یەپەژە: دەبینە ڕووناکی سبەینێیەکی ئازاد

فەرماندەیی گشتیی یەپەژە جەژنەکانی ڕەمەزان و نەورۆزی پیرۆز کرد و ڕایگەیاند، گەورەترین تایبەتمەندی شۆڕشەکەمان ئەوەیە کە هەموو باوەڕ و کولتوور و ڕەنگەکانی جیهان لە ژێر چەترێکی ئازاد و دیموکراتیکدا کۆدەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" بە بۆنەی جەژنەکانی ڕەمەزان و نەورۆزەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

 

پەیامەکەی یەپەژە بەمشێوەیەیە:

“لەگەڵ هاتنی بەهاری گەلان، جەژنی نەورۆز کە هێمای ژیانەوە و سەرهەڵدانە و جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بەتایبەت لە ڕێبەر ئاپۆ، خانەوادەی شەهیدان و گەلی بەرخۆدێرمان پیرۆز دەکەین.

 

مێژوو شاهیدی ئەوە دەدات کە نەورۆز تەنها ئاهەنگێک نییە بۆ هاتنی بەهار، بەڵکو سەرهەڵدانە بەرامبەر ستەمی زوحاکەکان. وەک چۆن کاوەی ئاسنگەر بە پریشکی ئاگری نەورۆز تاریکایی ئەو سەردەمەی پارچە پارچە کرد و مزگێنی ڕۆژی نوێی بە مرۆڤایەتیی دا، ئەمڕۆ ئێمەش وەک هێزەکانی یەپەژە بێوچان تێدەکۆشین بۆ پاراستنی میراتی بەرخۆدان دژی زوحاکەکانی  سەردەم لە سەدەی بیست و یەکدا. ئەمڕۆ تێکۆشانمان بە جیهانیی بووە؛ ئەم تێکۆشانە دژی سیستەمی پیاوسالاری و مێشکی تاریکی دەسەڵات بووەتە هیوای هەموو ژنانی جیهان. ئەو ئاگرەی لەسەر لوتکەی چیاکان داگیرسابوو، ئەمڕۆ وەک مەشخەڵی “ژن، ژیان، ئازادی” لە دڵی هەموو ژنێکدا گڕ دەگرێت و لە جیهان و گەردوونی ژناندا دەبێت ڕەنگی ئازادیی. پاراستنی ئەم ئیرادەیە وەک پاراستنی شکۆی هەموو مرۆڤایەتی دەبینین.

 

لە هەمان کاتدا جەژنی ڕەمەزان لە هەموو گەلەکەمان پیرۆز دەکەین. جەژنی ڕەمەزان هێمای سەرکەوتنی ئیرادە و پاکی ڕۆح و بەهێزکردنی ئەخلاقی کۆمەڵایەتییە. ئەم ڕۆژە پیرۆزانە گەورەترین دەرفەتن بۆ بەرەوپێشبردنی بەهاکانی وەک دادپەروەری و یەکسانی و هاوبەشی لە کۆمەڵگەدا. گەورەترین تایبەتمەندی شۆڕشەکەمان ئەوەیە کە هەموو باوەڕ و کولتوور و ڕەنگەکانی جیهان لە ژێر چەترێکی ئازاد و دیموکراتیکدا کۆدەبنەوە.

 

ئاگری ئازادیی، کە بە خوێنی شەهیدەکانمان داگیرساوە، لە هەموو شوێنێکی جیهاندا گەش دەکەین. دژی هەموو جۆرە داگیرکاری و تاریکییەک درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین و دەبینە چرای ئایندەی ئازاد و بێ وەستان درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین