کۆمین... سیستمێکە ڕەنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی دیموکراتیکە
کۆمین لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە یەکخستنی کۆمەڵگەدا، ئەرکە سەرەکییەکەی پاراستنی یەکگرتوویی نێوان گەلان و پێکهاتەکانە.

نورشان عەبدی
کۆبانێ ـکۆمین لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا فۆرمێک لە ژیانی کۆمین و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵگەدا دروست دەکات، لە ڕێگەی ئەندامێتی هەموو تاکەکانی ناو کۆمینەکە خۆیان و پێکهاتەکانیان ڕێکدەخەن.
کۆمین ئامانجی دامەزراندنی سیستمێکی تاکگەرایی ئازاد و ژیانی کۆمەڵایەتی دیموکراتیکە، بە پێی ناوەڕۆکی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک، پێکهێنانی کۆمینەکان بە هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگ دادەنرێت لە دەستپێکردنی شۆڕشی ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢، جێبەجێکردنی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکرات و دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری، کە پڕۆژەیەک دژایەتی دەوڵەتی نەتەوەیی و دەسەڵاتی ناوەندییە.
ڕێکخستن لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بچووکترین یەکە کۆمەڵایەتییەکان دەست پێدەکات کە بە "کۆمین" ناسراون، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆمین بە بچووکترین و گرنگترین یەکەی ڕێکخراوەیی لە کۆمەڵگەدا دەزانێت، لەسەر ئەم بنەمایە گەلان و پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ژیانی کۆمەڵایەتی ئازاد و دیموکراتی خۆیان بە پێی سیستەمی کۆمین و هەروەها ئەکادیمیا و ناوەند و ئەنجومەنەکان ڕێکدەخەن، ئەمەش فۆرمێکی ڕێکخستن و بنەمایەکی بنەڕەتی دیموکراتییە، کۆمین وەک ناوەندێکی بڕیاردان و کارگێڕی کاردەکات و لە قۆناغی بڕیاردان بە ئەندامێکی سەربەخۆ دادەنرێت.
کۆمین و گرنگییەکەی
زاراوەی "کۆمین" بە واتای "کۆبوونەوە"، یان کۆبوونەوەی ئەندامانی کۆمەڵگەیەک بە زمانی ئاریاییە، سەرچاوەی وشەکە لە زمانی کوردیدایە، لە کوردی هاوچەرخدا وشەکانی وەک "کۆم" و "کۆمبون" (بە واتای کۆکردنەوە) بەکاردەهێنرێن کە هەموویان ئاماژەن بۆ کۆمینەکان، لە ڕووی مێژووییەوە کۆمین بە قۆناغی یەکەمی ژیانی کۆمەڵایەتی دادەنرێت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٠ هەزار یان ١١ هەزار ساڵ پێش ئێستا.
کۆمین بچووکترین یەکەی کۆمەڵگەیە و ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک کەس کە لە یەک شوێن دەژین و پێکەوە کۆدەبنەوە، ئەم کۆمینە گروپە لە بوارەکانی وەک کولتوور، تەندروستی، کۆمەڵگە و ئابووری و چەندانی دیکەدا ڕێکدەخات و بەڕێوەی دەبات، هەروەها کۆمەڵگەیەک پێکدەهێنێت کە لەسەر بنەمای ژیانی هاوبەش دامەزراوە.
یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی کۆمین ئەوەیە کە پێکهاتەیەکی بەکۆمەڵ پێکدەهێنێت کە هەموو ئەندامەکان بە هەردوو ڕەگەزی مێ و نێر بەشداری لە کاری بەڕێوبەریدا دەکەن، هەر لەبەر ئەم هۆکارە کۆمین بە دژایەتی چەمکەکانی پاوانخوازی، تاکگەرایی، هەڵاواردن و دەوڵەتی نەتەوەیی دادەنرێت، هەروەها گەرەنتی ئازادی و یەکسانی و دیموکراتی دەکات، کە لە ئەنجامدا شێوازی ژیانی بەشدارانە دروست دەبێت.
هێڤا مستەفا، هاوسەرۆکی کۆمینەی شەهید عەبدۆ لە کۆبانێ وتی: لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕش، هاوڵاتیانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە پێی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکرات دەستیان بە خۆڕێکخستن کرد، پێکهێنانی کۆمین و شورا لە گەڕەک و شار و گوندەکان یەکێکە لە هەنگاوە یەکەم و گرنگەکانی شۆڕش.
ڕوونیکردەوە، کۆمین کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵگەیە کە لەسەر بنەمای ڕێکخستن و هۆشیاری فیکری لەناو گەڕەکێک، گوندێک، یان شارێکدا دامەزراوە. کارەکانی لەسەر بنەمای بوونی ئەندامانی کۆمەڵگەیە، بۆیە کۆمین بە یەکەم ناوکی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی دادەنرێت، گرنگترین شت لەبارەی کۆمینەکەوە ئەوەیە کە ڕێگە بە تاکەکان دەدات بەشداری بڕیارەکانی پەیوەست بە شارەکانیان و چارەنووسیان و ژیانی خۆیان بکەن.
سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکان، جەختی لەوە کردەوە کە هاوڵاتیان پێیانوایە کارەکانی کۆمینەکە سنووردارە بە دابینکردنی گاز و کارەبا بۆ دانیشتووان، بەڵام ئەوە تەواو نییە، کۆمینەکە کار بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە دەکات، بەدواداچوون بۆ کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم کۆمەڵگا و ژنان دەکات، هەروەها هانی چارەسەرەکان دەدات لە ڕێگەی ڕێبازێکی ڕێکخراوەیی و کۆمەڵەوە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگە.
گرنگی لیژنەکانی کۆمین
هەر کۆمنێک کۆمەڵێک لیژنە لەخۆدەگرێت "لیژنەی پاراستن، پەروەردە، دادپەروەری، ئابووری، ژنان، ژینگە، و لیژنەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، گەنجان، تەندروستی و ئاشتەوایی، لەنێو ئەوانی تردا"، ئەم لیژنانە ڕاستەوخۆ کاردەکەن بۆ پەرەپێدان و خولی پەروەردەی کۆمەڵگە، بۆیە هەریەکێک لەو لیژنانە وەک بناغەیەک بۆ بونیادنانی سیستەمی ناوخۆی خۆبەڕێوەبەری کاردەکەن.
کۆمین لە ڕێگەی لیژنەکانییەوە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە یەکخستنی کۆمەڵگەدا. ئەرکی سەرەکیی پاراستنی ئەم یەکگرتوویی و تەباییەی نێوان گەلانی ناوچەکەیە، نەک تەنها لە شارەکاندا بەڵکو لە گوند و کەمپەکانیشدا، هەروەها کۆمینە سەربەخۆکان دامەزراون، ئەرکی ڕێکخستنی ژنان و گەنجان و کۆمەڵگە بە گشتییان پێ سپێردراوە.
جەختی لەوە کردەوە کە هەموو پێکهاتەکان چ ژن و چ پیاو، لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا لەناو کۆمینەکاندا جێگەیان هەیە، وتی: گەلانی هەرێم کە پەراوێزخراون و کۆمەڵکوژی کراون، شایەنی ئەوەن دیموکراتی بەپێی سیستەمێکی نوێ پراکتیزە بکەن کە هەمووان بەشێوەیەکی سروشتی مافەکانی خۆیان بەکاربهێنن، کۆمین سەکۆیە بۆ داواکردنی ماف، ئەم فۆرمەی فەرمانڕەواییە مۆدێلێکە بۆ ئەوەی پێکهاتە خۆی بەڕێوەببات، سەربەخۆ لە دەسەڵاتی ناوەندی.