کۆنگرە ستار داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەنگاوی بەپەلە بۆ سوەیدا بگرنەبەر

کۆنگرەی ستار لە گرژییەکانی شاری سوەیدا هێزەکانی دەسەڵاتی کاتی دیمەشق بە بەرپرسیار دەزانێت و دەڵێت: داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەنگاوی بەپەلە و بگرنەبەر بۆ فشار خستنە سەر لایەنە بەرپرسەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە باکووری شاری سوەیدا، چەکدارانی عەشرەتە بەدەوییەکان گەنجێکی درووزییان لەسەر ڕێگای سوەیدا – دیمەشق دەستگیر كرد، لە بەرانبەر ئەوەش چەکدارە درووزییەکان چەند گەنجێکی عەشرەتە بەدەوییەکانیان دەستگیر كرد، ئەوەش بووە بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزی و هێزەکانی دەسەڵاتی کاتی دیمەشق پشتیوانی لە عەشرەتە بەدەویەکان دەکەن و دژی درووزییەکان دەجەنگن.

 

کۆنگرەی ستار سەبارەت بە هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر شاری سوەیدا و کۆمەڵکوژیی کردنی هاوڵاتییانی مەدەنی و ژنان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: کۆنگرە ستار ئیدانەی ئەو ڕووداوە”خوێناوییە” دەکات و هێزەکانی دەسەڵاتی کاتی دیمەشق بە بەرپرسیار دەزانێت لە ڕێگەدان بە سەرهەڵدانی گرژیی و ئاڵۆزییەكان، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ژنان دەبنە قوربانی.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، داوای لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و شەفاف لە ڕووداوەکانی سوەیدا دەکەن و هەروەها داوا لە هەموو هێزە نەتەوەییەکانی سووریا دەکەن لۆژیکی دیالۆگ لە پێشینە دابنێن و دەنگی عەقڵ و ویژدانی نەتەوەیی بەرز بکەنەوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بێدەنگیی بشکێنن و هەنگاوی بەپەلە و کاریگەر بگرنەبەر بۆ فشار خستنە سەر لایەنە بەرپرسەکان.