانی ڤیزەی خوێندکاری نوێ بکەنەوە، هەروەها بەهۆی هەڵوەشاندنەوە یان ڕاگرتنی ناو تۆمارکردنیان، نەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ زانکۆکانیان.

 

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە زانکۆی تاران، ڕێنمایی فەرمی بۆ یەکە نێودەوڵەتییەکانی خوێندکاران دەرچووە بۆ ڕاگرتنی پێدانی ڤیزەی خوێندکاران بۆ ئەفغانییەکان، هانا عارفی وتی: لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ، خوێندکارانی جگەلە ئێرانی بەپەلە و بەبێ مۆڵەت وڵاتیان بەجێهێشت، بەڵام بەپێچەوانەی ئەوانی تر، خوێندکارانی ئەفغانی ڕێگەیان پێنەدرا بگەڕێنەوە و ڕەوانەی ئەفغانستان کرانەوە، لەئێستادا پێدانی هەر جۆرە ڤیزەیەک بۆیان ڕاگیراوە.

 

ڕاحیلا. س،خوێندکارێکە کە دەگەڕێتەوە ئەفغانستان ئەمەی پشتڕاست کردەوە ، نامەیەکی زۆرم بۆ زانکۆکە ناردووە، بەڵام هەمیشە وەڵامی دەدەنەوە کە ڤیزە لە ئێستادا ناتوانرێت دەربکرێت.

 

هاوبەشی لە ستەم و هەڵاواردن دژی ژنان

لە کاتێکدا تاڵیبان خوێندنی ژنان لە ناوخۆی ئەفغانستان قەدەغە دەکات، ئێرانیش بە ئەنقەست ڕێگای خوێندنی ژنانی لە دەرەوەی وڵات داخستووە، سرکل فەخاری، چالاکوانی ژن، لەگەڵ زۆر کەسی دیکە، وتی: ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و هاوبەشیکردنە لە چەوساندنەوەی ژنان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا کە پێکهاتە ئەفغانییەکان هەوڵدەدەن بۆ ڕزگارکردنی خوێندنی ژنان لە دەرەوەی وڵات، ئێران بە ئەنقەست پاڵپشتیان ناکات، بەڵکو ڕێگا ئەگەرییەکان دادەخات، درێژەدان بەم سیاسەتە ئێران ناخاتە دۆخێکی بێلایەن یان نەرێنی، بەڵکو وەک هاوبەشێکی کارا لە پرۆژەی چەوساندنەوەی ژنانی ئەفغانستاندا دادەخات.