پاژک داوا دەکات گەل ڕوو لە مەیدانەکانی ئازادی بکەن
کۆردیناسیۆنی پاژک بەبۆنەی ٢١ی ئادار جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، لەم کاتەدا ڕووداوی گرنگ بۆ چارەنووسی گەلی کورد ڕوودەدات، بانگەواز دەکەین بۆ بەشداربوون لە نەورۆز و ڕوو لە مەیدانەکانی ئازادی بکەن.
ناوەندی هەواڵ
کۆردیناسیۆنی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان "پاژک"، بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکەی پاژک بەم شێوەیەیە:
جەژنی نەورۆز لە دژی زوڵم بەرخۆدان، لە دژی تاریکی ڕووناکی، لە دژی هەژموون مزگێنی بەهار بە گەل و ژنان دەدات، بە تایبەتی لەگەلی کوردستان و هەموو گەلانی میزۆپۆتامیا پیرۆز دەکەین، نەورۆز تێکۆشانی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی ژنان، تەنها جەژنێک نییە، بەڵکو بووە بە سیمبولی ژیانەوە، بەرخۆدان، لە دایکبوونەوە و ناوی ژیانی ئازادە، لە کەسێتی هاوڕێ زەکیە ئاڵکان، ڕەهشان دەمیرەڵ، مەزڵوم دۆغان، سەما یوجە، ڕۆناهی و بێریڤان، کە لە ڕێگەی درووستکردنی ژیانێکی ئازاددا گیانی خۆیان کردە ئاگری نەورۆز، هەموو شەهیدانی نەورۆزمان بە ڕێز و پێزانینەوە یاد دەکەینەوە.
ئەمساڵ لە کاتێکدا پێشوازی لە نەورۆز دەکەین کە ڕووداوگەلێکی وەها ڕوودەدەن کە چارەنووسی کوردستان دیاری دەکەن، گەلی کورد جارێکی تر لە دژی هێزە باڵادەستەکان کە ستاتۆیان پشتگوێ دەخەن ڕاپەڕیوە، یەکێتی خۆیان بنیات ناوە و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان سەرفەربوونە، بەرخۆدانی ژنانی کورد کاریگەری لەسەر چالاکییەکانی جیهانی هەبووە و لە بەرانبەر سیستەمی پاوەنخواز و داگیرکار بەرخۆدانی بەهێزتر کردووە.
ڕێبەر ئاپۆ کە بیناسازی شۆڕشەکەمانە گەلی کوردی لە لە دەوری ئەو بەها هاوبەشانە یەکخست و لەگەڵ شۆڕشی ژنان ڕزگاری دیموکراتیکی بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕی بۆ سیستەمێک، بەرپرسیارێتی ئەم پێشهاتە دووبارەبووانەی لە ئەستۆ گرت؛ گەلی کوردی لە چنگی قڕکردن ڕزگار کرد و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردی بە هێزێکی دیار، بە بانگەوازەکەی بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک مزگێنییەکی نوێی بە گەلی کورد بەخشی، بەم بانگەوازە بۆ ئەوەی هەموو گەلان بە ئازادی و بە دەرفەتی یەکسان و دیموکراتیک پێکەوە بژین، مانیفێستۆکەی پەرەپێدا، بەم بۆنەیەوە جەژنی نەورۆزی ڕێبەرێتیمان کە هەمیشە بەهارمان بۆ دەهێنێت پیرۆز دەکەین.
بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ـی شوباتدا پێ دەنێتە نێو ساڵی دووەمەوە، دوای نەورۆز بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەوڵەتی تورکیا یاساکانی ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک دەخرێتە کارنامەی ئەنجوومەنی باڵای نەتەوەیی تورکیا "TBMM" هەروەها مافی هیوا و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگا پرسە دەستوورییەکانیش لە بەرنامەی کاردایە، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بەرەوپێش بچێت، دەبێت ئەو یاسایانە دەربچن کە ڕێگەبۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ خۆش دەکەن و ستاتۆیدانوستانکاری سەرەکیمان ڕێبەر ئاپۆ ڕوون بکرێتەوە، ئێمەی ژنانیش ئەم نەورۆزە دەکەینە نەورۆزێک کە لە ڕێگەی تێکۆشان و چالاکییەکانمانەوە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکات.
ئەمساڵ لەگەڵ گێژاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەچینە ناو جەژنی نەورۆزەوە، کە نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیمبولی ژیانەوەیە، لەلایەک سیاسەتی هێزەکانی ستاتۆپارێز ئێستا گەلانی هەرێمەکە دەخنکێنێنن؛ لەلایەکی ترەوە ئەو هێزە هەژموونگەرانەی کە نوێنەرایەتی سەرمایەداریی دڕندانە دەکەن، جارێکی دیکە گەلانی ناوچەکە دەخەنە ژێر گەمارۆوە.
لە ئەنجامی ئەم گەمارۆدا، ئەوەی گەلان بەدەستیەوە دەناڵێنن، مردن و کۆچبەربوون و ماڵوێرانی ئابوورییە، ژنان لەم شەڕەدا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە ڕێگاکانی کۆچبەرییدا، لە کەمپەکاندا وەک غەنیمەتی سەرەکی شەڕ دەکرێن، بەم هێرشانە دەیانەوێت هەموو هەرێمەکە بخەنە ژێر ڕێکفی خۆیان، بۆ ئەوەی سیستەمی هەژموونخوازی خۆیان و پارادایمی خۆیان جێبەجێ بکەن هەموو ڕێگەکان تاقی دەکەنەوە، بە تایبەتی لە ئێرانکە دۆخی کورد تاوتوێ دەکرێت، لە بەرانبەر کورد نزیکایەتی پراگماتیست بەردەوامە.
ساڵی پار گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی شکۆدار جەژنی نەورۆزیان پیرۆزکرد، بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ لە هەلومەرجی شەڕدا پێشوازی لە نەورۆز دەکەن، لێ لەسەر بنەمای بونیاتنانی ژیانێکی نوێ کە ڕێبەر ئاپۆ وەک هێڵی سێیەم فۆرمەڵەی کردووە، هەم لە دژی هێزە هەژموونخوازەکان لە بەرخۆدان بەردەوامە و بەم بەرخۆدانە، بە بەدیهێنانی یەکێتیی هەموو گەلان لە ئێران پێشەنگایەتی دەکەن، بۆ بونیاتنانی یەکێتییەکی دیموکراتیکی ئێران لەسەر بنەمای مافی گەلی کورد، تێکۆشانێکی نەبڕاوە بەڕێوەدەچێت.
لە داینامیکی شەڕ و گێژاودا ژن کاریگەرترین باڵی بەرخۆدان و تێکۆشانە، ئەو ژنانەی ٨ـی ئاداریان بە ئامانجی سەدەی بیست و یەک بە سەدەی ژن پیرۆز دەکەن، لە هەموو شوێنێک ڕژاونەتە گۆڕەپانەکان، بوون بە بەردی بناغەی تێکۆشانی هەبوون و ئازادی، بۆ ئەوەی فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی” بەرجەستە بکەن و بۆ ئاستێکی ئازادیخواز هەمیشە لە چالاکیدا بوون.
ژنان وەک دامەزرێنەرانی سۆسیالیزمی دیموکراتیک، وەک بنیاتنەری ژیانێکی ئازاد و یەکسان لە دژی هەژموونی پیاوسالاری لەسەر سەکۆی مێژوو جێگەی خۆیان گرتووە، شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا و ڕاپەڕینەکانی ژن، ژیان، ئازادیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆڵی سەرەکییان لە بەجیهانیکردنی تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورددا هەبوو، هەموو ژنان لە سەرانسەری جیهان لە دەوری بەهاکانی ئازادی کرد بە یەک.
ئەو هەڵوێستەی لە ٨ـی ئادار ڕابەری کرا ئاستی تێکۆشانی ژنانی پیشانی هەمووان داوە، ئێمە لە پڕۆسەیەکداین کە ژنانی کورد جارێکی دیکە ڕۆڵی خۆیان وەک پردی ئازادی دەگێڕنەوە کە لە ٨ـیئادارەوە تا نەورۆز درێژدەبێتەوە، لەو باوەڕداین بە ڕۆحی بەرخۆدان، هێزی هاوپشتی و هاوپەیمانی، ئەو هەڵوێستە سیاسی و ڕێکخستنییەی کە ژنان هێنایانە ئاراوە، ئەم نەورۆزە دەکاتە نەورۆزی ئازادی، بە بۆنەی نەورۆزەوە جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە کە ئاشتی و ژیانێکی دیموکراتیک لە دژی شەڕ و سەرمایەداریی دڕندانە بنیات دەنێین.
وەک ژنان بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە کە ببینە دامەزرێنەر و جێبەجێکاری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، تیۆری بنەڕەتی ڕێبەرێتیمان کە لە سەرەتای سۆسیالیزمدا ژیانێکی ئازادی بە مرۆڤایەتی بەخشیوە، ژنان جارێکی دیکە لە نەورۆزدا پێشەنگایەتی هەموو چالاکییەکان دەکەن و دەڵێن “ئێستا کاتی ژنە.
لەسەر ئەم بنەمایە جارێکی تر جەژنی نەورۆزی هەموو گەلان و بەتایبەتی گەل و ژنانی کوردستان پیرۆز دەکەین، بانگەواز دەکەین لە هەموو ژنان بە درووشمی “یەکێتیی دیموکراتیکی کورد و ئازادیی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ” بڕژێنەگۆڕەپانەکانی نەورۆز.